هونەری زەکەریا لەنێوان ڕەخنەو داهێناندا
هونەرمەند زەکەریا خاوەن دەنگ و ستایلێکی جیایە لەنێو هونەری کوردیدا و تاکوئێستا خاوەنی حەوت ئەلبوم و نۆ کلیپە، گوێگرێکی زۆری هەیە. کەچی ئەم هونەرمەندە لەبری ئەوەی هانبدرێت بۆئەوەی کاری جوانتر بکات، ڕۆژانە بەردەوام ڕووبەڕووی ڕەخنە و قسەی نەشیاو دەبێتەوە، زۆرجار ڕەخنەکان دەکەوێتە قاڵبی ئەوەی لەکەسایەتی ئەو هونەرمەندە دەدرێت، بۆئەم مەبەستە ڕاو بۆچوونی چەند هونەرمەندێکمان وەرگرتووە بۆئەوەی بزانین زەکەریا شایەنی ئەم ڕەخنەو قسە نەشیاوانەیە، یاخود هان بدرێت بۆکاری جوانتر.
(زەکەریا توانی جوڵەیەک لەنێو هونەری میوزیکی کوردی دروست بکات) ئەمە قسەی هونەرمەد #مەزهەری خالقی#ە کە دەڵێت: (ئەو هونەرمەندە توانی جوڵەیەک لەنێو موزیکی کوردی دروست بکات، هەروەها زۆریش حەز لەدەنگ و ستایلەکەی دەکەم، بەڵام ڕەخنەشم لێی هەیە بەهۆی بوونی کاری تایبەتی خۆی کەمێک لەهونەرەکەی دوورکەتەوە و ئیتر نەگەڕاوە شوێنەکەی پێشووتری خۆی). هونەرمەند مەزهەری خالقی وتیشی (نەدەبا لەم کاتە زەکەریا ڕوو لەکاری تر بکات، چونکە هونەری کوردی پێویستی بەکەسانی لەم شێوەیە هەیە). سەبارەت بەتێکەڵکردنی ڕەخنەی هونەری لەگەڵ کەسایەتی هونەرمەند زەکەریا، هونەرمەند مەزهەری خالقی وتی (ئەمەیان بەستراوەتەوە بەئەخلاقی ئەو کەسەی ڕەخنە دەگرێت، لەئەوروپا ئەگەر کەسێک کارێکی هەڵە ئەنجام بدات، خەڵک بەبێدەنگی پێی دەڵێن تۆ هەڵەی، بەڵام لەکوردستان یەکسەر دەیدەن بەنێو چاوتا و قسەی دیکەت پێ دەڵێ، بەداخەو لەڕۆژهەڵات وا باوە کەسێک هەڵە بکات بەرامبەری یەکسەر پێی دەڵێن، ئەگەر هونەرمەندێکت خۆش بوێ دەبێ تەحەمولی بکەی و ئامۆژگاری بکەی، بەڵام گوناهە هونەرەکەی لەگەڵ شتێکی تردا تێکەڵ بکەی).
هەروەها هونەرمەند #فەرهەنگ غەفور# پێیوایە کە زەکەریاش وەکو هەر مرۆڤێک ئازادە چۆن بژیت و دەڵێت (بۆیە من هیچ ڕەخنەیەکم لەکەسایەتییەکەی نییە، بەڵام ڕەنگە بەلایەنی هونەریەکەیەوە هەبێت و کەچی ڕەخنەکانم ناچێتە ئەو قاڵبەی من قسە دەربارەی هونەرمەندێکی بەتوانا و بلیمەتی وەکو زەکەریا بکەم و بیشکێنم، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ مرۆڤێک لەهەموو لایەکەوە کامڵ نییە، من لەلایەنی ئەداکردنی زەکەریا ڕەخنەم هەیە، ڕەخنەکەشم بونیادنەرە نەک ڕووخێنەر و لەسەر ئەو بنەمایەیە کە زەکەریا لەستۆدیۆدا ئیمپراتۆرە و دەتوانم بڵێم و لەلایەنی دەنگەوە زۆر بەتوانایە، بەڵام کاتێک بەلایڤ گۆرانی دەڵێ ڕەنگه زۆر سەرکەوتوو نەبێ).
هەروەها هونەرمەند فەرهەنگ غەفور پێیوایە کە زەکەریاش وەکو هەر مرۆڤێک ئازادە چۆن بژیت و دەڵێت (بۆیە من هیچ ڕەخنەیەکم لەکەسایەتییەکەی نییە، بەڵام ڕەنگە بەلایەنی هونەریەکەیەوە هەبێت و کەچی ڕەخنەکانم ناچێتە ئەو قاڵبەی من قسە دەربارەی هونەرمەندێکی بەتوانا و بلیمەتی وەکو زەکەریا بکەم و بیشکێنم، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ مرۆڤێک لەهەموو لایەکەوە کامڵ نییە، من لەلایەنی ئەداکردنی زەکەریا ڕەخنەم هەیە، ڕەخنەکەشم بونیادنەرە نەک ڕووخێنەر و لەسەر ئەو بنەمایەیە کە زەکەریا لەستۆدیۆدا ئیمپراتۆرە و دەتوانم بڵێم و لەلایەنی دەنگەوە زۆر بەتوانایە، بەڵام کاتێک بەلایڤ گۆرانی دەڵێ ڕەنگه زۆر سەرکەوتوو نەبێ).
شانۆکار #ئەحمەد سالار#:
زەکەریا توانیوییەتی بنەماکانی گۆرانی وتن لەنێو گوڵدانێکدا کۆبکاتەوە
هونەرمەندی شانۆکار ئەحمەد سالار پێیوایە هەر هونەرمەندێک خواست و ویستی ئەم ڕۆژگارەی هێنایەدی، ئەوە هونەرمەندێکی داهێنەرە. دەڵێت (کاتێک گوێمان لەدەنگی زەکەریا بوو وتمان ئەمە دەنگی گەنجانەیە و خواست و ویستی زیاتر بوو بۆ هونەرەکەی، هەروەها بیسەریشی زیاتر لەچاو هونەرمەندەکانی تر لەماوەیەکی زۆرکورتدا بۆ پەیدابوو). ئەحمەد سالار ئاماژە بەوەشدەدا کە هونەری گۆرانی وتن لەسێ شت پێکدێت (میوزیک و دەنگ و تێکست) کە ئەمانه سەرەکیترین شتن بۆ سەرکەوتنی هونەرمەند، زەکەریاش توانیویەتی هەرسێک بخاتە نێو گوڵدانێکەوە).
تەنیا مافی ئەوەمان هەیە ڕەخنە لەلایەن هونەریەکەی بگرین
شاعیر و تێکست نووس ڕزگار کێستەیی دەڵێ (دەتوانم لەدوو لایەنەوە باس لەزەکەریا بکەم، زەکەریا یەکێکە لەهونەرمەندە زۆر زیرەکەکان لەلایەنی دروستکردنی پێوەندی و بەکارهێنانی ڕاگەیاندن و لەم بارەیەوە پەرەی زۆری بەتواناکانی خۆی داوە، بەڵام لەگەڵ ڕێزم وەکو دەنگ و ستران و هونەر من زۆر حەز لەستا یلی زەکەریا ناکەم، هەرچەندە خاوەن جەماوەرێکی زۆره بەتایبەتی لەنێو گەنجەکاندا، سەبارەت بەڕەخنەی کەسی بۆ زەکەریا و هەموو هونەرمەندانی دیکە دوو شت هەیە پێویستە جیابکرێنەوە، ژیانی تایبەتی هونەرمەندەکە لەلایەک دابنرێت و جیابکرێتەوە لەلایەنە هونەرییەکەی، چونکە ژیانی هونەری هەر هونەرمەندێک بۆ هەموو خەڵکە، بەڵام لایەنی شەخسی تەنیا بۆ خودی هونەرمەندەکەیە، من مافی ئەوەم نییە بەهیچ شێوەیەک باس لەژیانی شەخسی و پێوەندییەکانی نێو خێزانی خۆی بکەم و لەدوور و نزیکەوە پێوەندی بەهیچ ڕەخنەگرێک و گوێگرێکەوە نییە، بەڵکو پێوەندی بەخودی هونەرمەندەکەوە هەیە، ئێمە مافی ئەوەمان هەیە باس لە بەرهەمە هونەرییەکانی بکەین و ڕەخنەیان لێبگرین، چونکە ئەو بەرهەمە هونەرییە بۆ هەموو میللەتە و لەبەر ئەوەی ئێمە گوێگری ئەو بەرهەمەین تەنیا مافی ئەوەمان هەیە باس لەلا یەنە هونەرییەکەی بکەین).
هەروەها هونەرمەند ئەحمەد سالار دەشڵێت (من خۆم یەکێک بووم لەهونەرمەندانەی کە ڕۆژگارێک دوژمنێکی زۆرم هەبوو، بەردەوام ڕەخنەم لێدەگیرا، بەڵام قەناعەتێکی زۆرم بەم ڕەخنانە هەبوو و هەستم دەکرد گۆڕانکارییەکم لەنێو هونەرەکەم کردووە. زەکەریاش بەهەمان شێوهیە هەربۆیەشە کارەکانی بەهونەرێکی باڵەو بەنرخ لەقەڵەم دەدەم، بۆیە حەز دەکەم لێرەدا شتێک بۆئەو کەسانە باس بکەم کە ئەوانەی ڕەخنەی لێدەگرن، کاتی خۆی (محمد عبدولوهاب) کە گەورەترین مۆسیقار و گۆرانیبێژی عەرەب بوو سەردەمێک وەکو زەکەریا گۆڕانکارییەکی لەنێو هونەرەکەی کرد، ئەو کات زۆر دژایەتیان کرد و یەکێک لەوانەی کە زۆر پاڵپشتی بوو (ئەحمەد شەوقی) شاعیر بوو، ڕۆژێک بەم هەموو ڕەخنەیەوە کە ئاراستەی کرابوو، چوو بۆلای (ئەحمەد شەوقی) و وتی: (مامۆستا چاوت لێیە چیم پێدەڵێن) وتی: (کوڕم داینێ ئەوە بەقەد باڵای تۆ هونەرەکەی تۆیان بەرزکردەوە)، کەواتە زەکەریاش یەکێکە لەهاوشانی ئەو کۆمەڵە هونەرمەندانە کەدەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکات کە تانەی لێبدرێت بەردەوام بێت له کارەکانی خۆی و لێرەوە من دەستخۆشی لێدەکەم).
میوزیکژەن دلشاد محەمەد:
هەموو هونەرمەندێک بەڕەخنەگرتن پێشدەکەوێت
هونەرمەندی میوزیکژەن دلشاد محەمەد سەعید دەڵێت: (بێگومان هونەر بەهەموو شێوە و جۆرەکانیەوە بەڕەخنەگرتن پێشدەوکەوێت و هونەرمەند تەنیا بەڕەخنە کەموکوڕی و خاڵە لاوازەکانی خۆی بۆ دیاردەکەوێ، هەر هونەرمەندێک ئەگەر ڕەخنەی لێنەگیرێ ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە هونەرەکەی لاوازە، زۆر جار گوێبیستی ئەوە دەبین کە هونەرمەند هەن بەکاک زەکەریاشەوە بەجۆرێک باس دەکرێن کە هیچ پێوەندی بەڕەخنەوە نییە و باس لەهەندێک شت دەکەن کە دوورە لەکارەکەی، بەڵکو شتێکی شەخسییە و مەبەست لێی شکاندنی هونەرمەندەکەیە، دواتر ئێمە گرفتێکی گەورەمان هەیە ئەویش ئەوەیە کێ ڕەخنەگرە؟ ئایا هەر کەسێک بتوانێت شتێک بنووسێت دەبێ ناوی لێ بنێین ڕەخنەگر، بەداخەوە ئەمەش یەکێکی دیکەیە لەو گرفتانەی کە ئەمڕۆ هونەر بەگشتی بەدەستییەوە دەناڵێنێت).
هونەرمەندی گۆرانیبێژ و موزیکژەن ئومێد باڵەبان هەر سەبارەت بەم بابەتە وتی (زەکەریا داهێنانێکی تازەی هێنا ناو گۆڕەپانی هونەری کوردی، بۆیە پێویستە زۆر ڕێزی هونەری ئەو هونەرمەندە بگرین نەوەک ڕووبەڕووی ڕەخنەی بێمانا ی بکەینەوە). باڵەبان ئەوەش دەخاتەڕوو، (هەرهونەرمەندێک ئەوەندە ڕووبەڕووی ڕەخنە بوویەوە توانای کارکردنی نامێنێت، بەڵام بەخۆشحاڵیەوە زەکەریا هەرگیز بەم قسانە نەڕووخاوە، بەڵکو بەردەوام بووە لەکاری جوانتر). لەکۆتاییدا (ئومێد باڵەبان) داوا لەگوێگران دەکات ئەگەر چاوێک به ئەرشیفی زەکەریا بخشێننەوە، هەرگیز ئەم جۆرە ڕەخنانەی لێناگرن، بەڵکو بەردەوام دەستخۆشی لێدەکەن. [1]