ناونیشان: کچەکانتان فێربکەن بەهێزبن
نووسەر: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
لەڕاستیدا کێشەی ژن هەرگیز چارەسەر ناکرێت، تاکو خێزان لەسەر ئەو بیروباوەڕە هەڵەیە پەروەردەی بکات کەئەو کائینێکی لاوازە و پێویستی بە موراعات و دڵدانەوەیە، پێویستی بە کەسێکە کە ئەویش خودی پیاوە کە پارێزگاری لێبکات.
ژن یاخود پیاویش ئەگەر بە شێوەیەک پەروەردە بکرێت کە خودی خۆی بەهێز و سەربەخۆ و چاونەترس بێت، ئەوا هەرگیز پێویستی بە کەسێک یان کۆمەڵگایەک نییە کە بیلاوێنێتەوە و پارێزگاری لێبکات.
ئینجا هەر لەسەر بابەتی ئەم چاونەترسی و بەهێزییە کە چۆن دەبێت بە فریادرەسی مرۆڤ، دەمەوێت چیرۆکێک بگێڕمەوە کەبەسەر خودی خۆمدا هاتووە و چاونەترسیەکەم ڕزگاری کردووم.
تەمەنم تەنیا 29 ساڵ بوو، لەنەخۆشخانەی ئاشتی ئەهلی وەک پزیشکی بێهۆشکار کارم دەکرد، لەوساڵانەدا لەبەر کەمی پزیشکی بێهۆشکار لە شاری سلێمانیدا، دەوامێکی زۆر زۆر و ماندووکەرمان هەبوو، لەو کاتەدا لە دوانزەی نیوەڕۆوە دەستمان دەکرد بە نەشتەرگەری تا نزیکەی کاتژمێری چواری عەسر، ئینجا بۆ ماوەی دوو کاتژمێر پشوومان وەردەگرت و لە کاتژمێر شەشی ئێوارەوە دەستمان دەکردەوە بە نەشتەرگەری تا دڕەنگانێکی شەو، هەندێک جار لە نیوەشەویشدا تا بەرەبەیان دوو سێ جاری تر دەهاتینەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە بە پەلەکان.
ڕۆژێک بوو لەو ڕۆژانەی کە زۆر ماندوو بووم تیایدا، نەشتەرگەریەکانی بەیانیمان تەواو کردبوو و کاتی دوو کاتژمێر پشووەکە بوو، لەبەرئەوەی ماڵی نەنکم لە توویمەلیک بوو و زۆر نزیک بوو، کردبووم بە عادەت کە ئەو دووکاتژمێر پشووە بڕۆم بۆ ماڵی ئەوان و ئیسراحەت بکەم و سەرخەوێک بشکێنم. هەرچەندە ماڵی نەنکم زۆر نزیک بوو، بەڵام من ئەمەندە ماندوو دەبووم تاقەتی بە پێ ڕۆشتنم نە ئەبوو، هەر بە ئۆتۆمبێل دەڕۆشتم، ئەو ڕۆژەش ئۆتۆمبێلەکەم شکابوو بۆیە ناچار سواری تەکسییەک بووم.
سواری تەکسی بووم، ئەدرێسی تەواوی ماڵی نەنکم پێدا و دانیشتم، تەکسی ڕۆی و چاوەڕێ بووم پێچ بکاتەوە بەرەو توویمەلیک، بەڵام نەیکرد، منیش گوێم پێنەدا وتم دیارە لە ترافیکی دواتر پێچ دەکاتەوە، چاوم کەمێک داخست و کردبووم بە عادەت زۆر جار لەناو تەکسیدا لەبەر ماندوویەتی خەو دەبیبردمەوە، کە چاوم کردەوە جاری دووەم سەیرمکرد بەرەو شەقامی شەستی دەڕوات، دووبارە لە دڵی خۆمدا وتم دیارە لەشەستییەوە دێتەوە خوارێ بۆ تویمەلیک، ئەمجارەیان نەموێرا چاوم داخەم و بە ئاگاییەوە سەیری شەقامەکەم دەکرد.
کە گەشتینە شەستی دووبارە لەبری ئەوەی بەرەو تویمەلیک بڕوات بەرەو شەستی خوارەوە پێچی کردەوە، ئەمجارەیان بەتوڕەییەوە پێموت: کاکە دیارە تۆ شارەزا نیت، ئەوە ڕێگای توویمەلیک نیە.
: بەڵێ شارەزام، ئێستا پێچ دەکەمەوە.
بەتوڕەییەوە وتم: بەڵام کاکە تۆ منت زۆر دوور خستەوە، من کاتم هێندە نییە، تۆ بەو جۆرە و بێهۆکار ڕێگاکەت زۆر دوورخستەوە.
گەشتینە شوێنی پێچ کردنەوەکە و کەچی پێچی نەکردەوە، ئینجا خورپەیەک بەدڵمدا هات و ترسام.
لەدڵی خۆمدا وتم: باشە خوایە تووشی چیبووم، وەڵا دیارە ئەمفڕێنێت!
لەناخمدا زۆر ترسام، من مرۆڤم و هەموو مرۆڤێک لەو حاڵەتانەدا دەترسێت، دڵم هێندە بە پەلە لێیدەدا، هەستمدەکرد خەریک بوو لەسنگمدا دێتە دەرێ، بەڵام لە خۆمم پرسی ئایا ترس لە ئێستادا هیچ دادم دەدا، ئەتوانێت هیچم بۆ بکات؟!
بێگومان، نەخێر.
هەر بۆیە هەرچی ئازایەتی خۆم هەیە کۆمکردەوە و چوومە پشتی کاکی شۆفێر و بە توڕەییەوە پێموت: سەیربکە کاکە، من نازانم تۆ نیازت چییە و بۆ کوێ من دەبەیت، بەڵام هێندە دەزانم تۆ خەریکی شۆفێریت و ناتوانیت دەستی لێبەردەیت و منیش لە پشتی تۆ دانیشتووم، قۆنەرەیەکی بەرزی نوک تیژم لە پێدایە، ئەگەر هەر ئێستا دامنەبەزێنی بەو قۆنەرەیە دەکەومە سەرو و گوێلاکت، ئەو کاتە ئۆتۆمبێلەکە وەردەگەڕێت و هەردووکمان دەمرین، دڵنیابە لای من هیچ کێشە نییە بمرم!
لە ئاوێنەکەدا چاوەکانیم بینی، هەستمکرد واقی وڕما بە قسەکانم، ئاوڕێکی دایەوەو وتی: ئێستا دەوەستم.
هەر بەردەوام بوو لەسەر ڕۆشتن، ئەمجارە بەڕاستی قۆنەرەکەم داکەند و نزیکم کردەوە لەسەری، نەیدەتوانی هیچبکات، دەستی گیرابوو بە سوکانەکە، کە زانی من بە ڕاستمە و ناترسم و قسەکەم دەبەمە سەر، بە خێرایی وتی: بوەستە هیچ مەکە، بەخوا ئەوەتا دەوەستم.
لەخێراییەکی زۆرەوە لەپڕ وەستا و خەریک بوو سەیارەکە قڵپ کاتەوە، بە پەلە جانتاکەمم هەڵگرت و دابەزیم و لەجانتاکەم پارەیەکم دەرهێنا و بۆم فڕێدا و پێموت : ئەوەش کرێی تەکسیەکە، عەمرت نەمێنێ، هەرچەندە موستەحەقی نیت.
هەموو جارێک کە ئەم چیرۆکە دەگێڕمەوە، هاوڕێ و خزمەکانم پێدەکەنن پێم، دەڵێن ویستویانە بتفڕێنن، کەچی تۆ پارەت داوەتێ، حەقی فڕاندنەکە!
بەهەرحاڵ لە چۆڵەوانییەک دایگرتبووم، دوای نیو کاتژمێر تەکسی ترم دەستکەوت و چووم بۆ ماڵی نەنکم، هەر گەشتمە ئەوێ بە پورەکانمم وت : ئەزانن خەریک بوو بمفڕێنن!
هەردووکیان دەستیانکرد بە پێکەنین، باوەڕیان پێنەکردم، وتیان توخوا، ئەی چی ئەکەیت ئێستا لێرە؟!
وتم: بەخوا بە ڕاستمە، ئەم قۆنەرەیەی پێم فریامکەوت!
کە گێڕامەوە وتیان: بەخوا بە ڕاستی کچی باوکی خۆتی!
لەو ڕۆژە وە فێربووم، تاوانبارەکان لە ناخیاندا کەسانی ترسنۆک و لاوازن، هەمیشە سوود لە لاوازی و ترسانی قوربانییەکانیان وەردەگرن، کاتێک زانییان قوربانیەکانیان چاونەترس و بەهێزن، زوو دەگەڕێنەوە دۆخی لاوازییەکەیان و ڕادەکەن.
من ئەو ڕۆژە چاونەترسیەکەم بوو بە فریادڕەسم و منی لە چارەنووسێکی نادیار ڕزگارکرد، هەر بۆیە هەمیشە سوپاسگوزاری پەروەردەی دایک و باوکمم کە بە جۆرێک پەروەردەیان کردین، کەهیچ جیاوازیمان نەبێت لەگەڵ نێرێک، بگرە فێریان کردین مێینەبوونمان شانازییە.[1]