نموونەی ئافرەتی ڕەنجکێشی کورد
ئامەی چەقالە
قەزوانی سوێر، چەقالەی سوێر، گوێزی سوێر. بەکۆڵانەکانی #سلێمانی#دا دەگەڕا، گۆچانەکەی بەدەستەوە، لەدارو دیواری دەپاراست. شتە سوێرەکانیشی یەکە یەکە دەکردە تورەکەی جیا جیاوەو هەمووی دەکردنە چارۆکە کەیەوە و ڕاست و چەپ لەشانی قایم دەکرد، ئەگەرمناڵێک دوایی بکەوتایە بۆ بایی پولێک قەزوان بەزەبری گۆچانەکەی دەستی خۆی دەدایە بەر بەڕۆچکەیەک یا ناو دەرگای ماڵێک کۆڵەکەی دادەگرت پیاڵەیەکی لەتورەکە قەزوانەکەی ناو شاڵینەکە وەردەداو پەلی دەکوتا بۆ گیرفان یان کۆشی مناڵەکەو تێی دەکرد. ئینجا بەدەستیشی چەند دەنکێکی تری دەکردە سەری و دەیوت: ئەمەش خاترانەکەی.
جارجار هەندێک مناڵی چوختی دەیانویست دزی لەتورەکەکانی بکەن، گورج هەستی پێدەکرد، ئیتر ئەو منداڵەی لەبەرچاو ڕەش دەبوو، لەدوای ساڵێک تووشی بووایەوە بەدەنگیدا دەیناسییەوە پیاڵەیەک قەزوانی بە ڕوپێیەکیش پێ نەدەفرۆشت.
باجی ئامینە پێش شەڕی گەورەی دووهەم، کەمنیش یەکێکبووم لەوانەی شتمان لێدەکڕی، تەمەنی شەست ساڵ دەبوو، سەری سپی بوو بوو، هەرچەندە جارجار خەنەشی تێدەگرت، دەیوت: بۆ چاوم باشە چاویشی کوێر بوو، بەڵام پووچ نەبوو دەیوت: جارجار گڵ دەکات بەگڵەسەر لەحەمام و بەخەنە ژانەکەی دەشکێ.
لەساڵێکدا شەش مانگی زیاتر بەڕۆژو دەبوو، سەریشی بچووایە نوێژی نەدەچوو، خەڵک لەویان دەپرسی..ئەرێ باجی ئامینە نوێژی نیوەڕۆ بەسەرچووەو نوێژی عەسربووە ؟ ئەویش لەوەڵامدا دەیوت: ئەوەندەی نەماوە، ئەگەر دەستنوێژت نییە بیشۆ تا ئەوسا کاتی نوێژ دێت. ڕاستیشی دەکرد ئەوەندەی نەدەبرد لەمزگەوتەکەی نزیکمانەوە مەلا دەنگی لێ بەرز دەکردەوەو بانگی عەسری دەفەرموو. باجی ئامینە وەک کوێربوو لوتیشی شکابوو، بۆیە لەقسەکردندا(گن) بوو واتا لووتی گیرابوو، خەڵک وایان دەزانی چڵمن و پیس و پۆخڵە، بەڵام لەڕاستیدا وانەبوو، بەڵکو ژنێکی پاکوتەمیز و ڕێکوپێک و نورانی بوو. جگە لەوەی ئافرەتێکی بێ تەماح و چاوی لەماڵی کەسەوە نەبوو. ئەوەی بەڕەنجی شانی خۆی بەو کوتەکوت و سوڕانەوەیە بە کۆڵانەکاندا پەیدای نەکردایە دەستی بۆکەس درێژ نەدەکردو داوای یارمەتی لەکەس نەدەکرد. هەرشتەی لەوەرزی خۆیدا دەفرۆشت جاری واهەبوو گۆیژی دەفرۆشت.: های گۆیژ.. گۆیژی دارەقیتەڵەیە ئەمڕۆ... تامی شەکرەسێوەدا... جاروبارمزرە سێوی خۆمانی دەفرۆشت، هەروەها ترۆزی دێم کە لە عەربەت و دەشتی #شارەزوور#ەوە دەیانهێناو وە فەریکەنۆکیش، ئەم شتانەی هەربەپارە نەدەفرۆشت، بەڵکو بەنان و ساوەر و برنج و نیسک و نۆکیشی..دەدان.
لەکاتی زستاندا ئامەی چەقالە سەغڵەت دەبوو، نەیدەتوانی بەو سەرمایەکە کۆڵانەکانیش هەموویان قوڕو چڵپاو بوون بسوڕێتەوە، هەرگیز بەبیریشیدا نەدەهات سواڵ بکات، یاخود دەست بۆئەم و ئەو پان بکاتەوە، لەبەرئەوە دەچوو لەبەر دەرگای حەمامێکدا، یاخود ماڵێکی باشدا کەقسەنەکەن دادەنیشت و شتی دەفرۆشت ئەوەی باش بوو تەنها باڵبوو کەسی بەملەوە نەبوو، واتا هەرخۆی بوو، خێرەومەندێک لەژێرخانێکی ماڵەکەیدا داڵدەی دابوو، بەو ڕۆژگارە دوعای خێری بۆدەکردو ناوی بەباشی دەبرد، لەخوا دەپاڕایەوە کەوێنەی زیادکات. لەبیرمە هەرچەند لێیان دەپرسی: باجی ئامینە تۆخەڵکی کوێیت و کەسوکارت کێن؟ یاخود لەچیەوە وات لێهاتووە؟ دەیوت: شەجەرە خوێندنەوە پولێک ناهێنێ، نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لەخوانە. ئینجادەی وت: هەرخوا لە دەست و قاچدا زەلیل و کەفتەکارم نەکات تاکو هەناسە لە قەفەسی سنگمدا بێت سەر بۆکەس شۆڕناکەم. هەربەم جۆرە لەکاتی ژیانی خۆیدا مشوری گۆڕ و کفن و سابون و کڵافە دەزووشی خواردبوو، هەموویانی ئامادەکردبوو، بۆئەوەی کەمرد ئەوساش نەبێت بەئەرک بەسەر خەڵکەوەو منەتی کەس هەڵنەگرێت.[1]
دەک هەزار ڕەحمەتت لێبێت
باجی ئامینە بۆ خۆت و غیرەتت.