چرکەساتی دزینی خۆشەویستی و چەند چیرۆکێکیتر
#شەماڵ بارەوانی#
کتێبێکی تری خاتوو(فەزیلە ئەلفاروق) ژنە نووسەر و ڕۆماننووسی ئەمازیغی بەڕەگەز جەزائیریە، چرکەساتی دزینی خۆشەویستی و چەند چیرۆکێکیتر..
23چیرۆک لەخۆی دەگرێت و فەزیلە خان لەمیانیدا تیشک دەخاتە سەر حەز و خولیا و ئازار و نەهامەتیەکانی ژن، لەکۆمەڵی نێرساڵاریدا و لە خواست و خەونەکانی ژن، لەماف و ئازادیەکانی ژن، لەموعانات و عەزابەکانی ژن دەدوێت،
فەزیلە پێمان دەڵێت، ژن لەئەزەلەوە هەبووە و تا ئەبەدیش هەردەبێت، ژن هەوێنی ژیانە، چاوگی داهێنانە، ژن تەواوکەری کۆمەڵە، ژن خۆشەویستیە، ژن هۆکاری مانەوەی بوونە، ژن نەبێت پیاو نابێت، ژن نەبێت عیشق و خۆشەویستی نابێت، ژن نەبێت ژیان نابێت، فەزیلە ژنە نووسەر و بوێر و یاخییەکە، ئەو ژنەی فرمێسک و عەزابەکانی ژن، خەون و هیواکانی ژن و بوێریەکەی خۆی تێکەڵ بە زمانی شیعری کردووە، تا هەمان شێوەی ژنە پزیشک و ڕۆماننووس و نووسەری ناوداری کۆچکردووی بەڕەگەز میسری (نەوال سەعداوی) هەمیشە زیندوو لەڕێگای چیرۆک و ڕۆمان و نووسینەکانییەوە، لە خەم و خەون و نەهامەتی و ئازارەکانی ژن بدوێت لەکۆمەڵە ڕۆژەهەڵاتیەکاندا، فەزیلە خان دەنگی ویژدانی ژنە و ئەو ئەشک و هاوار و قیژە شکاوەکانی ژن دەنووسێتەوە، دەنگە کپ بوو و خنکاوەکانی ژن بەجیهان و مەردم و مرۆڤایەتی دەناسێنێت، سنوورەکانی تابوو و هێڵە دەستکردەکان و بڤە و قەدەغەکان و بیری نێرسالاری و مینتاڵێنتی خێڵگەرێتی دەبەزێنیت و دەچێتە هەرێمەکانی ترس و زۆر بوێرانە باس لە غەریزە و شەهوەتی ژن و چەوسانەوەی ژن و پیتەکانی شەرم دەکات و لەڕوانگەیەکی بەتی و ئەپستراکتی فێنێمزمیانە و یەکسانی جێندەریانەی دوور لە تەفسیر و تێگەیشتنێکی پاتریارکیانە و کۆنەپەرستانە و مەزهەبیانە، لەچرکەساتەکانی دزینی ژنبوونی ژن و خۆشەویستی ژن دەدوێت و ئیعرابی ژنبوون و خەونەکانی، ژن و ئاواتەکانی، ژن و موعاناتەکانی دەکاتن، هەر یەک لەڕۆمانەکانی(هەرێمەکانی ترس، پیتی شەرم، دۆزینەوەی شەهوەت و چرکەساتی دزینی خۆشەویستی و چەند چیرۆکێکیتر) بەڵگەی ئەوەن کە فەزیلە قەڵەمێکە لەپێناو ژن بوونی ژن، لەپێناو خەونەکانی ژن و مرۆڤ بوونی ژن دەجەنگێت و خەبات دەکات، بەڵێ فەزیلەخان هاواری هەموو ژنێکی ستەم دیدە و چەوساوەیە، ئەو چوار بەرهەمە ئەدەبیە مەزن و ناوازەیەی کە ئاماژەم پێدان،
هەمووی ڕەنگدانەوەی موعانات و ئازارەکانی ژن و هەڵگری پەیامی ژن بوونن، لەجڤاتە ڕۆژهەڵاتیەکان، ئەو جڤاتانەی پایەکانی خۆیان لەسەر بنەمای ئەقڵیەتی نێرگەرێتی و خێڵگەرێتی و مەزهەبگەرێتی قاییم و پتەو کردووە، لەو جڤاتانەی هێشتا وەکو پلە دوو و پاشکۆ و کۆیلە و سێبەر و خزمەتکاری پیاو، لەژن دەڕواندرێت و یەکسانی بوونی ژن لەگەڵ پیاودا، وەکو مرۆڤێکی خاوەن کەرامەت و ڕێزو ماف بەڕەوا نابیندرێت! ئەو کۆمەڵانەی پیاو تێیدا هەموو شتێک و سەید و بڕیار بەدەستە و ڕەگەزی مێینەی وەکو مەڕ چواریان دەبێت لەدوای پیاوێک ڕیز ببەستن و ڕێبکەن و نوێنی پیاوێک گەرم کەنەوە و ئارەزوەکانی پیاوێک دامرکێننەوە، جڤاتگەلێک هەر لەمنداڵی و تەمەنێکی زۆر زووەوە خەونەکانی کچ و مێینە دەدزن و ئاواتەکانی تیرۆردەکەن، ڕەگەزی مێینە لەسەر هونەری کۆیلایەتی پەروەردە دەکەن و فێری یاساکانی سەرشۆڕی و گوێڕایەڵی دەکەن و لەسەر خۆبەکەم زانین و شوێنکەوتەیی پرۆڤەی پێدەکەن و هێز و توانا و ژیانی ژن و ژن بوونی ژن دەکوژن و مرۆڤ بوونی خەفەدەکەن، جڤاتێک دەمەوێ جوێنی پێبدەم و قسەی پێ بڵێم، ئەو جڤاتە سەقەتەی سەر کۆنەی هەر شتێک دەکات کە ئێمەی ژن خۆشمان دەوێت و خولیای دەکەین و حەزی پێدەکەین..
جڤاتێک ژن توند بە سێدارە و کۆت و بەندی پیاوەوە دەبەستێتەوە.56-58) فەزیلە ژنێکە ئەو بەستنەوە و کوت و بەندکردنەی ژن و تیرۆرکردنەی هێز و توانا و ژنبوونەی ژن و بەکۆیلەکردنەی ژن و تێک و پێک شکاندنەی ژن لەلایان جڤاتی نێرسالاری و پیاوەوە ڕەتدەکاتەوە و دژی دەوەستێتەوە، فەزیلە هەرگیز بەوە ڕازی نابێت، حیسابی نیوەی پیاو نیوە مرۆڤێک بۆ ژن بکرێت، فەزیلە پرۆستۆ و سەرکۆنەی ئەو تێگەیشتنە نامرۆڤانەیه دەکات، کەئەرکی ژن لەچێشتخانە و وەچەخستنەوە و خزمەتکردنی پیاو ناو چوار دیواری ماڵەوە کورتدەکاتەوە، فەزیلە داوادەکات ژن شان بەشانی پیاو بەژداری لە هەموو سێکتەرەکانی ژیان بکات و ڕێز لەڕۆڵ و پێگەی ژن بگیرێت و لەسەر بنەمای یاسای یەکسانی جێندەری و مرۆڤ بوون، ڕۆڵ و ئەرکی ژن و پیاو، لەجڤاتدا دابەش بکرێت و جیاوازی ڕەگەزی نەکرێتە هۆکار و بەربەست و کوسپ لەبەردەم هێزو ئازادی و خواست و تواناکانی ژن، فەزیلە پێمان دەڵێت هەر کۆمەڵێک ژیان و هێزی ژن لەبەر چاو نەگرێت و بەکەم سەیری ژن بکات، ئەوە بێگومان کۆمەڵێکی ئیفلیج و شکستخواردو و ناتەواو دەبێت، فەزیلە خەمەکانی ژن دەنووسێتەوە و نەهامەتیەکانی مێینە بە ئەرشیف دەکات، فەزیلە پێمان دەڵێت ژن مرۆڤە و دەبێت حیسابی مرۆڤی بۆ بکرێت، ژن هیچی لەپیاو کەمتر نییە، فەزیلەخان پێمان دەڵێت دیواری ئەو جیاوازیە ڕەگەزیە ناسروشتیەی لەنێوان ژن و پیاودا دروستتانکردووە، من دەیڕمێنم، ئەو دیواره نامرۆڤانەیەی لەسەر خشتی ئەقڵیەتی نێرسالاری ڕۆنراوە، خشت بە خشتی دەڕوخێنم، ئەو دیوارە بەربەریەی هەزاران ساڵە دروستان کردووە و پێی لەژن و مافەکانی ژن، لەکەرامەت و ئازادیەکانی ژن، لەسەربەستی و حەزەکانی ژن، لەبوون و خواستەکانی ژنی دەدەن.[1]