ناونیشان: تاقیکردنەوە لەترساندنەوە بۆ پێشوازیکردن
نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
تاقیکردنەوە پرۆسەیەکە لەناو کایە و ڕەهەندەکانی کۆمەڵگەدا، بەشێوازی جیاواز ئەنجامدەدرێت، بۆ دیاریکردنی ئاست و هەڵسەنگاندنی کارو لایەن و کەس دیاریدەکرێت.
$تاقیکردنەوە لەناو پرۆسەی پەروەردەدا بەدوو شێواز ئەنجام دەدرێت، ئەوانیش:$
1- تاقیکردنەوەی زارەکی
ئەم جۆرە، بریتیە لە هەڵسەنگاندن، بەشێوازی (وتن و زارەکی) لەڕێگەی دەربڕینەوە، لەم شێوازەدا زۆرجار ناتوانرێت بەشێوازێکی دادپەروەرانە بخرێتە قاڵبی تاقیکردنەوەی پێوانەی دروستن چونکە زۆرجار ئەوکەسەی سەرپەرشتی دەکات هەندێ لایەنی دەروونی و حاڵەتی خوێندنەوەی تایبەتی کار لەسەر هەڵسەنگاندن و دانانی نمره و ئاستەکەدا دەکات، وەک پێویست ماف بە بەرامبەر نادات.
یان وەکو خۆی ئاستەکە ناتوانرێت دیاری بکرێت.
ئەم جۆرە تاقیکردنەوەیە، زیاتر لە بازنەی یەکەمی قۆناغی بنەڕەتی ئەنجامدەدرێت، واتە پۆلەکانی خوێندنی (1بۆ3).
2-تاقیکردنەوەی نوسینەکی
ئەم جۆرە لەتاقیکردنەوە، پشت دەبەستێت بە هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی ئاست، بە نوسین جا ئه و نوسینە لەسەر پەڕەی کاغەز بێت یان بۆرد و شێوازەکانی تر، لەم شێوازەدا تاڕادەیەک و ئاستێکی باشتر هاوسەنگی لە هەڵسەنگاندن دەپارێزرێت بەبەراورد لەگەڵ شێوازی تاقیکردنەوەی زارەکی
بەچاوگێرانەوە و ئاوڕدانەوەیەکی مێژوویی بۆ یەکەم ئەزمونی تاقیکردنەوە ئەبێ بگەڕێنەوە بۆ مێژووی چینییەکان کە یەکەمجار ئەوان تاقیکردنەوەی نوسینەکیان داهێنا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 2200 ساڵ پێش زایین بەتاقیکردنەوەی ئیمپراتۆری ناسراوە، فەرمانبەرەکانی خۆی دەخستە ژێر ئەزمون و تاقیکردنەوە بەهەرسێ ساڵ جارێک ئەم تاقیکردنەوەیە ئەنجامدەدرا بۆ دیاریکردنی ئاست و دانانیان و بەرزکردنەوە پلەکانیان و بە پێچەوانەوە، واتە لابردن و دەرکردنی ئەوانەی له و تاقیکردنەوەیە دەرنەدەچوون.
له و مێژووەوە تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندن بوو بەکارێکی گرنگ بۆ هەموو بەش و سێکتەر و لایەنکانی ژیانی کۆمەڵگەی چیینی و پەلیهاویشت بۆ بەشەکانی تری جیهان، لە قوتابخانه و خوێندنگەکانیش هەمان کار کرا.
لەمێژووی مرۆڤایەتیدا ئەوە سەلمێندراوە کە تاقیکردنەوە خۆی هەنگاوێکی گەورە و گرنگە بۆ کارو پڕۆژە گرنگ و پڕبایەخەکان.
ئیبراهیم کەونی دەڵێ : (هیچ مرۆڤێکی گەورە بەبێ تاقیکردنەوەی گەورە نابێت، وە هیچ مرۆڤێکی گەورە بێ ئازاری گەورە نابێت).
دیارە لەناو ژیاندا و بۆ هەڵسەنگاندنی مرۆڤەکان تاقیکردنەوە گرنگ و پێویستە، لەناو کۆمەڵگەی کوردەواریشدا وتویانە سەفەر و مامەڵە سەنگی مەحەکی ناسینی کەسەکانە.
لێرەوە جیاوازییەکە دەردەکەوێت لەنێوان تاقیکردنەوەی ژیانی ئاسایی و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانی ترو دیاریکردنی ئاست، لەگەڵ تاقیکردنەوەی ناو ناوەندەکانی خوێندن ئەمە وەک نمونەیەک باسمکرد کە ئەوەش جۆرێکە لە هەڵسەنگاندن و پێوەر بۆ زانین و ئاشنا بوون بە ڕادەی دڵسۆزی و گونجان و نزیکی لە کەسانی تر.
ئەلبێرت ئەنیشتاین(1879-1955) وتویەتی: (ڕاستی ئەوەیە بسەلمێنرێت، لەبەردەم تاقیکردنەوەدا)
لەم وتەیەی ئەنیشتاین دەردەکەوێ زانین و دیاریکردنی ئاست بەتەنها بە تاقیکردنەوە دەزانرێت.
تاقیکردنەوە لەم ناوچەیە بەگشتی و لە کوردستاندا بەتایبەتی بۆتە ئه و مۆتەکەیەی نەک هەر منداڵان بەڵکو گەورەکانیشی توشی ئازاری دەروونی کردوە، زۆربەمان ئه و شەوانەی بۆ بەیانیەکی تاقیکردنەوەمان هەبووە ئارام نەنوستووین و چەندین خەوی ناخۆشمان بینیوە هۆکارەکانیش زۆرن لەوانە:
1- دروستکردنی دڵەڕاوکێ و ترس لەلایەن مامۆستاکانەوە بۆ قوتابیان.
2- نیشاندانی تاقیکردنەوە وەک تاکە پێوەری هەڵسەنگاندن.
3- دروستکردنی نائارامی هۆڵی تاقیکردنەوه و جیاواز لەڕۆژانیتر.
4- مامەڵەکردنی توند و لێپرسینەوە لە قوتابیان و خوێندکاران و دوورخستنەوەی کورسیەکان لەیەکتر و پشکنین و چاودێریکردنی ووردو گەڕان بەناویاندا
ئەمانە ئه و هۆکارانەن کە منداڵان لە تاقیکردنەوە دەترسن دیارە ترسیش هەمیشە دەبێتە دڵەڕاوکێ و سەرنەکەوتن.
بۆ ئەوەی شێوازی تاقیکردنەوەکان گۆڕانکاری تێدا بکرێت و له و مۆتەکەیە ڕزگاری بکەین پێویستمان بە پلان و پڕۆژەی نوێ و دیدی نوێی هاوچەرخ هەیە تا بتوانین تاقیکردنەوەکان لای قوتابیان و خوێندکارانی خۆشەویست بکەین و وایان لێبکەین پێشوازی لێبکەن نەک لەترسا ئەوەی ئەشیزانن بیریان بچێتەوە، هیوادارم ئەم داوایەم جێبەجێبکرێت و هەنگاوی بۆ بنرێت.[1]