دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کۆمسیۆنەکانی باشووری کەجەدەکەی ئەوروپا
نابێ سەرکوت و ئیرهاب لە دەسەڵاتی (پ.د.ک) قبوڵ بکرێ
دۆخی هەرێمی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو هەڵدێر ملدەنێ، باری ئابوری و بژێوی خەڵک تەواو ڕولە خراپیە، گەندەڵی و دزی لەباسکردندا نەماوە و بوونەتە بەشێکی سروشتی ڕوخساری دەسەڵات. هەتا دەرفەتیش بڕەخسێنن بۆ ئەوەی تەواوی دامودەزگا خزمەتگوزاری و پەروەردەیی و تەندروستیەکانی کۆمەڵگاش بکەنە موڵکی تاکە کەسی و بەرکوڵ بۆ چاوچنۆکی سەرمایەداران، هەروەها لە کەرتی گشتی خزمەتگوزاری حوکمیەوە بیانگۆڕن بۆ کەرتی تایبەتی و سەرچاوەی قازانج و موڵکی بەرپرسان و کۆمپانیاکانیان، دەیان پلانی وێرانکردن و داڕوخاندنی ئه و کەرتانەیان داڕشتووە و پیادەیان دەکەن! ئەمەو دەیان کێشەی تری قوڵ هۆکارگەلێکن، کە خەڵک چیتر توانای ژیانکردنی نەمێنێت.
شەڕو و داگیرکاری و چاوساغی بۆ دەوڵەتی تورکیاش یەکێکی تری ئەو کارە ناڕەوایانەی دەسەڵاتی هەرێمە و بەتایبەتیش (پارتی دیموکراتی کوردستان)ە، کە بەرامبەر ئازادیخوازانی کوردو تەڤگەری ئازادی گەریلا و کوردی ئازاد بەڕێوەیان دەبات. هەموو ئەمانە بوونەتە هۆکار، کە ئیتر خەڵک بێدەنگ نەبن و هاواریان بڵند بێت، بە ئیرادەی ئازاد و دەنگی زوڵاڵ بڵێن؛ نا بۆ ئەم هەموو کارە قێزەونەی دەسەڵات، نا بۆ ئەم حوکمڕانیە گەندەڵ و مافیایی و بەکرێگیراویەتان.
لەبەرامبەردا دەسەڵاتی هەرێم، ڕاستتر؛ پارتی دیموکرات لەبری گوێ لە داوای خەڵک و چالاکوانی مەدەنی و سیاسی بگرێ، میتۆدی تروس و تۆقاندن و ئیرهاب و سەرکوتکردن بەکاردەهێنێت.
پارتی و حکومەتەکەی مەسرور بارزانی لە چەند هەفتەی پێشوو کۆمەڵێکی زۆر چالاکوانی مەدەنی و سیاسیان لە ناوچەکانی بادینان و هەولێر دەستگیر کرد. تەنها هۆکاریش بۆ ئەو ڕەشبگیریە ئەوەیە، ئەم چالاکوانانە داوای مافی زەوتکراوی گەل و خەڵکی خۆیان کردبوو، بەشداری خۆپشاندانیان کردبوو و دەنگیان لەدژی داگیرکەری دەوڵەتی تورکی فاشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ماڵ و ژیانی خەڵک و بۆمباران و کۆمەڵکوژی بڵند کردبوو! بەڵام لەبەرامبەردا سەرانی پارتی و حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بەعس ئاسا ئیرهاب و ڕەشبگیریان بەرپاکرد.
هاونیشتمانیانی ئازادیخواز لە تاراوگە
لەکاتێکدا ئێمە چاوەڕوانبووین کە تەواوی زیندانە سیاسیەکان ئازاد بکرێن، بەداخەوە وەک ئاگادارن ڕۆژی 7/10/2020 وەک پیشەی هەمیشەیی دەزگا سەرکوتەکانی پارتی و حکومەتەکەی هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی چالاکوانی مەدەنی و سیاسی (شێروان شێروانی)و بەشێوەیەکی ترسناک و تۆقێنەر دەستگیریان کردوە، ماڵەکەیان تەواو پشکنیوە و چەندین کەلوپەلی تایبەتی ئەویان لەگەڵ خۆ بردوە و ڕەوشێکی دەرونی ترسناکیان بۆ مناڵ و خێزانەکەی ئەویش دروست کردوە.
ئێمە وەک کۆمسیونەکانی باشوری کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتی کورد لە ئەوروپا ڕایدەگەیەنین؛ وەک چۆن لە ماوەی پێشوو لەڕێی کاری دبلۆماسی و ناڕەزایەتی سەر شەقام و بەردەم سەفارەتەکانی عێراق بێدەنگ نەبووین و بۆ ئه و مەبەستەش لەگەڵ چەندین کەسایەتی سیاسی ئازادیخوازو گروپ و لایەنی سیاسی هەماهەنگ بووین، هەروەها ئەو ئیرهاب و سەرکووتکردن و تۆقاندنانەی سەرانی پارتی دیموکرات و حکومەتەکەیانمان شەرمەزارو ئیدانە کردوە. ئێستاش بە هەمان شێوە لەسەر ئەم بابەتە بەردەوامی بە خەباتی خۆمان دەدەین و بەزوترین کات کار بۆ ئازادکردنی شێروان شێروانی و سەرجەم زیندانیانی تر بەگڕوتینەوە دەکەین.
بانگەواز لە هەموو لایەنی سیاسی و ڕێکخراوی مەدەنی و کلتوری و کەسایەتی وسەرجەم کوردانی ئازادیخواز دەکەین، کە لە دەرەوەی وڵاتن، ئیتر بێدەنگ نەبن و با هەموو پێکەوە دەست لەناو دەست چالاکی و ناڕەزایەتیەکانمان فراوان بکەینەوە و تەواوی ڕای گشتی و خەڵکی ئازادیخواز لەم کارە دژە ئازادی و نامرۆڤانەی پارتی و حکومەتەکەی بێنینە دەنگ، تا فشارەکان بەهێزتر بکەین.[1]