ئەی موتریبی حەریفان دەست کەن بە نەغمەخانی
ئاوازی تۆیە بۆ دڵ وا دەفع ئەکا غەمانی
بەزمت شەفایە سا دەی، بۆم لێدە بەربەت و نەی
ئه و دەردی دڵ هەتا کەی، چی ماوە عومری فانی
موتریب بە ساز و نەی بێ، ساقی بە جامی مەی بێ
تا عاجزی مە تەی بێ، ڕوو کەینە شادمانی
ڕەنگ و هەوایی تۆیە، دەنگ و سەدایی تۆیە
کەیف و سەفایی تۆیە، بە عەیش و جاوەدانی
با ساقی ڕوو لە مەی کا، بێ دەفعی ئەو غەمەی کا
جەمشیدی جام و کەی کا، کەی دا ئەمانی مانی
بۆم لێدە چەنگ و عوودە، ڕەمزە لە یا وەدوودە
با کۆرە بێ حەسوودە، ئەم سڕڕە با نەزانی
ساقی لە دڵ حەزەر کە، چارەم لە دەردی سەر کە
جارێکی یەک نەزەر کە، بۆ (سافی)ی هیرانی
#سافی هیرانی#[1]