نان کەرت بوو، خۆی ناگرێتەوە
گێڕانەوەی کوردەواری زۆرە لە سەر نان کەرت بوون، دەگێڕنەوە هەیاس و سوڵتان بەیەکەوە بەلای کولانە سەگێکدا تێ دەپەڕن، چەند گوجیلەیەک سەریان بەشان و باڵ و سکی یەکترییەوە ناوە و زۆر جوان و کپ لێی خەوتوون، سوڵتان دەڵێت: خۆزگەم بە خۆیان و تەبایی و پێکەوەژیانیان سەیرکە هەیاس چەند جوان پێکەوە بەئارامی خەوتوون وەکوو برایان، هەیاسیش دەڵێت: قوربان ئەوانە بەرژەوەندی لە نێوانیاندا نییە، ئەگەرنا بە و شێوەیە نایانبینی، ئەگەر پارچە گۆشتێک یان نانێک بخەیتە بەردەمیان ئەوا لەسەری بە شەڕ دێن، لێرەش ئیدیۆمی (نان کەرت بوو، خۆی ناگرێتەوە) لەسەر هەمان شێوەی ئەو بێچووە سەگانەوە هاتووە، خێزان کە لە دایک و باوک و خوشک و برا پێکهاتوون، بەر لەوەی لە یەکتری جیا ببنەوە و ببنە خاوەنی ماڵ و منداڵی خۆیان ئەوا هەموویان بە خۆشی و بەختەوەری دەژین لە هەبوونی و نەبوونیدا، هەموو شتێک لە و ماڵەدا هی هەموویانە، داکۆک و تەبا و هەرەوەز و پێکەوەن لە هەموو بوار و لایەکەوە، بەڵام کاتێک کیژ یان کچێکیان لە ماڵ دەردەچێت و شوو دەکات یان کوڕێکیان ژن دەهێنێت و دەبێتە خاوەن ماڵی خۆی ئەوا ئەو تەبا و ڕەباییە و متمانەیە وردە وردە کەم دەبێتەوە وەکوو پێشتر نامێنێت لە هەموو ڕووەکانەوە، نانەکە کراوە بە نموونەیەکی جوان لە ڕووی بەرجەستەبوونەوەش نانێک ببێتە دوو پارچە، پارچەکان بە یەکترییەوە نانووسێنەوە و یەکتری ناگرنەوە وەکوو خۆی لێ نایەتەوە، بۆ گوزارشتکردن لە و حاڵەتە لە کوردەواریدا بە ئیدیۆم وتراوە: نان کەرتبوو، خۆی ناگرێتەوە. [1]