شوێنم کەوە
دەست بگرە بە پرچمەو
من ژنێکی خەڵکی زینانەم
ناوم کاڵێیە
سەرگوزوشتەی دۆزەخ و دۆزەخەوان و
بەیتی حەشر و قیامەت و حیکایەتی دابڕان و
هەڵقرچان و هاتنەوە لەوە و دنیاوە
لە لای منە!
ئەوەی کە ناو پێی ئەزانێ و
ئەوەی کە داری سەرەڕێ و باڵندەکان
پێی ئەزانن، کورتەی خەمە و ئێجگار کەمە
من بۆ خۆم قیژەی ناو چاڵ و
من ڕەنگی شەوی دڕەندە و
من بۆنی جەستەی پاسفندەی
بەردەم سەگە ڕەشی ئەوێ و
ئافاتەکەی سیاساڵ بووم!
من بۆ خۆم چوومە پێخەفی مردنەوە
من خۆڵەمێشی ئەوێ بووم
من لەویەوە هاتوومەوە
لە هەزاران هەزار گوڵ و
لە هەزاران هەزار کانی و
لە هەزاران هەزار قومری و
شەنگە بێری و ئەسپی پیر و
جوانووی شاخ و لە سمۆرە و
لە کەروێشک و لە پەپوولە
هەر سێ چوارێ گەڕانەوە!
تۆ دەست بگرە بە پرچمەوە
شوێنم کەوە، من لەویەوە هاتوومەوە
نە پەلک و نە باویلکە و
نە پەمووی با بردوو بوون!
نە پاشەڕۆی دڕک و داڵ و نە عوجاج و
ئێوەم لە تۆزدا بینیەوە
گۆرانیەکانتان وەکوو کراسی بەرتان
ڕزیوو، هیواکانتان،
لە بەردەم ئێسک و پروسکا ورد و خاش و
هەتاویشتان لە مەملەکەتی ناو شەوی خۆڵدا
ئەیزریکان
شێرکۆ بێکەس