بابەت: گێڕانەوە
ئامادەکردنی: #ئارام ڕەفعەت#
ئەمە دایکە #ئیپەک ئاتەش#ە.
چیرۆکی ئەم دایکە تەوێڵ بەرزەی کورد نە هیچ کتێبێکی پیرۆز توانای گێڕانەوەی هەیە و نەهیچ زوومێکی سینەماییش توانای تۆمارکردنی، لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کوڕە نازدارەکەی دەخرێتە زیندانە تارەکەی تورک لە #ئامەد#.
ئەو زیندانەی بە یەکێک لە دە زیندانە هەرە سامناکەکانی جیهان دەژمێردرێت، تاوانی کورەکەی کوردبوون بوو.
چیرۆکە تراژیدیاکەی ئیپەک ئاتەش لێرەوە دەست پێدەکات.
ئەو هەموو موهاجەیەک پێش هەموو دایکە کوردەکانی تر دەگەییشتە بەردەم زیندانەکەی تورک.
ئیپەکی مەزن جگە لەکوردی هیچ زمانێکی تری نەدەزانی، بەڵام کوردی یاساخ بوو،
ئیپەک لەزینداندا دەبوایە بەزمانی داگیرکەر، بە زمانی تورکی، لەگەڵ کوڕەکەی بئاخاوتایە.
ئەگینا لەپێش چاوی ئیپەک داگیرکەری تورک کوڕەکەیان ئەشکەنجە دەدا.
بەڵام، ئەو لەزمانی داگیرکەر تەنها یەک وشەی دەزانی،
نەسلسنز؟
واتە چۆنی؟.
لە هەموو دیدارێکیدا، دایکە ئیپەک کە باوەشی بەکوڕەکەیدا دەکرد و
هەموو جارێک ئەو تەنها یەک ڕستەی دەگووت.
دەیگووت کامبەر ئاتەش نەسلسنز.؟
بۆ ئەوەی کورڕەکەی ئەشکەنجە نەدرێت، دایکە ئیپەک دەبوایە دان بەخۆیدا بگرێت و قسە نەکات...
ئاخر ئەو هەر کوردی دەزانی و بە زمانی داگیرکەر نابەڵەد بوو.
دوای ڕستەی نەسڵسنز، دایکە ئیپەکی فریشتە و کاکە کامباری کوردپەروەر بەبێدەنگی لەیەکتری ڕادەمان....
رامان، بەڵام چ ڕامانێک!
رامانی دایکێکی فریشتە و ڕۆڵەیەکی شۆڕشگێڕ!
رامانی دایک و فەرزەندەیک و هەزاران حەسرەت و ئومێد و خەون و خولیا!
ئەمە چیرۆکەکەی دایکە ئیپەکە!
چیرۆکێک لەهەزار و یەک شەوە درێژتر!
چیرۆکێک درێژتر لە سەعاتەکانی مواجەهەکە و درێژتر لە ساڵانی زیندانی سامناکترین زیندانەکانی جیهان!
ئیپەک ئاتەش ئەمڕۆ #11-02-2022# گەڕایەوە باوەشی نیشتیمانی دایک!
لەگەڵ خۆیدا هەزاران حەسرەت و هەزاران ئومێد و هەزاران چیرۆکیشی بردە ژێر گڵ.!
ئەمڕۆ دایکێکی کورد ژینئاوایی کرد... دایکی نەتەوەیەکی ژێردەست.
ئێستا پێم بڵێن، چ کتێبێکی پیرۆز دەتوانێت تێڕامانەکانی دایکە ئیپەک بکاتە وشە و چ زوومێکی سینەماییش دەتوانێت بیکاتە وێنە..؟
وێنەکە ئیپەک ئاتەش و کوڕەکەی کامبەر ئاتەشە.
[1]