ناوی کتێب: لەبارەی مێژوو و کولتووری کوردییەوە
نووسینی: د. زرار سدیق تۆفیق
بابەت: مێژوو
بەرهەمێکی ناوازە و پڕ لە زانیاری لەبارەی مێژوو و کلتووری کورد و ناوچە جیاواز و کەس و کەسایەتییە دیارەکانی کورد.
وەکۆ چوون نووسەر لە بەشێکی تایبەتی لەم کتێبەدا باس لە جوگرافیا و داب و نەریت و کولتووری سەید سادق دەکات و ئەڵێ:
سەیید صادق (سەدەی7ک/13ز)
سەیید صادق وەک ئاشکرایە تا ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو، گوندێک بوو سەر بە خورماڵ، پاشان بەرەبەرە گەورە و فراوانبوو و ئێستاش باژێڕێکی ناوداری کوردستانە و ناوەندی قەزای شارەزورە و دەکەوێتە سەر ڕێگای هاتوچۆی نێوان سلێمانی و هەڵەبجە.گومانی تێدا نییە کە گوندی سەیید صادق لە دەمی ئاوەدانکردنەوەیدا، بە ناوی ئەو پیاوچاکە پایەبڵندە ناو نراوە کە لە بان لوتکەیەکی سەختی ئەو زورگە نێژراوە و حاڵی حازر دەکەوێتە ناوەندی شاری سەیید صادقەوە و بە هەرچوار لادا دەڕوانێت بەسەر شاردا و گۆڕەکەی دیواربەند کراوەو لەمێژەوە و تا ئێستاش بۆتە مەزارێکی پیرۆزی دیار و ناسراوی ناوچەکە و خەڵکی گوندەکانی دەشتی شارەزور بۆ نزا و پاڕانەوە و نەزەرگرتنەوە بەردەوام زیارەتیان دەکرد و یەکێکی وەک ڕەنجووریی شاعیر هاواری بۆ دەبات:
بە سەیید صادق جا نە شەهرەزوور
بە پیر میکائیل نە عالم مەشهوور
میرزا عەبدولقادری پاوەییش دەڵێت:
وە سەیید صادق پیر شارەزور
وە بارگەی بۆڵەند ئاغەی پیرە سوور
سەیید صادق هەرچەند گوندێکی بچووکی تەواو ئاسایی بوو، بەڵام بە پاساوی پیرۆزییەکەی لە کۆنەوە ناسراوبوو و یەکێک بوو لە ئاوەدانییەکانی شارەزور و ئەوەی تا نووکە زانراوە، کۆنترین ناوهێنانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەردەمی عوسمانی، پاشتر خەڵکانی ناوچەکە لە چواردەوری نیشتەجێ بوون تا بووە گوندێکی ناسراو و لە ڕووداوەکانی ساڵی1160ک/1773ز ناوی هاتووە.
لە دەشتی زەهاب-زەهاویش، گۆڕێکی پیرۆز هەیە کە هەر بە گۆڕی سەیید صادق دەزاندرێت و ناو دەبرێت، ئەو کانییەی لە تەنیشت گۆڕەکەشەوە هەڵدەقووڵێت هەر بە کانیی سەیید صادق دەناسرێت.
ئەم پیاوچاکەی وا گوندی سەیید صادقی بەناوەوە ناو نراوە، ژیاننامەی نادیارە و جگە لە ناوەکەی تا هەنوکە زانیاریەکی دروست و بەمتمانەی ئەوتۆی لەسەر نییە و ئەوەندەی من ئاگادار بم، کار بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی نەکراوە و تەنها وا ناسێنراوە کە کوڕی سەیید عیسای بەرزنجیی باپیرە گەورەی بەرزنجییەکان بووە، یان کوڕی سەیید موسای برای بووە، بەڵام ئەم دوو بۆچوونە باوڕ ناکرێت هێندە لە ڕاستییەوە نزیک بن و سەیید موسای بەرزنجی ساڵی708ک/1308ز لە لای ئاغجەلەر و لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ خێڵێکی مەغولی تیا چووە و وا دەگێڕنەوە کە سەیید عیسای برایی ژنەکی خواستۆتەوە و ئەویش ساڵی754ک/1353ز مردووە.لەمیانەی سۆراخ و گەڕانم لە سەرچاوە کۆنەکاندا، زانیاریی گرنگ و دەگمەنم دەستکەوت سەبارەت بە سەیید صادق و ژمارەیەک کەسایەتیی ئایینی لە وێنەی پیر مەنصور و پیر میکائیلی جاف و بابا گوڕگوڕ... هتد، کە لەم کتێبە باس کراون، ئەمانە کەسانی پایەداری ڕۆژگاری خۆیان و خۆشەویستی نێو کۆمەڵگا و جێگای حورمەت و متمانەی خەڵکی بوون، بۆیە ناو و شوێنەواریان بە نەمری ماوەتەوە، کەچی خۆیان گومناو و بزرن، مێژوونووس (ابن الفوطي) هاودەمی سەیید صادق بووە و بینوویەتی و دوواندویەتی و زانیاریی گرنگ و پڕ بایەخی لەسەر بەدەستەوە داوە.
سەید صادق ناوی (أبوالحسن محي الدین) عەلیی کوڕی عیسای کوڕی محەمەدە، واتا خۆی ناوی عەلی بووە و(محي الدین) ناسناوی و(أبوالحسن) کونیەی بووە و هەر لەبەر ڕاستگۆیی و دەستپاکی بە (الصادق) ناسرابوو.باوانی سەیید صادق پشتاوپشت کەسانی خاکەڕا و زاهید و پیاوچاک بوون و نەوەی شێخ ئەبوبەکری هاواری یە(سەدەی 5ک/11ز) کە لە هۆزی هەواری- هاواری و لە ڕێبەرانی بزاڤی سوفیگەری بوو لە کوردستان و عێراق و سەرچاوەکان باسی ژیان و سەرگوزشتەیان کردووە و بە (الهواري) و (ابن هوارا) ناویان بردووە()، هاواریش هوزێکی دێرینی کوردە، وەلێ تەنها لەمیانەی ناساندنی شێخەکەیاندا ناوی هاتووە و تا ئێستاش بە هەمان ناوەوە ماوە و دانیشتووی گوندی هاوارن لە هەورامان. وا دیارە سەیید صادق ماوەیەک لە مەککە نیشتەجێ بووە، بۆیە لە لایەن خۆیەوە یان لە لایەن دەستوپێوەند و لایەنگرانییەوە بە وێنەی زۆربەی هەرە زۆری شێخ و پیاوچاکانی کورد، بە سەييد و عەلیزادە دانراوە، کەچی شێخ ئەبوبەکری باپیرە هەرەگەورەی ئیدیعای سەییدبوونی نەدەکرد و وەک سەوداسەرێکی خەڵوەتنشین، دوور لە ئاوەدانی و لە ئەهوارەکانی(البطائح) لە خوارووی بەغدا و دەوروبەری کوت(واسط) گیرسابووە و پاش خۆی کوڕ و نەوەکانی هەر لە (واسط) نیشتەجێ بوون، بۆیە سەیید صادق یش بە (الصادق العلوي الواسطي) ناسراوە. سەیید صادق بانگخوازێکی کارامە و بەتوانا و زمانپاراو و هاوکات مرۆڤێکی دەم و دەستپاک و ڕاستگۆ و ئیماندار بوو، بەردەوام کۆڕی وەعز و ئیرشادی لە مەراغە و شوێنەکانی دی ساز دەدا و چینی تایبەت و خەڵکی عەوام ئامادەی دەبوون و خانان و میران و پیاوماقوڵانی دەوڵەتی مەغۆلیش ڕێزیان لێدەگرت و دەبوونە گوێگری کۆڕ و جڤاتەکانی، وەعز و ئامۆژگاریەکانی سەیید صادق هێندە پەندئامێز و کاریگەر بوون، نەک تەنها ژمارەیەکی زۆری مەغۆل و تورکی وەسەنی و بێ ئیمانی کردە موسڵمان، بەڵکوو شییا قەناعەتیان پێ بهێنێت، تەواو پابەندی بنەماکانی ئیسلام ببن و زەکات دەربهێنن و نوێژ بکەن، هەروەها وەزیر صدر الدین ئەحمەدی خالدی ناسراو بە صەدری جیهانی زنجانی، زۆر ڕێزی لێ دەنا و ئامادە و گوێبیستی جڤات و کۆڕەکانی دەبوو.