بەختیار عەلی
نەرسیسی کوژراو
نوسین لەناو ئەم گرفتەدا دۆخێکی تراژیدی و ناکۆکی هەیە. لەسەردەمانی پێشوودا نوسین وەزیفەی توێژێکی دینی تایبەت بوو وە تەنها ئەرکی سەرشانی دەستەیەکی تایبەت بوو لە پیاوانی ڕوحانی. لەم دۆخەدا دژایەتییەکی لە نێوان ئەرکە فەرهەنگییەکان و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو دەستەیەدا نەبوو. بەڵام ئەمڕۆ کە نوسینی دەستەیی هەرەسی هێناو و بە دواهەمین دەرەنجامی خۆی گەیشت. ئێستا نوسین لەوەکەوتووە ئامرازی تاقمێکی تایبەتی بێت و وەزیفەی دەستەیەک ڕۆحانی بێت. بەڵام لەم ئاستەشدا دەرەنجامەکان لەلای ئێمە و لە خۆرئاوا وەکو یەک ناکەونەوە. نوسەری ڕۆژئاوایی کاتێک لەوەدەکەوێت نوسەری ناو دەستەیەکی دیاریکراو بێت... وە کاتێک جیهانبینی نوسینی لەوە دووردەکەوێتەوە کە تەنها هەڵگری جیهانبینی تاقمێک بێت، ڕاستەوخۆ بەرەو ئەوە دەڕوات کە نوسین گوزارشت لەو شوێنە بکات کە ئیدی نوسەر وەکو فەردێک لە دونیادا داگیریدەکات. وە پڕۆسەی نوسین دەبێتە تەعبیری سەربەخۆ و ئازادانەی ئەو لە بەرامبەری جیهاندا. بەڵام ئەو دۆخەی نوسەری خۆرئاوایی پێیدا دەڕوات ناتوانرێت بۆ هەمان پڕۆسە کە لە واقعی ئێمەدا ڕوودەدات، ڕاست بێت. لێرە دەرچوونی نوسەر لە دەسەڵاتی تاقمە تایبەتەکان دەنگی خێڵ، دەنگی ئەرستۆکراتیییەتی فیوداڵی، دەنگی توێژی ڕۆحانی و مەلاکان بەرەو ئەوەی نابات تەعبیر لە شوێنی تایبەتی خۆی بکات لە دونیا، بەڵکو بەرەو ئەوەی دەبات کە نوسەر لە زمانحاڵ و قسەکەری تاقمێکەوە بەرەو ئەوە هەنگاو بنێت تەعبیر لە تەواوی میللەت بکات، ببێتە قسەکەر بەناوی هۆشیاریی گشتییەوە. واتە نوسەر لە دەنگی دەستەیەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەوەی ببێت بە نوێنەری هەموو خەڵک. سەفەر لە مەحوییەوه بۆ شێرکۆ، سەفەر لە شاعیرێکی نوخبەوییەوە، کە نوێنەریی هۆشیارییەکی دینی تایبەتە، بەرەو شاعیرێک کە دەیەوێت دەنگ و هەناسە و هەستی هەموو نەتەوە لە خۆیدا کۆبکاتەوە.