مێرخاسی یەکێتی سۆڤییەت، نووسەر و هەڵبەستوانی کورد، کۆڵۆنێڵ سەمەند عەلی سیابەندۆڤ کێ بوو؟
نووسینی: تەموورێ خەلیل
هەڵگەڕاندنەوەی : هادی عەزیزی
نووسەری خەج و سیابەند، سەمەند عەلی سیامەندۆڤ ساڵی 1909 لە گوندی حەسەن جانۆ، لە ناوچەی قەرس لە بنەماڵەیەکی جووتیاری ئێزدی دا لە دایک بووە.ئەو کات ئەو هەرێمە دەکەوتە فەرمانڕەوایی عرووسەکانەوە و سەمەند لە منداڵیدا، بە چاوی خۆی شەڕی یەکەمی جیهانی دەبینێ و ناوچەی قەڕس دەکەوێتە، ململانێی نێوان ئەرمەن و عوسمانی و عرووس و هەر بۆیە کوردان گەلێک زەرەرمەند دەبن. بنەماڵەی سیابەند و زۆربەی بنەماڵە ئێزدییەکان، بە پەڕینەوە لە ئاوی ڕەش، ڕوو دەکەنە چیاکانی ئەلەگەز و بنەماڵەکەیان، لە گوندی سەنگەر دەمێننەوە. بە شۆڕشی ئۆکتۆبر و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی عرووسەکان، ئەو ناوچەیە لە ژێر دەسەڵاتیاندا نامێنێ. لەشکری حەمیدییەکان بەرەو ئەو ناوچانە دێن و هەتا بن چیاکانی ئەلەگەز دەگرن. ئەوجارەیان کوردانی ئەو ناوچانە تووشی کوشتن و قڕ کردن دێن، چوونکە ئەرمەنەکان ئەوهێزەیان نەبوو کە دەسەڵاتی ئەو ناوچانە بە دەستەوە بگرن. کە دواتر بە گەڕانەوەی عرووسەکان، وڵات بەرەو ئارامی دەڕوا. ماڵباتی سیابەندۆڤ دواتر ڕوو دەکەنە شاری تێبلیس و لەوێ نیشتەجێ دەبن کە سەمەندی بچووک بە ڕۆژ لە ناو بازاڕ کار دەکا و شەوانەش لەقوتابخانەی شەو و ڕۆژانە دەخوێنێت، کە ئەو قوتابخانەیە تایبەت بۆ مناڵانی هەژاری کورد درووست کرابوو.ساڵی 1928 لە سەر فەرمانی حەزرەتی عەرەبی شەمۆ(یەکەم ڕۆماننووسی کورد) دەستەیەک لاوی کورد، بۆ خوێندن بۆ لێنینگڕاد بەڕێ دەکرێن کە لە ناو ئەوانیشدا، سەمەند جێ دەگرێ و دوای تەواو کردنی خوێندن و گەڕانەوەی بۆ ناوچەی خۆیان، لە هەڵبژاردنەکاندا سەر دەکەوێ و وەک پارلمانتار لە سەر لیستی پارتی کۆمۆنیستی ئەرمەنستان، وەک نوێنەری ناوچەی ئەلەگەز هەڵدەبژێردرێ.
حکوومەتی ئەوسای وڵات، بە گشتی لە دەست پارتی کۆمۆنیستدا بوو. ساڵی 1941 بۆ خوێندنی باڵای سیاسی ڕەوانەی مۆسکۆ دەکرێت و لە شانسی سەمەند، هەر هەمان ساڵ ئاڵمان هێرش دەکاتە سەر سۆڤییەت و سەمەند سیابەندۆڤ وەک فەرماندەیەکی سیاسی، لە ڕۆژی یەکەمەوە تا کۆتایی، لە پۆڵەندا و شەڕی مۆسکۆ و شەڕی بلاڕووسدا بەشدار دەبێ. ئەو لەو شەڕانەدا چەندین جار بریندار دەبێ کە دوای چاکبوونەوەی بۆ شەڕ دەگەڕێتەوە.ساڵی 1944 ئەو بە پلەی سەرهەنگ تەواو، یان کۆلۆنێل دەگا و هەمان ساڵیش نیشانەی مێرخاسی یەکێتی سۆڤییەت ی لە لایەن ئۆردووی سوورەوە پێ دەبەخشرێ و وەکوو یەکەمین کەس لە هەموو سۆڤییەتدا، ناو ناوبنگی گوێی هەموو کوردێک ڕادەچەنێ کە دواتر ڕۆژنامەی کوردستانی ئۆرگانی کۆماری کوردستان، لە ژمارە سەرەتاییەکانی بە ڕۆڵەی بلیمەتی میللەتی کورد ناوی دەبەن.
ساڵی 1945 لە گوندی سەنگەر و لە بەر دەرکای ماڵی باوکی شاییەکی بێ وێنەی بۆ ساز دەکەن کە تێیدا، تەنانەت سەرۆکۆماری وڵاتیش بەشدارە و لەوێ نامەی ئۆردووی سوور کە بۆ باوکی سەمەندیان ناردووە، دەخوێندرێەوە کە بەم دێڕانەی خوارە نامەکە کۆتایی دێت.
سپاس بۆ ئێوە سیابەندی عەلی، کە ڕۆڵەی ئاواتان بۆ وڵات پەروەردە کردووە.....
ساڵی 1945 وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئەرمەنستان دەست بە کار دەبێت و دواتریش دیسان لە هەڵبژاردنەکانی ناوچەی کوردانی ئەلەگەز وەکوو پارلمانتار دێتەوە مەیدان.
ساڵی 1950 خوێندنی باڵا تەواو دەکات و لە ساڵی 1952 تا کۆتایی تەمەنی وەک جێگری وەزیر کار دەکا و هەموو توانی خۆی بۆ خزمەت کردنی کوردانی ئەرمەنستان وەگەڕ دەخا.
ساڵی 1960 داستانی سیابەند و خەجێ دەنووسێتەوە کە دوو ساڵ دواتر بە ئەرمەنیش وەردەگێڕدێ.
ساڵی 1966 کتێبی ژیانا بەختەوەر دەنووسێ کە تێدا هەموو بەسەر هاتەکانی ژیانی خۆی نووسیوەتەوە و کە ئەو کتێبەش دواتر ئەرمەنییەکان بۆ زمانی خۆیانی وەردەگێڕن.
سەمەند سیابەندۆڤی کوردان، ساڵی 1989 کۆچی دوایی کرد.[1]