ژیانی موزیکژەنێکی کورد لە ڕۆمانێکی سعودیدا
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی زریاب
بەگشتی ئێمە وێنەیەکی باشمان بەرانبەر عەرەبستانی سعودییە نییە، هۆکاری زۆریش لەمەدا ڕۆڵیان هەیە، لە پێش هەموویانەوە لەوانەیە ئێمە هێندە زانیارییمان لەبارەی ئەم وڵاتەوە نەبێت بەتایبەتی ئاگاداری ڕەوشی ئەدەبیی و هونەری نین، کە لەم چەند ساڵەی دواییدا گەشەی زۆری بەخۆوە بینیوە، بەتایبەتی لە بواری ئەدەبدا کۆمەڵێک نووسەری زۆر باشییان هەیە، بەرهەمەکانیان بۆ زۆربەی زمانە جیهانییەکان وەرگێڕدراون. لەو نووسەرانە ” مەقبول ئەلعەلەوی” یەکێکە لە نووسەرە ناودارەکانی سعودیە و خاوەنی دنیابینییەکی زۆرجوانە. یەکێک لە ڕۆمانەکانی بە ناونیشانی ” زریاب” کە باسی ژیانی موزیکژەنی ناوداری ئیسلامی “زریاب” دەکات، کە بە ڕەچەڵەک کوردە و لە سەردەمی هارونە ڕەشیدا ژیاوە. ئەم ڕۆمانەش لەلایەن وەرگێڕی هێژا سەباح ئیسماعیل کراوە بە کوردیی و ناوەندی ڕەهەندە چاپی کردووە.
لێرەدا پێمخۆشە کوورتەیەک لەبارەی ئەم ڕۆمانەوە بنووسم و بە خوێنەری کوردی ئاشنا بکەم.
ژیانی موزیکژەنێکی داهێنەر
لە مێژووی هونەری وڵاتانی ئیسلامییدا ” زریاب” یەکێکە لەناوە پرشنگدارەکانی موزیکی خۆرهەڵاتی و ئیسلامی. ئەم پیاوە لە موزیکدا بەتایبەتی ئامێری “عود” داهێنانێکی گەورەی کردووە، ئەم ڕۆمانەش بەوردی باسی ژیانی ئەم موزیکژەنە دەکات. زریاب لە ئەسڵدا ناوی ” عەلی کوڕی نافیعە و نازناویشی ” ئەبوئەلحسەنە” بەڵام کاتێک دەبێتە کۆیلە، ئیسحاق موسڵی موزیکژەنی ناوداری سەردەمی هاورنە ڕەشید دەیکڕێت و ناوی دەنێت ” زریاب” کە لە عەرەبیدا مانای ” باڵندەیەکی ڕەشی جوان” دەگەیەنێت. پاش ئەوەی ئیسحاق موسڵی لە موسڵەوە زریاب دەهێنێت لە کۆشکەکەی لە بەغدا لەگەڵیدا دەژی و فێری موزیکی دەکات.
لە سەرەتادا ئیسحاق موسڵی زۆر دڵی بەم کۆیلە خوێندکارە گەنجەی خۆش دەبێت و گرنگی پێدەدات، فێری موزیکژەنی دەکات. هەر لە منداڵییەوە موزیک دەبێتە خەونی گەورەی زریاب، مێشکی داگیر دەکات، ئەمەش وا دەکات داهێنانێکی گەورە بکات و تەواوی مێژووی موزیک بەگشتیی و ئامێری “عود” بەتایبەتی دەگۆڕێت. زریاب لە بەغدا دەچێتە لای دارتاشێک داوای لێدەکات عودێکی تایبەتی بۆ درووست بکات بە جۆرێک لە جیاتی چوار “ژێ” پێنچ ژێی هەبێت، ئەمەش گەورەترین شۆڕش دەبێت بەسەر ئامێری عودا دەکرێت.
ئەم گۆڕانکارییە بلیمەتی و توانای زریاب دەردەخات، دەبێتە مایەی سەرنجی دەورووبەر. کاتێک ئیسحاق موسڵی دەیباتە کۆشکی هارونە ڕەشیدەوە، ئەویش زۆر شەیدای ئەم کوڕە گەنجە دەبێت، بەڵام ئەمە دەبێتە سەرەتای نەهامەتییەکانی ئەم کوڕە گەنجە و ئاگری ڕق و کینە لە ناخی ئاغاکەیدا دەچێنێت، هەربۆیە پاش گەڕانەوەیان لە کۆشک بۆ بەیانییەکەی ئیسحاق موسڵی بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە ناخی خۆی هەڵدەرێژێت و پێی دەڵێت: دەبێت لە بەغدا نەمێنیت. ئەم کوڕە دەبێتە ڕکابەرێکی تۆقێنەر بۆ ئیسحاق موسڵی، ئەویش سەرەتا دەیەوێت دژی ئەو بڕیارە بوەستێتەوە، بەڵام دواجار ناچار دەبێت و بەغدا بەجێدەهێڵێت. خۆیی و سەفیەی ژن و منداڵەکانی، بەغدا بەجێدەهێڵێن بەرەو ئەندەلوس دەڕۆن، دواجاریش لەوێندەر جێگیردەبێت. کاروانی سەفەری زریاب بە موسڵ و حەلەب و شام و میسر و پاشان تونس تێدەپەڕێت و پاشان دەگاتە ئیسپانیا، لە هەموو ئەو شوێنانەدا زریاب لەگەڵ پادشا و نەیارانی حیکایەتی خۆی هەیە.
جگە لەوەش ئەم ڕۆمانە گەشتێکی کوورتە بەناو جوگرافیا و مێژووی وڵاتانی ئیسلامی بەتایبەتی لەسەردەمی هارونە ڕەشید و کوڕەکانی، وەسفێکی جوانی شارو گوند و ناوچەکانمان بۆ دەکات و تیشکیش دەخاتە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی لەو سەردەمدا.
موزیک و ئامێری عود
لەم ڕۆمانەدا موزیک بە گشتیی و ئامێری عود بەتایبەتی پانتایی گەورە داگیردەکەن، چونکە لێرەدا باسی ژیانی کەسێکی موزیکژەن دەکات، کە تەواوی ژیانی بۆ موزیک تەرخانکردووە و لەسەرەتای ژیانییەوە تا کۆتاییەکەی عودەکەی دەبێتە هاوڕێیەکی گیانی بەگیانی و لێی جیا نابێتەوە. هەرچەندە لەسەر ئەم ئامێرەش ژیانی تێکدەچێت و لەگەڵ خەڵکی تردا ڕووبەروی ململانێ دەبێتەوە. وەکوو خۆشی دەڵێت: ” ئەو عودە چاوەڕوانکراوە هۆکاری گەورەی بەدبەختییم بوو. ل50″
ڕۆحی ڕق و کینە و ئیرەیی
خاڵێکی گرنگی تری ئەم ڕۆمانە باسی هەستی ئیرەیی و ڕق و کینەی ناخی مرۆڤ دەکات. کاتێک ئەم هەستە بەسەر کەسێکدا زاڵ بێت، ئیتر بەتەواوەتی لە هەموو شتە جوانەکانی ڕادەماڵێت و دەبێتە مرۆڤێکی دڕندە. باشترین نموونەش ئیسحاق موسڵییە، تا هەستی ئیرەیی بەسەریدا زاڵ نەبوو، وەکوو باوکێکی میهرەبان مامەڵەی لەگەڵ زریاب و تەواوی کۆیلەکانی دەکرد، بەڵام کاتێک هەستی ئیرەیی و ڕق و کینە بەسەریدا زاڵ دەبێت، دەبێتە گەورەترین دڕندە و دوژمنی سەرسەختی زریابی داهێنەر. لێرەدا نووسەر باش توانیویەتی ئەو هەستە باس بکات و دیمەن و هەڵسوکەوتە ناشیرینەکانی ئیسحاق موسڵیمان بۆ بگوازێتەوە. بەتایبەتی لە پاش گەڕانەوەیان لە کۆشکی هارونە ڕەشید، ئەمە هەستە دەردەکەوێت:
“لە جڤاتی خۆشی و ڕابواردندا بووین، جڤاتێک دەبوو ڕۆحەکان تێیدا لە شەقەی باڵ بدەن و دووربکەونەوە لە چڵپاوی دەروونە نەخۆش و ناساغەکان و بۆ ئاسمانی خاوێنی ڕوونی بەرز ببنەوە. ل 95
بەڵام ئیسحاق موسڵی ڕق بەسەریدا زاڵ دەبێت بۆ بەیانییەکەی یەکسەر پێی دەڵێت: لە ئەمڕۆ بە داوەوە جێگەت لێرە نابێتەوە.
“لە دوێنێوە من گەورەی تۆ نیم، ڕاست و ڕوون دەبم لەگەڵتدا. ئەی نازانیت ئێرەیی دەردێکە لە کۆنترین دەردەکان و لە هەموویان پتر کار لە ناخ دەکات و قووڵترین زام لەسەر دڵ جێهدەهڵێت، دنیا وایە. ناخۆشییەک بەردڵ و جەستە و ئاوەز دەکەوێت، ململانێش لەهەمان پیشەدا، دووبەرەکی و ڕق درووست دەکات” ل 97و98
ژیانی کۆیلەکان
لە ڕێگەی باسکردنی ژیانی تایبەتی زریابەوە، ئاگاداری ڕەوشی خراپی ژیانی ئەو کەسانە دەبین، کە بە زۆر لەو سەردەمەدا کراون بە کۆیلە و سەودا و مامەڵەیان پێوە کراوە. چۆن هەموو سیفاتی ئینسانی لەو کەسانە سەندراوتەوە.
“ئەوانی دی لەبری من بیریان دەکردەوە و چارەنووسیان دیاری دەکردم، تەنانەت من ناوەکەی خۆم هەڵنەبژاردووە. خۆم کۆیلایەتیم هەڵنەبژاردووە. ئەوان هێڵی ژیانیان بۆ کێشام و لەسەری ڕۆیشتم، پێیان گوتم گۆرانی بڵێ. گوتم. پێیان گوتم. لاڵبە، لاڵ بووم”ل 16.15
شاری بەغدا
هەرچەندە نووسەر سعودییە، بەڵام کاتێک ڕۆمانەکە دەخوێنیتەوە، هەست دەکەیت کەسێک نووسیویەتی خەڵکی بەغدایە، زۆر عاشقی بەغدایە و لە سەردەمی هارونە ڕەشیدا ژیاوە، لە هیچ پەڕتووکێکی تردا، هێندە بەجوانی وەسفی بەغدای کۆن نەکراوە. ئەمەش گوزارشت لە زیرەکیی و توانای نووسەر دەکات، چونکە ئەو کەسە خەڵکی ئێراق نییە و باسی سەردەمێکی شارێکیش دەکات کە ئەو نەیبینیوە. لە زۆر شوێندا وەسفی بەغدا دەکات: “بەغداد پایتەختی جیهانی نوێ بوو، خەریک بوو ڕووناکییەکەی دەگەشایەوە و ئەوانی دیی دادەپۆشی.” ل 56
لەبارەی وشەی بەغداوە نووسەر دەڵێت: بەغداد مانای ” بەخششی پەروەردگار” دەگەیەنێت. ل 73
“بەغداد لەو دەمەی خەلیفە ئەبو جەعفەری مەنسور بناغەی دانا، بووە پەناگەی گشت توێژەکان، لە هەموو لایەکەوە ڕوویان لێکرد، بەغداد پڕبوو لە عەرەبی ڕەوەند، کورد، دەیلەم، فارس، عەبەشێ، تورکمان… تا ئەم ساتەش بەغداد شارێکە ئامادەی هەموو شێمانەیەکی چاک و خراپە.” ل 74
موسڵ
بەپێچەوانەوە لەم ڕۆمانەدا وێنەیەکی جوانی موسڵ نابینین، نووسەر هەوڵیداوە لە پاش بەغدا باسی موسڵیش بکات، کە لەو کاتەوە تا ئێستاش دووەم شاری گەورەی ئێراقە. لەبارەی موسڵەوە دەڵێت:
“موسڵ شارێکی گەورە و دێرین بوو، دەتگوت هەمیشە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاژاوە و خراپەکاری ساز و ئامادەیە، لەراستیدا نزیکتر بوو لە قەڵایەکی سەخت وەک لەشار” ل 16و 17
بەداخەوە لە مێژووی نوێشدا لە موسڵدا کۆمەڵێک ڕووداوی ناخۆش ڕوویدا، دوایینیان داگیرکردنی بوو لەلایەن چەتەکانی داعشەوە. جگە لەم دوو شارەش، نووسەر وەکوو کامێرامانێک باسی کۆمەڵێک شار و شارۆچکەی تری وڵاتانی خۆرهەڵات و خۆراوا دەکات.
سەردەمی خەلافەتی هارونە ڕەشید
خەلیفە هارونە ڕەشید یەکێکە لە فەرمانڕەوا ناودارەکانی مێژوویی ئیسلامی، ساڵانی حوکمی ئەم پیاوە، بە ساڵانی زێڕینی بەغدا و گێتی عەرەبی و ئیسلامی دادەنرێت. نووسەریش زۆر بەجوانی مەلی هزری خوێنەر دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو قۆناغە، دیارە ئەمەش کارێکی سەختە، چونکە ئەمە بابەتێکی مێژوویی گرنگ و هەستیارە، دەبێت نووسەر شارەزایی زۆر باشی لەبارەی مێژووەوە هەبێت. کاتێکیش دێرەکانی دەخوێنیتەوە، وەکوو خوێنەرێک هەست دەکەیت نووسەر زۆر شارەزایی لەبارەی ئەو ساڵانەوە هەیە کە هارونە ڕەشید فەرمانڕەوای بەغدا بووە. بەگشتیش ئێمە وێنەیەکی جوان و باشی ئەم قۆناغە دەبینین، هەرچەندە لە مێژوودا زۆر ڕەخنە لە هارونە ڕەشید دەگیرێت، خەڵکانێک پێیانوایە حاکمێکی زاڵم بووە و زیاتریش خەریکی ڕابواردن و خۆشی ژیان بووە تا فەرمانڕەوایی، بەڵام ئەم خەلیفەیەش وەکوو خەلیفەکانی تر، کۆمەڵێک خاڵی جوان و ناشیرینی هەیە.
نووسەر لە وەسفی ئەم فەرمانڕەوایەدا دەڵێت:
“هارونە ڕەشید شای شایانی جیهان و ڕزگارکەری وڵاتانی دوور و نزیک. سەروەری مەزنان و بەزینەری فارس و ڕۆم.
لە وەسفی کۆشکەکەشیدا دەڵێت:
“لای ڕاستی ڕیزێکی درێژ لە زانا و شاعیر و ئەدیبان درێژبووبوەوە. لای چەپیشی فەرماندە و سەردارانی هەرێمان و لە پشتیشیانەوە سەربازانی مۆن وێستا بوون.”ل84
خۆشەویستی
بابەتێکی گرنگی تری ئەم ڕۆمانە “خۆشەویستییە” کاتێک زریاب”سەفیە”ی کەنیزە دەبینێت، کە ئەویش وەکوو ئەو کراوە بەکۆیلە، عاشقی یەکتردەبن. حکایەتی زریاب و سەفیەش، جێژی زیاتری بەم ڕۆمانە بەخشیوە و هێندەی تر ڕۆمانەکەی ڕازاندۆتەوە.
جگە لەم باسانە، نووسەر لەم ڕۆمانەدا کۆمەڵێک باسی گرنگتر دەکات لەوانە ” هاوڕێیەتی، شەڕەنگێزی ناخی مرۆڤ، شەڕی دەسەڵات، کۆمەڵێک باسی گرنگی تر”.
تەکنیکی نووسین
یەکێک لەخاڵە جوانەکانی ئەم ڕۆمانە تەکنیک و شێوازی نووسینیەتی. نووسەر شارەزاییەکی زۆرباشی لە بواری بەکارهێنانی تەکنیکەکانی ڕۆماندا هەیە، ڕەگەزەکانی”درووستکردنی پاڵەوان، کوتوپڕ و گرێی ئەدەبی و دیالۆگ و درووستکردنی ڕووداوەکان” زۆر بەباشی بەکارهێناوە. لە هەمووشی گرنگتر ئەم ڕۆمانە دەچێتە قاڵبی ڕۆمانی مێژووییەوە، کەم نووسەریش هەیە بتوانێت لەمجۆرە ڕۆمانانەدا سەرکەوتووبێت، دەبێت ئەو کەسانەی ئەمجۆرە ڕۆمانانە دەنووسن، شارەزایی زۆرباشیان لەبارەی ئەو مێژووەوە هەبێت کە باسی لێوە دەکەن، لەمەشدا نووسەری ئەم ڕۆمانە زۆر سەرکەوتوو بووە، کاتێک ڕۆمانەکە دەخوێنیتەوە، هێندە بەجوانی وەسفی ئەو کاتە دەکات، هەست دەکەیت کەسێک نووسیویەتی لەوسەردەمەدا ژیاوە. ئەمەش دووبارە خاڵێکی بەهێزی تری بەم ڕۆمانە بەخشیوە.
دوا قسە
بەدڵنیاییەوە ئەم ڕۆمانە چ لە ڕووی ناوەرۆک و چ لە ڕووی شێوازی نووسینەوە، جوانی و داهێنانێکی گەورەی پێوەدیارە، بەحوکمی ئەوەشی کە باسی کەسایەتییەکی مێژوویی دەکات، خوێنەر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی زوو، کەمێک زانیاری لەبارەی ساڵانی فەرمانڕەوایی هارونە ڕەشید دەستدەکەوێت، جگە لەوەش ئەم ڕۆمانە مرۆڤ دەکاتە سەنتەر و چۆنێتی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەوروبەر دەبێتە مایەی گرنگی پێدانی، لە پێش هەموویانە مەسەلەی”رق و ئێرەیی پێبردن”دەبێتە کرۆکی سەرەکی ڕۆمانەکە و بە شێوەیەکی ئەدەبی جوان، دزێویی و ناشیرینی ئەم هەستەی مرۆڤ باس دەکات.
لە کۆتاییدا جێگەی خۆیەتی دەست خۆشی لە برای هێژامان سەباح ئیسماعیل بکەین، بۆ وەرگێڕانی ئەم دەقە جوانە ئەدەبییە و هیوای لەشساخی و کاری جوانتری بۆ دەخوازین.
سەرچاوە:
مەقبول ئەلعەلەوی. زریاب. وەرگێڕانی: سەباح ئیسماعیل. چاپی یەکەم. ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند. سلێمانی. 2020.