ناو: زەهرا
نازناو: یاموڵکی
ناوی باوک: #مستەفا پاشای یاموڵکی#
شوێنی لەدایکبوون: شارۆچکەی #سەڵماس#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
شوێنی کۆچی دوایی:شاری #بەغداد#ی پایتەختی ئێراق
زەهرا کچی مستەفا پاشا یاموڵکی کەسایەتیی نیشتمانی و ڕوناکبیر و وەزیری پەروەردەی حکومەتەکەی #شێخ مەحمود#ە.زەهرا ساڵی 1892 لەشاری سەڵماسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، چونکە ئەوکات مستەفا پاشای باوکی، سەرکونسڵی عوسمانی بووە لەو شارە. زەهرا لەگەڵ باوکی گەڕاوەتەوە شاری #سلێمانی#، ئافرەتێکی جوان، شۆخ و شەنگ بووە، زۆربەی شاعیرانی ئەو سەردەمە پێی سەرسام بوون، #ڕەمزی مەلا مارف# شەیدای بووە و شیعرێکی غەزلی جوانی بۆ نوسیوە کە ئەڵێ :
تەعاڵڵا لەزیبایی قەدی ڕەعنایی زەڕین تاج
کە عیشەوە و ناز و لەنجە و غونجە و سەرتاپیی زەڕین تاج
کەچاوی کەوت بەنەخلی قامەتی سەرووی چەمەن، دەرحاڵ
سەری شۆڕ کردەوە بۆ سوجدەی بەر باڵای زەڕین تاج
زەهرا وەک مامۆستا خزمەتی بەمناڵانی کوردستان کردووە و لەبەر زیرەکی و لێهاتوویی قوتابخانەیەکی کچان بەناوی ئەوەوە ناونراوە، بەناوی قوتابخانەی زەهرای کچانی سلێمانی، ساڵی 1929 بووە بەبەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە و ڕۆژنامەی #ژیان# لە ژمارە(205)ی ڕۆژی 17ی تشیرینی یەکەمی 1929، هەواڵی بوون بەبەرێوەبەری زەهرای بڵاو کردۆتەوە.
زەهرا ئەو ماوەیەی بەرێوەبەر بووە خزمەتێکی زۆری بەرەوتی خوێندن کردووە و بایەخی بەبوارەکانی ئەدەب و هونەری شانۆ داوە و کچانی لەو سەردەمەدا بردۆتە سەر تەختەی شانۆ.
لەساڵی 1930 خوێندنی شەوانی بۆ ژنانی نەخوێندەوار لە قوتابخانەکەی کردووەتەوە، چەندین ژنی فێری خوێندەواری کردووە. ئەو بابەتە بۆتە جێگەی سەرنجی ڕۆژنامەی ژیان و هەوڵێکی لەسەر بڵاو کردۆتەوە.
پاش خزمەتێکی زۆر بە بوارەکانی خوێندن و پەروەردە، ساڵی 1972 لەشاری بەغداد کۆچی دوایی کرد و چووە ڕیزی سەروەرانی نیشتمانەوە.درودی ڕێزو وەفا و ئەمەکداری بۆ ڕۆحی پاک و بێگەردی مامۆستا زەهرا یاموڵکی سەرمەشقی ژنانی کوردستان.
لە ساڵی(2019)، ەوە، قوتابخانەیەک بەناوی زاهرا یاموڵکی بنەڕەتی کچان لە گەڕەکی #کانی با# ی شاری سلێمانی هەیە.. کە پۆلەکانی (7، 8، 9) لە خۆ دەگرێت.
ساڵی لەدایکبوون: 1892
ساڵی کۆچی دوایی:1972
[1]