نەخۆشێکی تەندروست
#گۆران سەباح#-کولتووری زەمەن
پزیشک پێی دەلێت، چارەسەرت نییە، هیچ نەما لەگەڵت تاقی نەکەمەوە.
تەماشای ناو چاوی پزیشکەکە دەکات. دوو خولەک. هیچی پێ ناڵێت، دەخەنێتەوە و دێتە دەرێ. پزیشک بە دوایدا دەچێ، بانگی دەکات. هەر حسێبیشی بۆ ناکات.
لە نێو ئۆتۆمبیل چارەگێک دۆش دادەمێنێت. ئەمانە بە مێشکیدا دێن: پزیشک هەر لە دانیشتنی یەکەم دەیتوانی ئەم قسەیە بکات. باشە بۆ سی و شەش جار درێژەی پێ دا؟ ساڵێک لە کاتی بردم. هەر جارەی سەعات و نیوێک و دەیان پرسیار. گوایە بەو پرسیارانە گرێیەکانی ناخم دەکاتەوە و ئەوجە چارەم دەکات. ئەو هەموو حەبە، وڕ و گێژیان کردم.
بەو چارێگە هەر سی و شەش دانیشتن وەک قەوانێک لێ دەداتەوە. ئاگای لە دەستەکانی نییە تووند تووند بە سوکانەوە نووساون، لە چۆکی کە دەلەرزن، لە دەمی کە وشک وشک بووە، لە زمانی کە ناتوانێت یەک بە دەنگی خۆی هاوار بکات و شتێک بڵێ، لە ئارەقە کە هەموو گیانی تەڕ کردووە، لە چاوەکانی کە یەک جاریش نایانتروکێنێت، لە دەوروبەری کە دەیان ئۆتۆمبیلی تری لێ وەستاون، لە باران کە بەو سبەینە درەنگەی بە تووڕەیی زەوی ئاو دەدات.
سلفێک لێ دەدا. هێواش هێواش داژوا. حەزی لێیە بچێتە هەموو شوێنێک، لێ ناتوانێت بڕیار بدات. حەزی لە گانە، پێی ناکرێ، لە شەڕابە، پێی ناخورێتەوە، لە خۆکوشتنە، غیرەتی نییە، لە ڕاوە، دڵی نایەت. دڵی بۆ هەموو شتێک دەچێ و بۆ هیچ شتێکیش ناچێ.
ئەم پرسیارەی بە مێشکدا دێ: باشە من نەخۆشم یان پزیشکەکە، یانیش دەوروبەرم؟
لە پێش وەزارەتی ڕۆشنبیری لە ناوەندی شەقام ڕادەگرێت. چرکەیەکی پێ ناچێ هۆڕن دنیای کاول دەکات. هەرچەندی هۆڕن لێ دەدەن، دڵی خۆشتر دەبێ. ئەوەی بە مێشکدا دێ: ئەوە گرێی دەروونم دەکاتەوە، نەک پرسیارە قۆڕەکانی پزیشک.
چەند شوفێرێک لێی دێنە خوارێ. دوای ئەوەی دەزانن هەر بۆ خۆشی ڕای گرتووە، دەیشۆنەوە بە قسەی ناشرین. هەر هێندە یەکێکیان چەپەرۆکێکی پێدادا، ئەوانی تر وەردەگەڕێنە سەری و لە ناو شەقامەکەدا درێژی دەکەن. هەست دەکات لەگەڵ هەر پێلەقەیەک گرێیەکی دەکرێتەوە. خەڵکەکە ماندوو دەبن لە لێدانی، ئەو ماندوو نابێت لە پێکەنین. یەکێکیان ئۆتۆمبیلەکەی لا دەدات و چوار کەسی تریش هەڵیدەگرن و لەسەر شۆستەکە فڕێی دەدەن. لەشی تەڕ تەڕ، تریقەی پێکەنینی ڕۆژە ڕێیەک دەڕوا.
دەچێتەوە ناو ئۆتۆمبیل و دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ خودی خۆی: ئەی بۆ سیلەی ڕەحم چارەم ناکات، ئەوە نییە هاتوچۆی کەسوکار و برادەران دەکەم؟ ئەی نوێژەکان؟ ئەی خێرەکان؟ ئەی ڕووخۆشی؟ پیاو ڕاست بڵێ، هیچ یەکێک لەمانە بە دڵ ناکەم. ئەی بۆ دەیانکەم؟ خۆ ڕەنگە ئەوە نەخۆشییەکەم بێت، ئەو پزیشکە ساڵێک لەگەڵم خەریک بوو، نەیتوانی ڕستەیەکی وام پێ بڵێت: کاکە تۆ پارچەیەکی لە کلاوات. ئەی باشە بۆ تامم لەو فلیمەی تازە کرد؟ دوای پێنج ساڵ ئەوە یەکەم جارە تام لە شتێک بکەم. ئێ خۆ کارێکی شیتانە و بێ مانایش بوو. دەبێ پێوەندی بە چییەوە هەبێ؟
دێتە خوارێ، لەبەردەمی وەزارەت چوار مەشقی لێی دادەنیشێت و لە دەرگەی وەزارەت ڕادەمێنێت. بە خێرایی دیمەنەکانی منداڵی بە مێشکیدا دێنەوە و لەبەرخۆیەوە دەڵێ: جاران لە جێی وەزارەت مەرکەز شەباب بوو، هەموو تەمەنی منداڵیم لێرە بەسەر برد. دوای قوتابخانە دەهاتمە ئێرە، تا مەغریب لەگەڵ برادەرەکانم تۆپانێم دەکرد.
دوای چارەگێک، پاسەوانێکی وەزارەت دێتە لای، کاکە خێرە؟
بڕۆ بە وەزیر بڵێ، نەخۆشێکی تەندروست هاتووە. [1]