نووسەر: د.عوسمان موحەمەد غەریب
یەکێک لە خاڵە جوانەکانی مرۆڤ ئەوەیە هەمیشە خولیای بەدەستهێنانی حەقیقەت بێت، بۆ بەدەست هێنانی کەمێک حەقیقەت ئۆقرەی لێ ببڕێت، چێژی بەدەستهێنانی مەعریفەش لەوەدایە کە بە ئاسانی وەچنگ نەیەت.، بیرکردنەوە و خوێندنەوە و ڕامانی بوێت.
حەقیقەتیش پێویستی بە توێژینەوەیەکی زۆر هەیە، کتێبی (وڕێنەی ئیلحاد... لە هیچەوە بۆ هیچ) توێژینەوەیەکە بۆ گەیشتن بە حەقیقەت، لەم کتێبەدا نووسەر (د. عوسمان هەڵەبجەیی) دەست دەخاتە ملی خوێنەر و پێکەوە پیاسەی کوچە و کۆڵان و شەقامەکانی ئیلحاد و پرسە وجوودییەکان و، زانست و لۆژیک و چەمکی پەیوەندیدار بە ئیلحاد و مەبەستگەرایی لە بووندا، لەگەڵ چەندین پرسی گرنگی تر دەکەن.
پێکەوە بەڵگەکانی بوونی خودا تەیی دەکەن و، بەدەم ڕێوە دەمەتەقێی چەند بابەتێکی تری وەک (بنەما نەگۆڕەکانی گەردوون و، سێ خولەکی یەکەمی تەقینەوە گەورەکە و فراوانی گەردوون) دەکەن.
گوزەرێک دەکەن بە زانستەکانی (ئیلاهییات و فەلسەفە و فیزیا و ئەسترۆنۆمیی و کۆسمۆلۆجیی و سرووشت و ئەخلاقناسی و پەیوەندیان بە باوەڕ و ئیلحادەوە)
لەکۆتایی دا مشتومڕێکی چڕ و پڕ لەسەر ئەخلاق دەکەن لەنێوان ئیلحاد و مولحیددا و پەیوەندی ئیلحاد بەتیۆری پووچگەراییەوە تاوتوێ دەکەن.
نووسەری ئەم کتێبەی بەمەبەستی ئەوە نوسیووە کە ببێتە هۆکاری لادانی پەردە و تارمایی سەر چاو و دڵی ئەو کەسانەی تا ئێستا نەیانویستووە بگەنە حەقیقەتی خودا، یان ویستوویانە و پێینەگەیەشتوون.
بۆ پتەوکردنی بڕوای باوەڕداران و وەڵامدانەوەی گومانی مولحیدان و هەڵوەشاندنەوەی دۆزی ئیلحادە.