دڵی دێوانە ویساڵی لەبی جانانی دەوێ
بولبولی شیفتە خەندەی گوڵی باغانی دەوێ
دڵ لەسەر پەرچەمی شێواوە ئەسیری زەنەخە
ئارێ ئارێ ئەوە دێوانەیە زیندانی دەوێ
بە کوڵی گریەیی من بۆیە گوڵم پێدەکەنێ
شەکەر و گوڵ دەفرۆشێ دوڕ و مەرجانی دەوێ
بەستەیی زولفییە، بۆ زاری دەناڵێ گوڵەکەم
تووتیی گوڵشەنی هیندە شەکەرستانی دەوێ
دڵ بە سەد جێگە لە نێو زولفی دەسووتێ بە عیزار
پادشای حوسنە بە شەو حوکمە چراغانی دەوێ
غەزەلی تورفەیی من قەت نییە بەو ناسکییە
بۆ لەبەر کردنی دانایێ قەدرزانی دەوێ
خەستەیی چاوتە سووتاوە وەفایی ساقی
سەرخۆشی بادەیی سادێکە غەزەلخوانی دەوێ[1]
#وەفایی#