خانەقای مەولانا خالیدی نەقشبەندی
نووسینی : د.ئاراس حەمە صاڵح
خانەقای مەولانا خالید یەکێکە لە مزگەوتە دێرین و گەورەکانی سلێمانی، لە ساڵانی (1816-1817ز) مەحمود پاشای میری بابان بۆ مەولانا خالیدی دروستکردووە، کارێزو کانی تیدا بووە، ناوەندێکی گرنگی زانستی و عیرفانی بووە، میری بابان بۆ پێویستی مزگەوت و پرۆسەی خویندن چەند گوندو کارێزو جۆگەیەکی بۆ وەقف کردووە، کانی مەولاناو گوندی وڵوبە لە نزیک شارو، گوندەکانی کەماڵان و دەوروبەری لە شارەزور، گوندی دارتووی مەولانا لە ناحیەی سەرچنارو گوندی هاڵەی سەرچاوە لە ناحیەی بازیان وەقفی ئەم مزگەوتە بوون.
یەکەم مامۆستا و مودەڕیسی مەولانا خالید بووە، لە دوای ئەو ماوەیەک شێخ عوسمانی سیراجەدینی یەکەمی تەوێڵە لە شوێنی بووە.
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا شێخ عومەری قەرەداغی (ابن القرداغی) مودەڕیسی بووە.
لە ڕۆژگاری مەولانادا نالی و سالم و دەیان زانای تر لەم مزگەوتەدا فەقێ بوون، لە ڕۆژگاری شێخ عومەری قەرەداغیدا هەریەکە لە مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و شێخ محەمەدی خاڵ و مەلا محەمەدی ڕەئیسی گەڵاڵەیی و مەلا عینایەت و دەیان زانای تر لای شێخ عومەر خوێندوویانەو هەندێکیان ئیجازەی زانستیان لێوەرگرتووە.
لە ساڵی 1970 نۆژەنکراوەتەوەو منارەیەکی جوان و ناوازەی بۆ دروستکردووە، لەو کاتەدا مەرحومی مەلا مستەفای بەرزانی (6000) دیناری ئەوکاتەی بۆ دروستکردنی منارەکەی تەرخانکردووە.
نالی شاعیر لەبارەی خانەقای مەولاناوە ئەڵێ:
سەیرێکی خۆش لە چیمەنی ناو (خانەقا) بکە
ئایا ڕەبیعی ئاهووە، یا چایری ستوور؟
سەبزە لە دەوری گوڵ تەڕە وەک خەططی ڕوویی یار
یا پووشی وشک و زوورە وەکوو ڕیشی (کاکە سوور)؟
قەلبی مونەوەرە لە حەبیبانی نازەنین،
یا وەک سەقەر پڕە لە ڕەقیبانی لەندەهوور؟
دەس بەندیانە دێن و دەچن سەرو و نارەوەن.
یا حەڵقەیانە صۆفيی ملخوار و مەندەبوور؟
لەدوای باسی شوێن و گەڕەکانی شار ئەمجارە دێتە سەرباسی خانەقای مەولانا خالید کە شوێنی عەشقی حەقیقی نالی و تێکەڵاوبوونی بووە بە زانست و عیرفانی ڕوناکی دڵ و گیان، باس لەوە دەکات کە حەوشی خانەقا چیمەن بووە، پرسیاری ئەوە دەکات سەوزو جوان و شوێنی ئاسکە یان بووەتە جێگەی بەستنەوەی هێستری جەندرمەکانی تورک، پابەندی نالی بە شوێن و خاکەوە پەیوەندیەکی ڕۆحی قوڵ و پڕ لە خۆشەویستیەو ناتوانێت لەو پەیوەندیە دابڕێت، نالی لە خەمی ئەوەدایە حوجرەکەی نەبووبێتە شوێنی جەندرمەی تورک و سۆفی نەزان و دوور لە خواناسی ڕاست و بێ هونەر.
مەیلێ بکە لە سەبزە درەختانی مەدرەسە
ئەوراقیان موقەددیمەیی شینە یا نە سوور؟
نالی هەر لەم مزگەوتەدا لە دوای تەواو کردنی خوێندن بووەتە مامۆستا لەهەمان خوێندنگەدا، بۆیە ئەڵێت: سەردانی مەدرەسەکەم بکەو بزانە درەختەکانی سەوزن؟ یان لەبەر بێ خزمەتی و بی ئاوی گەڵاکانیان وشک بووە.
حەوزی پڕی کە نائیبی دیدەی منە لەوێ.
لێڵاوی دانەهاتووە وەک سەیلی (شیوەسوور)؟
ئێستەش کەناری حەوشەکە جێی باز و کەوشەکە،
یاریی تیایە، یا بووەتە مەعرەضی نوفوور؟
چاوێ بخە لە سەبزەو سێرابی دائیرە
جێ جیلوەگاهی چاوەکەمە نەرمە یا نە زوور؟
لەناو خانەقای مەولانادا سەرچاوەیەک ئاو هەیە و لەپێش دامەزراندنی سیستمی ئاو ئاوەڕۆ حەوزێکی ئاوی گەورە لە حەوشەکەیدا بووە، نالی دەڵێت چاوەکانی منیش وەک حەوزەکەی خانەقا هەموو کات پڕە لە ئاو و فرمێسک و گریان بۆ دووری نیشتمان، هەروەها پرسیاری ئەوە دەکات کە خانەقاو دەوروبەری حەوزەکە ئاوەدان بە فەقێ و یاری کەوشەک، یان بووەتە شوێنێکی چۆڵ و وێران؟.[1]