ناونیشان: چۆن خۆت دەپارێزیت لە ئازاری شان و قۆڵ؟
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا ئەمین#
یەکێکە لەهەرە بێزارکەرترین ئازارەکانی لەش، ئایە ئازاری شان بێت، یان بازوو و قۆڵەکان، یان مەچەک و دەست و پەنجەکان بێت.
هۆکار زۆرە بۆ دروستبوونی ئەم ئازارانە، وەبەپێی هۆکارەکەی نیشانەکانی ئەگۆڕێت، بۆیە پێویستە جیاوازی بکەین لەنێوان جۆرەکانی قۆڵ ئێشە بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاووەرگرین بۆی لەژێر ڕێنمایی پزیشک دا.
$هۆکارەکانی:$
1- شێوازی بەکارهێنانی هەڵەو خووی ڕۆژانەی هەڵە:
هەڵگرتنی شتی قورس:
خراپ هەڵگرتنی شتی قورس، ئەویش بە بەکارهێنانی تەنیا یەک قۆڵ، ڕێگای هەڵگرتنی هەڵە زۆر جار ئازار دروست دەکات لە ئێسکدا، لەبەرئەوە هەڵگرتنی شتی قورس بەهەردوو پەلی سەرەوە باشترە، جگە لەوەی ئەبێت بە دەستەکان هەڵبگیرێت نەک هەڵبواسرێت بە قۆڵەوە...
شێوازی هەڵە و جوڵەی هەڵە لەکاتی کاردا :
زۆربەی زۆرمان لەکاتی کاردا دەستەکانمان بەکار دێنین، لەکاتی کاری وەک ئیش کردن لەسەر کۆمبیوتەر یاخود نووسین لەسەر کاغەز، بەڵام دانانی تەندروستی قۆڵ و دەست زۆر گرنگە بۆیە گرنگە هەر 15 چرکە جارێک شێوازی دانانی قۆڵت بگۆڕیت و وەرزش بکەیت بە پەنجەکانی دەستت.
شێوازی ئۆتۆمبیل لێخوڕین:
لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بۆ ماوەیەکی زۆر و لەگەڵ مانەوە لەسەر یەک شێوازی دانانی قۆڵ و دەستەکان بۆ ماوەیەکی زۆر و بەرزکردنەوەو ڕاکێشانیان ئازار دروست دەبێت، بۆیە دەبێت زوو زوو دەست و باسک و بازووت بجوڵێنیت و وەرزشی پێ بکەیت.
شێوازی نووستنی هەڵە:
هەندێ کەس لەسەر قۆڵێکیان دەنوون، یاخود بەشێوەیەکی ناتەندروست ئەینوشتێننەوە، وەلەوانەیە بەو شێوەیە ئاسوودەبن لەنوستنەکەیاندا، بەڵام ئەمە زیان دروست ئەکات بۆ داهاتوو کەئەو ماسولکانە عەزێتیان دەبێت و ئازار دروست دەکات.
2- ئازار لە قۆڵەکان بەهۆی هۆکاری نەخۆشیەوە :
بڕێکجار ئازاری شان وقۆڵ بەهۆی هەبوونی نەخۆشیەکەوە دروست دەبێت کە باوترینیان ئەمانەن:
1- کارپاڵ تونیل سیندرۆم:
بەهۆی بوونی فشار لەسەر ئەو دەمارەی کە دەچێت بۆ دەستەکان و ناوی (median nerve) ە، سڕی و ئازار دروست دەبێت لە پەنجەکان دا، هەروەها هەندێ جار دەچێت بۆ دەست و قۆڵەکان..
زۆربەی جار بەهۆی بەکارهێنانی زۆری دەستە توشبۆکە لەکاتی کاردا و مستەکۆڵەی بەهێز یاخود بەکارهێنانی زۆری کۆمبیوتەر و مۆبایل دروست دەبێت، بۆیە پشوودان بە دەستەکان گرنگە و لەگەڵیدا وەرزشی تایبەت و هەروەها بەپێی ئەو ڕێنماییانەی پزیشکی پسپۆڕ دای ئەنێن بۆ ئەوەی نەشتەرگەری پێویست نەبێت.
2- نەخۆشییەکانی دڵ یاخود جەڵتەی دڵ:
هەندێ جار شان و قۆڵ ئێشە لەوانەیە نیشانە بێت بۆ ڕوودانی جەڵتەی دڵ، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵیدا ئازاری سەرسنگ هەبوو، بۆیە پێویستە بە خێرایی ڕای پزیشکی پسپۆڕ وەرگیرێت، لەگەڵیشیدا لەوانەیە هەناسە تووندی و ڕشانەوەو دڵتێکەڵهاتن و سەرگێژخواردن، عارەق کردنەوەو هەرس نەکردنی خواردن و لێدانی خێرای دڵی لەگەڵ دا بێت..
3- هەوکردنی ماسولکەکانی قۆڵ و شان:
بەهۆی هەڵگرتنی شتومەکی قورس و لابردنی کەل و پەلی قورس، هەندێ جار ماسولکەکان هیلاک و شەکەت دەبن، دەبنە هۆی دروست بوونی کلس لە بەستەر و ژێی ماسولکەکان یاخود هەوکردن لە ماسولکەکاندا، ناسینەوەی ئەم جۆرە ئاسانە چونکە بە دەست لێدان و جوڵانی ماسولکەکان ئازار دروست دەبێت، دەتوانرێت تەنیا بە بەکارهێنانی کریم و جێڵی تایبەت و مەساج کردن بە زەیتی زەیتوون یاخود زەیتی نەعنا ئەمە چارەسەر کرێت کە دژە هەوکردنیان تیادایەو هەوکردنەکە ناهێڵن، هەروەها پشودان و وەرزش کردن و دوور کەوتنەوە لە هەڵگرتنی شتی قورس بەتەنیا یاخود بە یەک دەست.
4- ئازار و هەوکردن لە مل دا و کێشەی بڕبڕەکانی مل:
هەندێ جار بوونی کێشەیەک لە مل دا دەبێتە هۆی ئازار لە شان و قۆڵ دا، و سڕبوون و دەرزی ئاژەنین لە پەنجەکان دا، لەبەرئەوەی ئاو دەمارانەی لە بڕبڕەکانی ملەوە دەرئەچن هەمان دەمار دێن بۆ قۆڵ و دەستەکان، بوونی هەر فشارێک لەسەر ئەم دەمارانە، ئایە بەهۆی ئینزلاقی دیسکەوە بێت یاخود داخورانی جومگەی فاسیت بێت لە مل دا، دەبنە هۆی دروست بوونی ئازار، هەندێ جار فشار لەسەر دڕکە پەتک ئازاری توند دروست دەکات لە قۆڵەکان دا.
شێوازی نووستنی هەڵە و دانیشتنی بەردەوام بەشێوەیەک بۆ ماوەیەکی زۆر، و فشاری باری دەروونی ئەمانە هەمووی دەبنە هۆی هەوکردنی دەمارەکانی مل کە کاریگەری هەیە لەسەر قۆڵ و پشتیش.
بەگشتی هەر فشار و هەوکردنێک لە دەماری مل، شان و مەچەک یاخود ژێی ماسولکەکانی شان و دەست ئازار دروست دەکات لەهەموو قۆڵەکەدا...
$چۆن دەتوانم خۆم بپارێزم لە ئازاری قۆڵ و شان و دەست؟$
1- هیلاک نەکردنی بڕبڕەکانی مل و پشت و ماسولکەکانی شان و قۆڵ و دەست ئەویش بەوەی بەشێوازی هەڵە بەکاریان نەهێنین، وەبۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر یەک شێواز نەمێنین لەکاتی کاردا یاخود لەکاتی سەیرکردنی تیڤی یاخود خوێندنەوە یان هەر چالاکیەکی دی دەبێت هەموو 15-20 خولەک جارێک باری وەستانی لەشمان بگۆڕین.
2- وەرزش کردن:
بۆ بەهێز کردنی ماسولکەکان و باشتر کردنی جووڵەی جومگەکان، و دروست نەبوونی فشاری سەر ماسولکە، و ئازار، ئەمەش هەندێ لەو وەرزشانەی دەتوانین بیکەین:
جوڵانی هەردوو قۆڵ بەلای ڕاست و لای چەپ و بەشێوەی بازنەیی و دووبارەکردنەوەیی بە شێوەیەکی ڕۆژانە کەی بوارت هەبوو.
هەردووک پەنجەی دەستەکانت دەئاڵێنیت لەگەڵ یەکدا و بەرەو دەرەوە دەیانبەیت بۆ ماوەی 15 چرکە، ئینجا دەوەستیت بۆ 15 چرکە و جارێکی تر هەمان شت دووبارە دەکەیتەوە، وە واباشە لە ڕۆژێکدا چەندین جار دووبارە بکرێتەوە.
وەرزشی پاڕانەوە، هەردوو دەستت بەشێوەی دانانی دەست بۆ پاڕانەوە دەخەیتە بەردەم سنگت بەشێوەیەکی ڕاست و فشار دەخەیتە سەریان بۆ ماوەی 5 خولەک و دیسانەوە پشوویان پێ دەدەیت و ئەمە چەند جارێک دووبارە دەکەیتەوە..
3- جۆری خۆراک:
خۆراکی گونجاو تە ندروست کاریگەرییەکی باشیان هەیە بۆ نەهێشتنی ئازاری شان و قۆڵ، بەتایبەتی ئەو خواردنانەی کە ڕێژەی کالسێۆم و ڤیتامین دی یان زۆرە وەک شیرەمەنیەکان، چەوریی و فاتە بەسوودەکان و ئەو خواردنانەی وئۆمێگا 3 یان تیادایە وەکو چەرەزات و فستق و گوێز و بایەم و فستق عبید و گازۆ، ئەو سەوزانەی مادەی ئاسنیان زۆرە وەکو کەرەوز و سپێناخ و ئەوانەی دژە هەوکردن و دژە ئۆکسان و ئازار شکێنیان تیادایە وەکو زەردەچەوە، زەنجەفیل، بیبەری توون.[1]