مەیدانی کەران
پێ دەچێت کەر و ڕەشەوڵاغ لەو ئاژەڵە زۆر گوێ ڕایەڵانە بێت بۆ مرۆڤی کورد، باری قورس و گرانی ژیانی زۆر سووک کردبێت و لۆ هەموو مەرامێکیش بەکار هێنرابێت و ئەگەر جار ناجارێکیش لێرە و لەوێ لووشکەیەکی وەشاند بێت ئەوە دیارە بێ ئەسەر نەبووە یان لەسەر نەقیزەیەکی کەرە دێز بووە.
مەیدان زووتر لە هەولێر دەبێت بە کاریگەری دەوڵەتی عوسمانلی مەیدانی جۆراو جۆری تێدابێت وەک ئەسکەلە مەیدان و ئاسکی مەیدان، ئەوەی لای خۆشمان وەک مەیدانی عەمەلان و حەیوان و دار فرۆش و مەیدانی کەران.
لە زووە لە دەستی ڕاستی گومرگی شێخەڵا بوو ڕووە و هەولێر لە شوێن گەراجی کەردز و کەر زۆڕ و مورتکەی کە دواتر ئەو گەراجانە گوستراونەوە بۆ لای بەنزین خانەی ڕێگای کەرکووک لای هاتنە ژوورەوەی داون تاوەری ئێستا.
لە مەیدانی کەران لە بەیانیێکی زووەوە جامبازە هەولێریە تورکمانەکان بە کەرە پف دراوەکانیان دەگەیشتنە ئەو ناوەی هەر هەمووی تەرس و قەرسەقول بوو کەرەکانیان بە سنگ و مێخ زنجیر بە گوریس و کەژی دەبەستایەوە لە چاوەڕێی هاتنی کرمانجەتی دەشتی هەولێرێ بوون چ بۆکەر کڕین یان کەر فرۆشتن و ئاڵوگۆڕکردنیان.
لە بەیانیێکی پاک و بێ گەردی شاری هەولێرێ دەنگی موعامەلە و شافلخێری و سەرفتاحی جامبازەکان دەگەیشتە سەر خوانی هەموو ماڵێکی سەیداوە و سێتاقان و گڵکەندی.
خانی ڕاگرتنی کەر و جاشک و پەڕین و چاک کردنی ماکەر لە نێرەکەری شین و سپی و ئالیک و هێشتنەوەی ئەو کەرانەی نەدەفرۆشان بە کرێ لەو خانانەی سەر قەبرستانی چراغ لە بن لەیلوگان دەمانەوە.
ئاخوڕی کاو جۆ و کۆلی ئاوێی لێ بوو هەر لەوێش کەرەکان ناڵ دەکران ناڵ بەندی زانای لێ بووە سمی کەرەکانی ئازار نەدەدا، کورتان و تێڕی ئاوهێنانیش لە ناو قەیسەری لای کورتان درووەکان بە شووژن و داوەبەن و کەونە بەڕ و جاجم دەدووران دوای ئەوەی پڕ قەسەر دەکران.
کەر بۆ زۆر مەبەستی سەرەکی گوند و شار بەکار دەهێنرا وەک گیشە و جەنجەڕو لۆد و عارەبانەی قەسەر و کا و باراش بردنە ئاشی و لە نێو شارەکانیش لۆ ڕکێشانی عارەبانەی نەفت و عەمباری و فرۆشتن و بەکرێ دانیان بە شارەوانی دواتر بارکردنی بە جەواڵی دووتای گەورەی گرد کردنەوەی زبڵی تەنەکەی ماڵان.[1]