گەوارەی بوهارێیه
لە هەولێرێ دەوترێت: گەوارەی بوارێیە، یان بوهارێیە: گەوارە، گەواڵە، پەڵە هەورێکی ڕەنگ تاریکە بەهۆی پڕ ئاو ییەوە لەماوەیەکی کەمدا بارانێکی کورت و خێرا و بەخوڕی لێ دەکەوێتەوە، به و بارانەی کە له و پەڵە هەورە دروست دەبێت دەوترێت(گەوارە)، خاسیەتی گەوارە وایە ڕووبەرێکی کەم لە زەوی دەگرێتەوە کورد بۆ کەمی ئه و ڕووبەرگرتنە وتویەتی: (گەوارەی بوارێ، سەری کەرەبابی دەگری، کلکی کەرەبابی ناگری) جگە لەوەش ماوەی دابارینەکەی زۆر کورتە لەوانەیە تەنها چەند خولەکێک بخایەنێت، بەڵام زۆر خێرا و بەهاش و هوشە دەتوانێت لەماوەیەکی نزیک و چاوتروکانێک زریان و لاڤاو دروست بکات، ئه و خاسیەتانەی گەوارە(دابارینی له ماوەیەکی کورتدا و بەخێرایەکی زۆر بە سەر ڕووبەرێکی کەمی زەویدا و لێکەوتەکانی) وایکردووە وەرزێر و جوتیار و کشتیار و لادێنشیانی کورد ئه و ئیدیۆمە جوانەی لێ دروست بکەن، وەکو ڕێنوێنی و ڕێنمایی و هۆشداری بۆ شتێکی کاتی کە هەڕەشە و گوڕەشەی هەبێت و گڕەوفڕەی دروست بکات، تەنیا بۆ ماوەیەکی کەم پێویستە خۆی لێ بە دووربگرین، چونکە کتوپڕە و خێرا تێ دەپەڕێت و دەگوزەرێت پاش کەمێک لێکەوتەکانیشی نامێنن بۆیە وتراوە: گەوارەی بوهارێیە دێت و دەڕوا. [1]