ناونیشان: کاریگەری بەرزی پلەی گەرما لەسەر ئازاری درێژخایەن
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
زۆر لەو کەسانەی کە ئازاری درێژخایەنیان لەگەڵدایە، باس لەوەدەکەن کە گۆڕانی وەرزەکان کاریگەری هەیە لەسەر ئازارەکانیان، گۆڕانی پلەی گەرما و پاڵەپەستۆی هەوا و شێداری لە هەوادا لەوانەیە ئازارەکانیان زیاد بکات. لێرەدا باس لە هەندێک لەو حاڵەتانە دەکەین کە بە پلەی گەرمای بەرز و و شێداری هاوین ئازاریان زیاد دەکات:
1- هەوکردنی جومگەکان: بەپێی توێژینەوەیەک نزیکەی لە(5٪) ی ئەو بەتەمەنانەی کەهەوکردن و داخورانی جومگەکانیان هەیە، بەپلەی گەرمای بەرز و بەرزبونەوەی شێ لەهەوادا ئازارەکانیان زیاد دەکات. لەبەرئەوەی کاریگەری هەیە لەسەر کشان و گرژبوونی خانەکانی ناوەوەو دەرەوەی جومگەکە و ئەمەش یاریدەدەرە بۆ زیادکردنی ئازار.
2- سەرئێشەو شەقیقە: بەرزبونەوەی پلەی گەرما ئازاری جۆرە سەرئێشەیەک زیاد دەکات کە بە (tension headache)سەرئێشەی گرژبوون ناسراوە، کەلەئەنجامی گرژبوونی ماسولکەکانی سەر و مل توشدەبیت و هەروەها ئەگەری زیادکردنی سەر ئێشەی شەقیقەش زیاد دەکات. گۆڕان لە پلەی گەرما و شێ و پاڵەپەستۆی هەوا لەوەرزە گەرمەکاندا دەبنە هۆی وشکبونەوە، کەئەمەش دەبێتە هۆی دروستبونی ئازاری شەقیقە.
3- فایبرۆمایەڵجیا: کۆمەڵەی نێودەوڵەتی فایبرۆمایەڵجیا، پەیوەندی نێوان نیشانەکانی نەخۆشی فایبرۆمایەڵجیا و وەرزە شێدارەکانیان خستۆتە ڕوو. بینراوە زیادبوونی شێ هۆکارە بۆ زیادبوونی نیشانەکانی نەخۆشی فایبرۆمایاڵجیا.
4- ئەو نەخۆشانەی کە بەدەست نەخۆشییە ڕۆماتیزمیەکانەوە دەناڵێنن، بینراوە کە هەستەوەرن بەرامبەر گۆڕانی پلەی گەرما، هەموو پلەیەکی زۆر بەرز و هەروەها زۆر نزمی پلەی گەرما ئازارەکانیان زیاد دەکات. واتە بە گەرمی زۆر و ساردی زۆریش نیشانەکان و ئازارەکانیان زیاد دەکات.
5- نەخۆشی (MS): کەئەمیش بریتییە لە نەخۆشی ڕەقبوون و وشکبوونەوەی هەستە دەمارەکان، کەدەبێتە هۆی لەکارکەوتن و لەرزین و پوکانەوەی ماسولکەکان. هەر هۆکارێک پلەی گەرمای لەش بەرزبکاتەوە، دەبێتە هۆی زیادکردن و خراپتربوونی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە کەیەکێک لەوانەش ئازاری بەردەوامە. هەر کاتێک نەخۆشەکە ساردبکرێتەوە دەبینیت ئازار و نیشانەکان نامێنن.
لەبەشی دووهەمدا باس لەو ڕێگا چارانە دەکەین کە دەتوانین بەکاریبهێنین، بۆ ئەوەی کاریگەری پلەی گەرمی بەرز کەمبکەینەوە.[1]