بەکر شوانی
هەنگاوێکی دروست لە تورکیا کە خاڵێکی گرنگ بوو لە داواکارییە سەرەکییەکانی لایەنی کوردی
سوێندی ڕەگەزپەرستانەی ئاندمز هەڵگیرا
بەهیوای ئەوەی زمانی کوردیش بخرێتە بەرنامەی پەروەردە و خوێندنەوە
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا ساڵی 2013 بە گشتاندنی ڕێنمایییەک سوێندی ڕەگەزپەرستانی ئاندمز - سوێندی ئێمەی لە قوتابخانەکانی سەرانسەری وڵاتدا هەڵوەشاندەوە. بەدوای ئەوەدا سەندیکای کەرتی پەروەردە ئەیتم-سێن لە دادگای باڵا سکاڵای لە دژی وەزارەتی پەروەردە تۆمار کرد. دەستەی دادگای باڵایش ساڵی 2018 بە کۆی دەنگ ڕێنمایییەکەی وەزارەتی پەروەردەی پووچەڵ کردەوە. بەڵام وەزارەتی پەروەردەی داوای تێهەڵچوونەوەی بۆ بڕیاری دادگای باڵا تۆمار کرد و لە ئەنجامدا دادگای باڵای کارگێڕی ڕۆژی 12ی 3ی 2021 داواکەی وەزارەتی پەروەردەی پەسەند کرد و بڕیارەکەی دادگای باڵای هەڵوەشاندەوە. بەمجۆرە سروودی ڕەگەزپەرستانەی ئاندمز لە قوتابخانەکانی تورکیادا نەما.
سوێندی ئاندمز ساڵی 1933 لەلایەن ڕەشید غالیبی وەزیری پەروەردەی ئەو سەردەمەوە دانراوە و ماوەی 90 ساڵ بوو هەموو ڕۆژێکی دەوام بەتۆپزی بە منداڵان دەگوترایەوە. وەک لە هەواڵ و لێکدانەوەی میدیاکانی تورکیادا هاتووە، ئەو سوێندە بەهۆی ئەوەی چەند دەستەواژەیەکی ڕەگەزپەرستانە لە خۆدەگرێت، بەردەوام مایەی ناڕەزایی کورد و هەندێک توێژی تری خەڵکی تورکیا بووە و سەدان کەس بەو بۆنەیەوە سزا دراون. تەنانەت سەرۆک وەزیرانی کۆچکردوو نەجمەدین ئەربەکان بەهۆی لێدوانێکی لەسەر ئاندمز سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو و هەر ئەوەیش سەرەتای دوورخستنەوەی بوو لە گۆڕەپانی سیاسەت. لێدوانە بەناوبانگەکەی ئەو سەردەمەی ئەربەکان بەم جۆرەیە: چەندین سەدە بوو منداڵانی ئەم وڵاتە بە بیسمیلا دەستیان بە خوێندنی قوتابخانە دەکرد. ئێوە هاتن بیسمیلاتان لابرد و چیتان خستە شوێنی: تورکم، ڕاستم، زیرەکم. کە تۆ ئەمەت کرد، ئەوانیش لەولاوە چونکە منداڵی موسڵمانن، مافی گوتنی (منیش کوردم، ڕاستترم، زیرەکترم)یان بەدەست هێنا. ئێوە بەو جۆرە مرۆگەلی ئەم وڵاتەتان بەیەکدی نامۆ کرد.
لە ساڵانی 1972 و 1997دا دوو جار بە یاسا گۆڕانکاری لە ئاندمزدا کرابوو، بەڵام هەردوو بڕگەی سەرەتا و کۆتایی کە بەشێوەیەکی تایبەت کورد حەزی پێ ناکەن، وەک خۆیان مابوونەوە.
ڕەشید غالیبی نووسەری ئاندمز خەڵکی دوورگەی ڕۆدۆس (ئێستا دوورگەیەکی یۆنانە) بووە و ئەندامی ڕێکخراوی ئیتحاد و تەرەقی بووە. غالیب مافناس بووە و ئەندامی دەستەی دادوەرانی ئەو دادگایە بووە کە ساڵی 1925 بڕیاری لە سێدارەدانی پێشەوای کورد شێخ سەعیدی پیرانی دەرکردووە.
دەقی ئاندمز کە ئیدی وەک کەرەستەیەکی قێزەوەنی ڕەگەزپەرستی فڕێ دەدرێتە زبڵدانی مێژووەوە، بەمجۆرەیە:
تورکم، ڕاستم، زیرەکم، پەیڕەوم؛ پاراستنی لە خۆم بچووکتر، ڕێزگرتن لە کەسانی لە خۆم گەورەتر و خۆشویستنی خاک و میللەتمە لە خۆم زیاتر. ئیدیام بەرزبوونەوە و بەرەو پێشەوەچوونە. ئەی ئەتاتورکی مەزن! سوێند دەخۆم بێ ڕاوەستان بەڕێی تۆدا بڕۆم بۆ ئەو ئامانجەی کە پێشانت داوە. هەبوونم دیاری بێت بۆ هەبوونی تورک. چەند بەختەوەرە ئەو کەسەی کە دەڵێت تورکم![1]