واتای کەرامەت و بێکەرامەتی تاک چییە؟
نووسینی: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
کەرامەت مافی تاکە، کە بەهاداربێت، ڕێزی لێبگیرێت و بە ڕەوشتەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. کەرامەت بابەتێکە کە گرنگی خۆی هەیە لە هەریەک لە بوارەکانی ئەخلاق و یاسا و بە یەکێک لە مافە سروشتی و یاساییەکانی تاک دادەنرێت.
زاراوەکە هەندێک جار بەکاردێت بۆ وەسفکردنی کرداری تاکەکەسی و لە بەکارهێنانی هاوچەرخیشدا وشەکە ئاماژەیە بۆ ڕێز.
بێکەرامەتکردنی تاک، مەرج نییە بە تەنها لە لایەن سیاسییەکانەوە بێت، بەڵکو لە ناو هەموو چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگادا ئەم دیاردەیە دەبینرێت.
بە گشتی لە ناو ئەو وڵاتانەی یاسا تێیدا باڵادەست نییە، یان یاسا پاڵپشتی لە کەسە دەوڵەمەند و حزبییەکان دەکات، زۆر بە ئاسانی کەرامەتی تاک تێیدا ئەتک دەکرێت و هیچ پێوەرێک بۆ مرۆڤ بوون لە ئارادا نامێنێت، لە ناو کۆمەڵگا دواکەوتووەکانیشدا کە توانای هیچ داهێنانێکیان بۆ مرۆڤایەتی نەبووە و نییە و تاکەکانی وەک پێویست هۆشیار نیین و توانای بیرکردنەوەیان نییە و لە ڕووی فیکرەوە تەنانەت ئامادەی پرسیارکردنیشیان نییە و هەوڵی تێگەیشتن نادەن و عەقڵیەتیشیان ژێر دەستەی کەسانێک دەکەن، کە بە ئاسانی فریویان دەدات و فکریان قۆرخ و دەستبەسەر دەکات، لێرەدا و بەم شیوەیە دیسانەوە کەرامەتی مرۆڤەکان تێیدا پارێزراو نابێت.
وتەیەک هەیە دەڵێت؛ (هیچ بەهایەک بۆ مرۆڤ لە کەرامەتی خۆی گرنگتر نییە) ئێمە وشەی کەرامەت بەکاردەهێنین بۆ دەربڕین لە بڕوابەخۆبوون، ئەگەر بێتو ئەم بەهایە لە مرۆڤدا بشکێت، ئەوا لەوانەیە هەموو بەهاکانی دیکەی مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا بێنرخ بکات. سەرەڕای پێکەوەبەستنی هەموو بەهاکان بەیەکەوە، دەکرێت بگوترێت کاتێک مرۆڤ ئازادی لە دەستدەدات و نایەکسانی لە نێوان ژیانی خۆی و ژیانی کەسێکی دیکەی ناو کۆمەڵگاکەی دەبینێت، ئەمە واتای ئەوە ناگەیەنێت، کە ئەو مرۆڤە کەرامەتی لە دەستداوە، بەڵام بە پێچەوانەوە مرۆڤ هەر کات کەرامەتی خۆی دۆڕاند ئەوا نە ئازادی و نە یەکسانی و نە هیچ شتێکی دیکەش نابێتە فریادڕەسی.
مرۆڤ هەموو کات شانازی بە کەرامەتی خۆیەوە دەکات، ئەو کردار و پەیوەندییانە ڕەتدەکاتەوە، کە کەرامەتی بشکێنێت، بۆیە زۆرجار کەسێک دەڵێت من ئەم ڕەفتارە قبوڵ ناکەم، یاخود ئەم کارە ناکەم، یان لەم پەیوەندییەدا بەردەوام نابم، چونکە کەرامەتم ڕێگەم پێنادات.
وشەی (ڕێگەم پێنادات) ئەویش گوزارشتی خۆی هەیە، چونکە (کەرامەت) لە ویست و حەزەکانی دیکەی مرۆڤ بەرزترە، زۆر جار کەسێک لەوانەیە حەز و ویستی بۆ ئەو کارەش هەبێت، بەڵام کە ڕێز نەگرتنی و زەلیل بوونی تێدا بەدیکرد، ئەوا ڕەتی دەکاتەوە و لە پێناو حەز و ئارەزووەکانیدا کەرامەتی خۆی ناشکێنێت.
چەندین شێواز هەن، کە وا لە مرۆڤ دەکات هەست بە زەلیلی و شکاندنی کەرامەتی بکات، ئەم هەستەش لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر و لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێکی تر دەگۆرێت.
ڕەنگە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازتر بێت، بۆ نموونە مرۆڤ ڕەنگە پێوەرێکی دیاریکراوی قسەکردن یان شێوازی مامەڵەکردنی دیاریکراو لە ناو کولتوورێکی دیاریکراودا قبوڵ بکات و بە لایەوە کارێکی سروشتی بێت، بەڵام لە ناو کولتوورێکی دیکەدا و بە لای کەسێکی دیکەوە ڕەنگە سوکایەتیکردن و شکاندنی کەرامەتی کارێکی ئاسایی نەبێت.
نموونەش بۆ ئەمە، لە ناو کۆمەڵگای ئێمەدا ژن هەیە هیچ پێوەر و سنوورێکی بۆ بەرامبەرەکەی دانەناوە بەوەی کە ڕێزی بگیرێت و کەرامەتی نەشکێنرێت، ژن هەن ڕۆژانە لە لایەن مێردەکانیانەوە یان خێزانەکانیانەوە توندوتیژی لە بەرامبەریان دەکرێت و لێیان دەدرێت و سوکایەتییان پێدەکرێت، کەچی بە لایانەوە کارێکی ئاساییەوە و قبوڵی دەکەن و باوەڕ و قەناعەت و شوکرانەی ئەو ژیانەش دەکەن، چونکە دڵنییاییەکیان لا دروست بووە بەوەی ئەگەر بێتو قبوڵی ئەو ژیانەش نەکەن، ئەوا دواتر لە لایەن چواردەور و کۆمەڵگاوە زیاتر کەرامەتیان دەشکێنن.
بە پێچەوانەی ئەوەشەوە ژنانێک هەن بچوکترین قسەپێوتن یان بێڕێزی لە لایەن هاوسەر و خێزانەوە قبوڵ ناکەن و بە شکاندنی کەرامەتی دەزانن و لەو ڕووەوە پێوەرێکی گرنگیان بۆ ئەو مەبەستە داناوە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ڕادەی هۆشیاری تاکەکان و تا چەند دەتوانن پشت بە هێز و توانای خۆیان ببستن بۆ ئەوەی کەرامەتیان پارێزراوبێت.
ڕەنگە مەرجی گشتی بۆ کەرامەتی مرۆڤ لەم گوتە بەناوبانگەدا دەرببڕێ: (ئازاد بوونی مرۆڤ لە ترس، یاخود ویست یان پێویستی).
ئەم لێدوانە دوو ڕەهەندی بنچینەیی بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ پێناسە دەکات؛
ڕەهەندی یەکەم: پەیوەندی بە ڕۆح و نەفسی مرۆڤەوە هەیە کاتێک سوکایەتی پێبکرێت، ئەگەر کەسەکە بترسێنرێت یان لە ڕووی دەروونییەوە ستەمی لێ بکرێت یان زەلیل بکرێت، لە کاتێکدا
ڕەهەندی دووەم: پەیوەندی بە لایەنی ماددی جەستەییەوە هەیە ئەگەر کەسەکە برسی بکرێت یان ئەشکەنجە بدرێت یان جەستەی وەک کەرەستەیەکی سێکسی بەکاربهێنرێت.
هەروەها کۆیلایەتیش بە گەورەترین پێوەری شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ دادەنرێت، چونکە لەو ڕووەوە مرۆڤ دەبێتە موڵکی کەسێکی دیکە و بێ ئیرادە دەکرێت. کاتێک باس لە کۆیلایەتی دەکەین مەبەستمان تەنیا شێوە تەقلیدییەکانی نییە، بەڵکو شێوە هاوچەرخەکانی لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و لەشفرۆشی و کاری زۆرەملێ و بەکارهێنانی جەستە بە تایبەتی جەستەی ژنان وەک کاڵایەک مامەڵەی پێوە بکرێت.
ماوتەوە بڵێم؛
پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ بە یەکێک لە بەها گەورەکانی ناو مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت، مافی ئازادیی تاکەکەسی و مافی نیشتەجێبوون و کار و موچەی شایستە.. هتد.
وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەو وڵاتە پێشکەوتووانەی، کە کەرامەتی مرۆڤ تێیدا تاڕادەیەکی زۆر پارێزراوە و عەقڵیەتی زۆرەملی ناسەپێنن و دوژمنایەتی تێڕوانینە جیاوازەکانی دیکە ناکەن، بەڵکو تەنیا ناکۆکیان لەگەڵ ئەو وڵاتانە و ئەو کەسانەدا هەیە، کە کەرامەتی مرۆڤ پێشێلدەکەن یان لە ژێر هەر ناوێکدا پاساو بۆ پێشێلکارییەکانیان دەهێننەوە. جا لێرەدا زۆرێک لەو کەسانەی مافی مرۆڤ بە کولتووری ڕۆژئاوای دەزانن، خۆیان چاویان لە وڵاتانی ڕۆژئاوایە و سوود لە تەکنەلۆژیا و دەستکەوتەکانیان دەبینن، بۆ بە سەربردنی خۆشییەکانیان سەردانی ئەو وڵاتانە دەکەن و منداڵەکانیان دەنێرن بۆ خوێندن لە زانکۆکانی ڕۆژئاوا، کاتێکیش پرسیاریان لێ بکرێت بەوەی بۆچی منداڵەکانیان بۆ خوێندن و ژیان دەنێرنە وڵاتانی ڕۆژئاوا؟ لە وەڵامدا دەڵێن: چونکە لەو وڵاتانەدا ڕێز لە مرۆڤ دەگیرێت و کەرامەتی پارێزراوە. جا ئەمەش خۆی لە خۆیدا دووفاقیەکی گەورەیە و زۆریش هەڵدەگرێت هەتاوەکو لە سەری بدوێین.[1]