بزاوتی شانۆ
لەپێشترین شانۆ لە #سلێمانی# ساڵی 1925-1926 لە سلێمانی بەناوی عیلم و جەهل لەلایەن قوتابخانەی زانستییەوە پێشکەش کرا.دەقی شانۆکە لە شانۆنامەیەکی عەرەبییەوە وەرگیرابوو، دواتر لە ساڵی 1932 شانۆیەکی کوردی پێشکەش کرا کە بەناوی خۆشەویستی نیشتیمانپەروەری بوو، شانۆکە لە نوسینی مامۆستا ا.ب هەوری بوو، ساڵی 1935 قوتابخانەی زانستی شانۆگەری #مەم و زین#ی پێشکەش کرد.
ساڵانی 1937-1938 گەلێک شانۆ پێشکەش کرا، بەڵام بەهۆی شەرِی جیهانی دووەمەوە جوڵانەوەی شانۆ لاواز بوو، تا جارێکی تر دوای شەرِ شانۆ لە سلێمانی بوژایەوە.
ساڵی 1946 دوو شانۆگەری پێشکەش کرا کە بریتی بوون لە: لەرێی نیشتیماندا دەقەکەی لە فەرەنسیەوە وەرگیرابوو، گوڵی خوێناوی لەنوسینی گۆرانی شاعیر پێشکەش کرا.
بەبۆنەی ڕاپەرِینی 1948 شانۆگەری کەرەلۆتی مەنووچەر لە نوسینی #ئیبراهیم ئەحمەد# و ئامادەکردنی ئەحمەد غەفور پێشکەش کرا.
جارێکی تر بەهۆی بارودۆخی ڕامیاری ئەو کاتە ساڵانی 1948-1952 هیچ شانۆیەک پێشکەش نەکرا بەڵام دوای 1952 شانۆگەری کڵۆڵەکان لە نوسینی ڤکتۆر هۆگۆ پێشکەش کرا.
ساڵی 1957 کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان دامەزراو شانۆ لە قوتابخانەکانەوە هاتە دەرەوەو بووە سەرەتای چەسپاندنی جولانەوەی شانۆگەری لە سلێمانی.
هەرچەندە بارودۆخی سیاسی و نەبوونی کادیری تەواو نەهێشت ئەم کۆمەڵەیە ئەرکەکانی بە تەواوی جێ بەجێ بکات، بەڵام ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە پێگەیاندنی کادیری شانۆ و نوسەری شانۆ و هانی ژنانیشی دا ڕوو لە شانۆ بکەن و چەند تیپێکی شانۆگەریشی پێگەیاند لەوانە: تیپی شۆرش، تیپی خەبات
ئەم کۆمەڵەیە لە ساڵی 1958-1963 ئەم کۆمەڵەیە داخرا.
رۆژی #04-02-1969# تیپی نواندنی سلێمانی و لە 31ی12ی1969 کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی و لە12ی7ی1973 تیپی پێشرِەوی شانۆ دامەزراو شانۆ لە سلێمانی لەرووی دەرهێنان و دەق و ڕوناکی و دیکۆر و میکیاژەوە هەنگاوی زۆر چووە پێش.
لە ساڵانی 1970 و 1980کان شانۆگەری لە سلێمانی گەیشتە گەشاوەترین قۆناغی خۆیی و شانۆکاران ئەو ماوەیە بە ماوەی زێرینی شانۆ دادەنێن و گەلێک ئەکتەر و هونەرمەندی گەنج هاتنە ناو بوارەکەوەو نوسەری خۆماڵی باش سەریان هەڵداو جەماوەری شانۆ زیادی کرد بەجۆرێک هەر شانۆیەک لە مانگێک زیاتر نمایش دەکرا.
لەنیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو ئەم تیپە شانۆیانە لە سلێمانی هەبوون و مۆڵەتی ڕەسمیان هەبوو:
تیپی نواندنی سلێمانی 1969
کۆمەڵەی هونەرو وێژەی کوردی لقی سلێمانی 1969
تیپی پێشرِەو 1973
تیپە شانۆییەکانی سەر بە قوتابخانەکان
تیپی شانۆیی ڕۆشنبیری جەماوەر
تیپی سەندیکای کرێکاران
تیپی زانکۆ
تیپی مەڵبەندی گەنجان
لەشاری سلێمانی لەسەرەتای دەرکەوتنی شانۆ تا ساڵی 1958، 19 شانۆگەری پێشکەش کراوە
لەساڵی 1959 تا 1969 ئەم شانۆیانە پێشکەش کراون:
تیپی شۆرش 5 شانۆگەری، تیپی خەبات 4 شانۆ، تیپی قوتابخانەکان 2 شانۆ
لەساڵی 1969 تا ساڵی 1983 لەلایەن تیپە ڕێگەپێدراوەکانەوە 53 شانۆگەری پێشکەش کراوە، لەوانە 9 دانەیان زیاتر لە جارێک نمایشکراون.
نوسەرانی شانۆگەری لە سلێمانی: ئەبوبەکر هەوری، ئەحمەد سالار، ئەحمەد دەنگ گەورە، ئەمین میرزا کەریم، تەها بابان، جەمال بابان، حسێن عارف، سمکۆ ناکام، شێرکۆ بێکەس، عومەر عەلی ئەمین، عەلی توانا، عیزەت ئەحمەد، فەتاح کەریم، کەمال دڵشاد، کەمال هەنجیرە، کاوس زەنگەنە، مەکی عەبدوڵا، محەمەد سدیق مەحمود و چەند کەسی تر.
دەرهێنەرەکانی شانۆش لە سلێمانی بریتیی بوون لە:ئەحمەد سالار، ئەحمەد دەنگ گەورە، ئیسماعیل بەرزنجی، ئازاد حەمە بچکۆل، بورهان مەسرەف، تەها خەلیل، جەلیل زەنگەنە، جهاد دڵپاک، حەسەن تەنیا، ڕزگار کەریم، سمکۆ عەزیز، سەڵاح چاوشین، شەماڵ عەبدوڵا ڕەش، شەفیق محەمەد، عومەر عەلی ئەمین، عبدول حەمە جوان، عوسمان چێوار، عومەر دڵپاک، فازل جاف، فەتاح کەریم، فازل قەساب، کەمال هەنجیرە، کەریم عوسمان، کەمال سابیر، کامەران ڕەوف، ماهیر ڕەشید حەسەن، محەمەد فەرەج، مەجید ئوتوچی، نەوزاد مەجید.[1]