عوسمان پشکۆ(1931-2000)
حاجی عوسمان کوڕی حاجی عومەر مام یەحیا کوڕی حاجی عەبدوڵڵای ڕدێن گەورە کوڕی مام یەحیا لە بنەماڵە کۆنەکانی شاری #کۆیە#یە، لە ساڵی (1931) لە گەڕەکی حاجیان چاوی بە ژیان هەڵێناوە، ئەم گەڕەکە ئێستا بە ناوی بایزاغای مامەش لە سجلەکانی میری ناو دەبرێ، پشکۆی شاعیر ماوەیەک سەرۆکی (ئەنجومەنی گەل) بووە لە کۆیە، هەروەها ئەندامی(ئەنجومەنی شارەوانی) بووە و لە لێژنەی زۆربەی کۆمەڵە و کۆمەکی هەرەوەزی خێرخوازیدا بەشدار بووە وەک لیژنەی بەخشین بۆ ماڵە شەهیدان و هەژاران، شاعیر لە خوێندنی سەرەتایی زیاتر وچانی خوێندنی نەبووە لەبەر پڕ ئیش و کاری باوکی بۆ کۆکردنەوەی فەردە توتن و نوسین و کۆکردنەوەو ڕەوان کردنەوەیان، کە ئەوسا بەهۆی هێسترو بارگیر بار دەگوازراوە بۆ کۆیە ڕێگای گەڕێن نەبوو، ئەم فەردە توتنانەش تەسلیمی (ئینحصار) دەکرا لەهەر کەمو کوڕیەک ناوبراو لێی بەرپرسیار بوو، کەسایەتیەکی سادە و خۆشەویست بووە لە دڵی خەڵکدا هەر کەسێک ڕووی لێ نابوا نائومیدی نەدەکردو هاوکاری دەکرد، وەڵامی بۆ ئەوانەی ڕەخنەیان لێگرتوە ئەمە بووە، وتویەتی من خواوەندی ئەم کوردستانە وای دروست کردوم دڵسۆزو ئیشکەر بم بۆ هەموو هاوڵاتیەک و دڵم بەم ماندوو بونەم خۆش بێت کە دڵی کەسانی تر خۆش بکەم، پشکۆی شاعیر ئەندامی (یەکێتی نوسەرانی عیراق بووە)، لەشەوی 21/22-12/2000 کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لەشاری هەولێر بەخاک سپێردراوە، خاوەنی چەندین بەرهەمی بڵاوکراوەیە چەند بەرهەمێکیشی بڵاو نەکراوەتەوە.
بڵاو کراوەکان:
1-بەرگی یەکەم ئاسۆی چل چیا ساڵی 1969ز.
2-بەرگی دووەم پڕشنگی ئاسۆی چل چیا ساڵی 1972ز.
3-گزنگی ئاسۆی چل چیا1997ز.
4-ناڵەی شەهیدان 1999ز.
5-بەهاری کوردستان، 1988ز.
چەند هەڵبەستێک لە گۆڤاری (هیوا و هەتاو)
چەند هەڵبەستێک لە ڕۆژنامەی (خەبات و ژین)
بڵاو نەکراوەکانی شاعیر
1-چیرۆکی کچە کوردێکی هەژار
2-چیرۆکی حەمە سووری سوسنی
سەرچاوە: تۆڕی کۆمەلایەتی، بنەماڵەی مام یەحیای[1]