بەسەر قەڵای #کەرکووک#ەوە!
#هيمن خورشيد#
قەڵای کەرکووک، بەپێچەوانەی قەڵای #هەولێر#ەوە، کەمتر ناوی هەیە و خەڵکی کوردستان کەمتر پێی ئاشنان، هۆکارەکەیشی ئه و وێرانکارییەیە کە ڕژێمی بەعس لە سەرەتا تا کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا بەسەریدای هێنا و شتێکی ئەوتۆی لێ نەهێشتەوە.
مێژووی دروستبوونی قەڵای کەرکووک دیار نییە، هەر مێژوونووسە شتێک دەڵێت، هەندێک سەرەتای دروستبوونی بۆ سەردەمی ئاشوور ناسیرپاڵی دووەم (884-858)ی شای ئاشوورییان دەگێڕنەوە، لێ مێژوونووسی تر هەن لەسەر ئه و باوەڕەن کە قەڵای کەرکووک مێژوویەکی زۆر لەوە کۆنتری هەیە، ئەمانی دوایی پێیان وایە لە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە تا کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی بیستەمی زایینی، بەبەردەوامی مرۆڤ له و قەڵایەدا نیشتەجێبووە.
من دەتوانم پێداگری بکەم لەسەر ئەوەی تا ئەم ساتەیش ژیان و نیشتەجێبوون لەسەر ئه و قەڵایە بەردەوامە. هۆکارەکەیشی لە ناو نووسینەکەدا دەبیننەوە!
قەڵای کەرکووک یان درووستتر وایە بڵێین شاری کەرکووکی کۆن دەیان ناوی گۆڕیوە و چەندین ئیمپراتۆریایش حوکمیان کردووە.
لە سەردەمی ئاشوورییەکاندا بە (ئارابخا) ناوی ڕۆیشتووە، دواتر وردە وردە گۆڕاوە بۆ ئارافا و دواتریش بۆ (عەرەفە).
ئەسکەندەری مەکدۆنی کاتێ بۆ شەڕی فارس هاتووە، ئه و قەڵایەیشی داگیرکردووە، دوای مردنی ئەسکەندەر، کەرکووک کەوتووەتە بەر بەشی یەکێک لە فەرماندەکانی، بە ناوی (سلووکس) و ناوی شارەکەیش گۆڕاوە بۆ (کەرخ سلووکس).
ئەوانەی باسکران هیچیان بێگومان نین، چون لە قووڵایی مێژوودان و تەنانەت بەشێکیان بۆ بەر لە نووسینەوەی مێژوویش دەگەڕێنەوە.
یاقووتی حەمەوی لە سەدەی سیازدەی زایینیدا، وەسفی قەڵای کەرکووکی بەوە کردووە، لەسەر زەوییەکی نەوی دروستکراوە و دەکەوێتە نێوان هەردوو شاری داقووقا (داقووق) و ئەربل (هەولێر)ەوە.
دوای هاتنی ئیسلام قەڵای کەرکووک لە لایەن چەندین دەسەڵاتەوە حوکم کراوە، ئومەوی، عەبباسی، سەفەوی و عوسمانی.
دۆکیومێنتی نووسراو هەیە پیشانی دەدات قەڵاکە لە سەردەمی ئیمپراتۆریای عوسمانیدا ڕووخێنراوە و سەرلەنوێ دروستکراوەتەوە. وردەکارییەکانی ئه و باسە لێرەدا ناخەمە ڕوو. نیشانە و شوێنەوارەکانی ئێستای قەڵاکەیش پشتی ئه و ڕاستییە دەگرن. ئاخر شێوازی خانوو و باڵەخانەکانی قەڵاکە بە هی سەردەمی پێش ئیسلام ناچن.
پێنج مزگەوتیش لەسەر قەڵا هەن، کە تەنانەت ناوەکانیشیان بە زمانی تورکمانییە. نەک هەر ئەوە بگرە چوار دەرگا سەرەکییەکەی قەڵایش دیسان ناوەکانیان بە زمانی تورکمانی بڵاوبووەتەوە، تورکمانەکان ئەمە دەکەن بەڵگەی ئەوەی قەڵای کەرکووک و تەواوی شاری کەرکووکیش هی نەتەوەی تورکمانە، وەلێ هۆکاری ناونانەکان ڕوونە، سەردەمانێکی زۆر کە عوسمانییەکان حوکمی کەرکووک و بەشێکی زۆری کوردستانیان کردووە، زمانی فەرمی تورکی بووە، ئیدی وەک چۆن ناوی زۆر شوێن تا ئێستایش بە تورکی گۆدەکرێت، وەک قەرەداغ، قەرەتەپە، قەرەبڵاغ، ئاڵتوون کوپری… ئەوەیش قەڵای کەرکووکیش دەچێتە ئه و چوارچێوەیەوە.
بەگوێرەی وێنەیەکی وارگەی گووگڵ قەڵاکە لاکێشەییە، درێژییەکەی لە باکوورەوە بۆ باشوور (556) مەترە و پانییەکەیشی لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا (459) مەترە، ڕووبەرەکەی لەنێوان (215-255) هەزار مەتر دووجادایە. به و پێیەیش دەکاتە نزیکەی دووهێندەی ڕووبەری قەڵای هەولێر کە ڕووبەرەکەی (115) هەزار مەتر دووجایە.
قەڵاکە چوار دەروازەی سەرەکیی هەیە کە بەم ناوانە ناسراون: طوب قابو، طاش قابو، يدي قزلر، حەلوەچی.
چەند شوێنەوارێکی گرنگی تێدایە، لەوانە:
1. مزگەوتی دانیال پەیامبەر. لەناو مزگەوتەکەدا مەزارگەی دانیال پەیامبەر هەیە، کە تا ئێستایش خەڵکی دەچنە سەری و ڕازونیازی لەگەڵ دەکەن، بەتایبەت لە ڕۆژانی شەممەدا. دوو گۆڕی تریشی تێدایە، گوایە هی دوو پەیامبەر بن، بە ناوەکانی عوزێر و حونەین.
جێی پرسیارە، چۆن سێ پەیامبەر ئاوها یەکیان گرتووە و لە نێوان چەند مەترێکدا نێژراون!
2. مزگەوتی گەورە یان ئولو جامی.
3. گومەزی شین یان کووک گوبەند. گۆڕی ئافرەتێکی سولجووقیی تێدایە، بە ناوی (بووغدای خاتوون).
4. مزگەوتی عوریان.
5. کڵێسای کلدانیی (أم الأحزان).
6. قەیسەریی قەڵا.
هەریەک لەوانە وردەکاریی زۆری هەیە و من نامەوێت لێرەدا باسیان بکەم.
حکوومەتی بەعس و تێکدانی قەڵای کەرکووک:
سەددام حوسێن ڕێکەوتی 16/3/1990 سەردانێکی کەرکووکی کرد و دوای گەڕانەوەی، بریاری وێرانکردنی قەڵاکەی دەرکرد، لە ڕێکەوتی 29/11/1990 بڕیارەکە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی گوتەی شوێنەوارناسی مەزنی کورد، بەڕێز عەبدولڕەقیب یووسف، دوای هەوڵێکی زۆری ئه و و ئاگادارکردنەوەی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و بەدەنگهاتنی سکرتێری ئه و کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بیل کلینتۆنی سەرۆکی ئەمریکا، دوای ڕووخاندنی تەنیا سەد خانوو، پرۆسەی وێرانکردنەکە ڕاگیراوە. تا ئەوەی سەددام حوسێن جارێکی تر و لە ڕێکەوتی 1/4/1998دا سەردانی کەرکووکی کردەوە و بڕی 700 ملیۆن دیناری عێراقیی بۆ بونیادنانەوەی قەڵاکە تەرخانکرد، کە مانای دووبارە دەستکردنەوە بوو بە ڕووخاندن و تێکدانی!
ئەوە بوو خەڵکی نیشتەجێی ناو قەڵاکەیان بەزۆر دەرکرد و لە بەرانبەردا سەردوو پارچە زەوییەک و بڕێکی دیاریکراو پارەیان وێ دان.
لێ تا ئێستایش ژیان لەناو قەڵاکەدا بەردەوامە، ئەویش لە ڕێی ژنێکی بێنەوای بیرسادەوە، کە بە تاقی تەنیا لەناو باڵەخانەیەکی نیو قەڵاکەدا دەژێت و پۆلیس و پاسەوانەکان چاویان لێیەتی و خەلکیی زیارەتکەریش خێری پێ دەکەن و نانی بۆ دەبەن!
ڕۆژی هەینی 14ی ئۆکتۆبەری 2016، سەردانی ئه و قەڵایەمان کرد و بۆ ماوەی سەعات و نیوێک بە نێویدا سووڕاینەوە و لێی وردبووینەوە.
ئه و شوێنە بۆنی قووڵاییەکانی مێژووی لێ دێت. ئومێد دەکەم کاربەدەستان خەمی بخۆن و سەرلەنوێ زیندووی بکەنەوە. دیمەنی ئه و هەموو تەلارە ڕووخاوە، دڵی مرۆڤ دەگرێت و لە ئاست دڕندەیی ڕژێمی بەعسیشدا سەری دەسووڕمێنێت.[1]
سەرچاوەکانی ئەم کورتە نووسینە:
– قلعة کرکوک الاثرية، مصطفی العراب.
– کرکوک عبر التأریخ، عزيز قادر صمانجی. موسوعة ترکمان العراق.
– تدمير قلعة کرکوک.. مراجعة لمحاولات عبدالرقيب يوسف للدفاع عنها. طارق کاريزي. الصوت الاخر، العدد 367.