نیوەڕۆیەک زەنگی تەلەفۆنەکەم لێیدا، هەواڵی ئەوەیان پێڕاگەیاندم کە مامۆستا #شوکور مستەفا# لە نەخۆشخانەیە و داوات دەکات، بە پەلەپڕووزێ خۆم گەیاندە لای، لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری بوو، بەشی بووژانەوەی دڵ.. دیار بوو هەستی بەوە دەکرد ئەوێ دوایەمین مەنزڵگای دەبێ لەسەر زەوی، دوای ئەحواڵ پرسین، گوتی، بۆیە بەدوای تۆم ناردووە تا لە بری من کارێک بکەی، گوتم فەرموو مامۆستا، گوتی نووسەرێکی ڕۆژهەڵاتی بە ناوی سەڵاح کاکەمەمی کە ئێستا دانیشتووی وڵاتی سوێدە، کتێبێکی فێربوونی ئەلفوبێی کوردی بە چوار بەرگ بۆ منداڵانی کورد نووسیوە، بەڵێنی ئەوەم پێدابوو کە سەرپەرشتی چاپی کتێبەکەی بۆ بکەم، لێ پێدەچێ مەرگ زووتر بێ، دەتوانی ئەو کارەم بۆ بکەی؟
گوتم: بەڵێ دەیکەم.
کاغەز و قەڵەمێکی لە دەست بوو، گوتی ڕاوەستە با نامەیەکت بۆ بنووسم، نامەکە بگەیەنە دەست کاک کەماڵ کەریمی لە حزبی دیموکرات، نامەکەشی ئاوا دەستپێکرد (لە ژووری بەرەو ئەو دنیاوە....).. لەم کاتەشدا دوو دوکتۆر لەوێ بوون سەیری پشکنینەکانیان دەکرد، یەکیان بە زمانی ئینگلیزی گوتی: (تەواو، کۆتایی هاتووە و چارەی نییە)، لەم کاتە، مامۆستا شوکور بۆ ساتێک وەستا و بە لا چاوێک سەیرێکی کردن، توند دەستمی گرت و گوتی: دوا تکام لێت ئەوەیە لەو نووسینەی لە گۆڤاری ڕامان لەلاتە =KTML_Bold=ئاگات لێبێ (واو)ەکان لەگەڵ وشەی پێش و پاشی لەیەک جیا بکەوە=KTML_End=... یەکێک لە دوکتۆرەکان گوتی مامە قسە مەکە باش نییە، هاوسەری مامۆستا شوکوریش وتی ئێ مەلا وا دوکتۆر یێژێ قسە مەکە خراوە، مامۆستا کە باش لە ئاخافتنی دوکتۆرەکان تێگەیی بوو، گوتی: ژنێ ئەوا دوکتۆرەکان یێژن دەمری، وەرە سینگ و مەمکت بێنە سەرم لەسەری دانێم، با لەسەر ئەم سەرینە ساردوسڕە نەمرم.
سەرکەوت وەلی[1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 1,324 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!