ئاڵۆزترین دۆسیەی تاوان
ئامادەکردنی: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
منداڵێکی ئەمەریکی ڕەشپێستی بە ڕەچەڵەک ئەفریقی (جۆرج ستنی) بچوکترین مرۆڤ لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتوەکاندا، لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور لە (14-06-1944)دا لە تەمەنی چواردە ساڵیدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ کرا، بە تاوانی کوشتنی دوو کچ، شێوازی لەسێدارەدانەکەی لەسەر کورسییەکی کارەبایی بوو، لە ماوەی چەند خولەکێکدا بە تەزوو و هێزی 5380 ڤۆڵت گیانی لەدەست دا.
ئەو دوو کچەی کە کوژرابوون (بیتی جۆنی) تەمەن یازدە ساڵ و (ماری ئیما تایمسی) تەمەن هەشت ساڵ بوون.
لەدوای تێپەڕبوونی حەفتا ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە تاوانەکە، لەلایەن لێکۆڵەری تایبەت و دابینکردنی سێ پارێزەر، لەلایەن کەسوکاری (جۆرج ستنی)، گوێگرتن لە شایەتیدانی (کاترین ستنی) تەمەن حەفتا و نۆ ساڵی خوشکی، کە لە کاتی خۆیدا ڕێگەی پێ نەدرابوو شایەتی بدات.
بەدواداچون کرا بۆ ئەو ئامێرەی کە تاوانەکەی پێ ئەنجام درابوو، کە کێشەکەی زیاتر لە نۆزدە پاوەند بوو، کە ئەستەم بووە مناڵێک لەو تەمەنەدا، بتوانێت بەرزی بکاتەوە و بەکاری بهێنێت. ئەوە بوو بە بڕیاری دادوەر (کارمن موڵن) لەسەر ئەو تاوانەی کە بەسەریدا سەپێنرا، لە ساڵی 2014 توانرا بێتاوانی (جۆرج ستنی) لەو دۆسیە بسەلمێنرێت، بە هۆی نەبوونی بەڵگەی تەواو لە دۆسیەکەدا.
نووسەر (ستیڤن کنگ) چیرۆکی Green Mile ی نووسی. کە دواتر لە ساڵی 1999دا، کرا بە فیلم و (تۆم هانکس) ڕۆڵی (جۆرج ستنی) تێدا بینی.
$دۆسیەکە چی بوو کە جۆرج ستنی پێی لەسێدارە درا؟$
تاوانەکە لە نیوەرۆی (24-03-1944)دا ڕووی دا. کاتێک بیتی و ماری بە پایسکیل ڕۆیشتن بۆ لێکردنەوەی هەندێک گوڵ. لە ڕێگەکەیاندا بە لای ماڵی خێزانی ستنی، خێزانێکی هەژار بوون تێپەڕین، هەریەک لە جۆرج ستنی و کاترینی خوشکیان بینی، کە لە دەرەوەی ماڵەکەدا بوون.
لە دوای چەند سەعاتێک، شار پڕ بوو لە پیاوانی سپی پێست و هەتا درەنگانێکی شەو بە دوای دوو کچەکەدا دەگەڕان و نەیانتوانی بیاندۆزنەوە.
ڕۆژی دواتر لە دەوروبەری حەوت و نیوی سەر لەبەیانی پیاوەکان توانییان هەندێک شوێن پێ لە توولە ڕێیەکدا بدۆزنەوە، بەو ڕێگەیەدا ڕۆیشتن و مەقەستێکیان دۆزییەوە، زیاتر ڕۆیشتن و پایسکیلی کچەکانیان بینی و گەیشتن بە تەرمی هەردوو کچەکە، کە ئاسەواری ئەشکەنجەدان و شکان بە جەستەیانەوە دیار بوو.
لە دوای چەند کاتژمێرێک، پۆلیسی لێکۆڵینەوە ڕۆیشتنە ماڵی خێزانی ستنی و جۆرجیان گرت و بردیان بۆ بنکەی پۆلیس.
لە لێکۆڵینەوەدا جۆرج ویستی هاوکاری پۆلیس بکات، بەوەی کە بینیویەتی.
سەرتا جۆرج دانی بەوەدا نا کە لە دوای ڕووداوەکە هەردوو کچەکەی بینیوە، کە لەسەر زەوی بوون و خەڵتانی خوێن کرابوون و هێشتا یەکێک لە کچەکان نەمردبوو. دواتر جۆرج ساتێک دەوەستێت و ئینجا قسەکەی دەگۆڕێت و دەڵێت: پێش ڕووداوەکە هەردوو کچەکە بەلای من و کاترینی خوشکمدا تێئەپەڕن و پرسیاری ئەوەمان لێ دەکەن، لە چ جێگایەک گوڵ هەیە بۆ ئەوەی هەندێک گوڵ لێ بکەنەوە؟
جۆرج بە هۆی کەمی تەمەنیەوە، ترس و شڵەژانی پێوە دیار دەبێت.
دواتر هەموو پیاوە سپیپێستەکان، شایەتی لەسەر ئەوە ئەدەن کە جۆرج کچەکانی کوشتووە و جۆرج خۆی دانی بە تاوانەکەدا ناوە.
ئەوەی کە نوسرابوو لە دۆسیەکەدا و ئەوەی کە جۆرجی پێ تاوانبار کرابوو. گوایە جۆرج ویستویەتی، دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر بیتی و تەنها ڕێگە بۆ ئەوەی ئەم کارە بکات، کوشتنی ماری بوو، بۆیە یەکەمجار ماری دەکوژێت، دواتر بە هۆی ئەوەی بیتی بەرگری دەکات و ناهێڵێت کە کارەکە ئەنجام بدات، ئەویش دەکوژێت.
بە هۆی واقعی ڕاسیستی ئەو ناوچەیەوە، نەیان هێشت کە خێزانی ستنی چیتر لەو ناوچەیەدا بمێننەوە، باوکی جۆرج لە کارەکەی دەرکرا و خێزانەکەشی شاربەدەر کران.
تەنانەت بە هۆی هەژاریشەوە نەیانتوانی پارێزەر بۆ جۆرج دابین بکەن.
ئەوە بوو لە کاتژمێر دوو و نیوی ڕۆژی (21-04-1944)دا، بڕیاری لەسێدارەدان بۆ جۆرج ستنی دەرچوو، لە (14-06-1944)دا بڕیارەکە جێبەجێ کرا.
هیچ شایەتییەک نەبوو کە لە بەرژەوەندی جۆرج بێت، هەروەها تێهەڵچوونەوە لە بڕیاری دادگادا نەبوو، کە تەنها بە پارێزەر دەکرا و خێزانی جۆرج نەیانتوانی تێچووی پارێزەر دابین بکەن.
هەندێک لە ڕێکخراوەکان و کەنیسەکان داوایان لە ئولین تولماج حاکمی ناوچەکە کرد کە ڕێگری بکات لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی جۆرج و بە سزادانێکی هیتلەری هەژماریان کرد. یەکێک لەو پەیامانە بەم شێوەیە نوسرابوو (Chelid execution is only for Hitler)
هەروەها مرۆڤە ڕاسیستەکان دڵخۆشی خۆیان بۆ بڕیاری دادگا دەربڕی و کەسێک بەم شێوەیە پەیامی خۆی نوسیبوو. (Sure glad to hear of your decision regarding the nigger Stinney) هەندێکی تر پێیان وابوو کە جۆرج قوربانییە و بەر شاڵاوی ڕاسیستەکان کەوتووە.
جۆرج نەیتوانی پارێزگاری لە خۆی بکات، تەنانەت هیچ دەرفەتی ئەوەی پێ نەدرا کە پارێزەری هەبێت و بتوانێت پارێزگاری لێ بکات و تێهەڵچوونەوە بە بڕیاری دادگادا بکات بە هەموو دڕندەییەکەوە توانرا مافی ژیان لە جۆرج وەربگرنەوە.
بەم بڕیارەی دادگا، جۆرج ستنی بوو بە کوڕی مێژوو بە هۆی ئەوە کە بچوکترین کەس بوو لە سەدەی بیستدا سزای لەسێدارەدانی بە سەردا سەپێنرا.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!