چاوەڕوانیی بێهوودە
هەموو ڕۆژێ لەبەر سەیری بتی ئەو بەژن و باڵایە
لە سەر ڕێدا ئەوەستم من، هەتا کوو ئاوی پێم دایە
بە دوو چاوێ کە شەوقی چاوەڕوانی ئەیترۆکێنێ
بە دوو چاوێ کە سڕڕی قووڵی لاوێتی ئەدرکێنێ
سەرنجی ڕێ ئەدەم، ڕێگا، هەموو شێوەی ئەوی تیایە
وەکوو دنیا لەناو جوانیی ئەوا توابێتەوە، وایە
شنەی با، باسی جوانیی ئەو بە گوێی مندا ئەچرپێنێ
هەموو دەرکەوتنی شۆخێ، دڵی من دا ئەخورپێنێ
بەڵام خورپەی تەواوی دڵ لەگەڵ هەنگاوی ئەودایە
کە سەرتاپا لە ئاوازی بەهەشتی خواوە پەیدایە
بەڵێ، کاتێ کە ئەو دەرکەوت، ئیتر من بێ سەر و شوێنم
بە تیشکی خۆری جوانی ئەو، بە جارێ قوڵپ ئەدا خوێنم
وەکوو چۆن نەونەمامێ، گەردەلوول ئەیبات و ئەیهێنێ
لەشم موچڕکی دڵداری، وەها ناخی ئەبزوێنێ
ئەگەرچی وەک خەیاڵی من عەبا دەوری لەشی داوە
لە ئەندام و لەش و لاری بڵند و ڕێکی ئاڵاوە
بەڵام کاتێ کە با چمکی عەباکەی لا ئەدا، تاوێ
ئەڕێژێ پووزی نایابی، لە سیحری خوایی، لافاوێ
1951
سلێمانی [1]