دەقی ڕاگەیەندراوەکەی #ئاسۆ مامەند#:
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان!
حەوت ساڵ لەمەوبەرو لە دوا ڕۆژەکانی مانگی یەکی ساڵی 2015داو لەکاتی بەرگریکردن لەخاکی پیرۆزی کوردستان، میللەتەکەمان و #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# #گەرمیان# ییەکان دوو ڕۆڵەی جوامێرو تێکۆشەرو فەرماندەی ڕۆژە سەختەکانی لە دەستدا و گەیشتنە کاروانی نەمران!
هەردوو فەرماندەو تێکۆشەرو پێشمەرگەی دێرین لیوا (#شێرکۆ فاتیح شوانی#) شەوی 29 لە سەر 30، و لیوا (#حسێن مەنسور#) ڕۆژی 31ی1 لەگەڵ پۆلێک لە هاوسەنگەرەکانیان لە بەرگرییەکی قارەمانانەی کەم وێنەدا لە خاکی پیرۆزی کوردستان لەگەڵ تاقمی تیرۆریستی #داعش# گەیشتنە کاروانی نەمران، و بەخوێنی گەشیان نەیانهێشت. #کەرکووک# و پێکهاتە ڕەسەنەکانی بکەونە دەست ئەو تاقمە تیرۆرستییەو بەگیانی خۆیان خەونی گڵاوی داعشیان لە گۆڕنا.
لە ماوەی چوار ساڵی شەڕی تاقمی تیرۆرستی داعش، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەپاڵپشتی هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی دلێری کەرکووک، گەورەترین نەبەردیی دژ بەداعش تۆمارکراو ڕێگە نەدرا ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش بەمەرامە گڵاوەکانی خۆیان بگەن و خاکی پیرۆزی کوردستان داگیر بکەن.
ئەڵبەتە سەروەری و شانازیی ئەو سەرکەوتنە گەورانەی کە ئەوێ ڕۆژێ بە سەر تاقم و گروپە تیرۆریستییەکاندا بەدەستهات، لە پێشدا بۆ شەهیدان و کەسوکارە سەربەرزەکانیانە، لە ناو شەهیدانیشدا بۆ تێکۆشەر و فەرماندە جوامێرەکانی وەک (لیوا شێرکۆ فاتیح شوانی) و (حسێن مەنسور)و هاوڕێکانیانە کە بەئازایەتیی و قارەمانێتی خۆیان، بوونە سیمبوڵی بەرەنگاربوونەوەو تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش، و هەر لەو پێناوەشدا گیانی خۆیان بەخت کرد.
لەم یادەدا سڵاو دەنێرین بۆ گڵکۆی شەهیدان؛ لیوا شێرکۆ فاتیح شوانی و لیوا حسێن مەنسوڕ، و سەرجەم شەهیدانی ڕووبەڕوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش!
ئاسۆ مامەند
سەرپەرشتیاری #کەرکووک# - سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!