ناونیشان: ئەدیبی دابڕاو و ئەدەبی چەقبەستوو
نووسەر: #حەیدەر عەبدوڵڵا#
ناکرێ هەروا بە تیلەچاوێک، یان وەک بەشێکی سەربەخۆ و دابڕاو تەماشای ئەدەب بکەین، ئەگەر ڕاستت دەوێ، دەبێ بە هەوێنی هەموو کایە و بەشەکانی ژیانی مرۆڤ لە ئەدەب بڕوانین. دەلوێ ئەوانەی هەرگیز ئەدەب ناخۆێننەوە و نازانن کتێبگەلی ئەدەبی چین و چۆنن لە ناخیاندا ئەدەبدۆستێکی نایاب بن، ڕەنگە ئەو وێنایەی ئەوان بۆ ژیان دروستی دەکەن، ئەدیبێکی لێزان و شارەزا نەتوانێ پەی پێ ببات.
زۆرجار، بێسەواد و نەخوێندەوارێک وێنەیەکی هێندە جوانی ئەدەبی دەخولقێنێت لە هیچ کتێبێکی ئەدەبی نەبینراوە. ئەمەیش مانای وایە ئەدەب زۆر لەوە فراوانترە تەنیا لە قەڵەمی ئەدیبێک بچۆڕێتەوە، یان پێمان وابێت تەنیا ئەدیب دەتوانێ ئەدەب بنووسێت. دابڕینی ئەدەب لە کۆمەڵگە و قەتیسکردنی لە تەنیا بوارێکدا، یان هەڵبڕینی بەسەر یەک چینی دیاریکراودا غەدرێکی گەورەیە لە ئەدەب دەکرێت. ئاخر کەم نین ئەوانەی ڕۆمان و دیوانەشیعر و چیرۆکەکانیان لە دونیا دەنگی داوەتەوە، کەچی لە ژیانی واقیعیی خۆیداندا سیاسەتوان، پزیشک، یان لە بوارێکی دیکەی زۆر جیاوازدا کاریان کردووە.
لای من ئەدیبی نەزۆک کەسێکە هەر تەنیا بواری ئەدەب دەخوێنێتەوە و هیچ گرنگییەک بە بوارەکانی دیکەی مێژوو، کۆمەڵایەتی، سیاسی..تاد، نادات، هیچ ئاگاداری ئاخ و داخ و خەم و خەندەکانی خەڵک نییە و هەر لە دوورەوە وێنەیەک دەخولقێنێت، لەخۆی زیاتر کەس لێی ڕازی نییە، بەر لەوەی بگات دەپووکێتەوە.
لە ساڵی 2008 دیمانەیەکی عەبدوڵڵا پەشێوم خوێندەوە، لە وەڵامی پرسیاری ئایا تۆ شیعری کام شاعیر دەخوێنیتەوە؟ دەڵێت:ڕاستییەکەی زۆر بە کەمی شیعر دەخوێنمەوە و زیاتر بە بوارەکانی دیکەوە مژووڵم! لای من ئەمە جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردن بوو، ئاخر ناکرێ و نابێ شاعیر بە بیانوی ئەوەی شاعیرە هەر شیعر بخوێنێتەوە و بوارەکانی دیکە فەرامۆش بکا، بۆ ئەوەی شاعیرێکی باش بیت، دەبێ بوارەکانی دیکەیش بخوێنیتەوە و لێیان قووڵ بیتەوە. هەروەها بەنێو کەلتوور و فۆڵکلۆر و مێژوو و ژیانی جواداوازیی خەڵکدا بڕۆیت و لێکدانەوەیان بۆ بکەیت.
جبرا ئیبراهیم جبرا باسی شاعیری هاوچەرخی ئینگلیز دبلن تۆماس دەکات و دەڵێت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆڕێکی ئەدەبییان بۆ بەست، دوای ئەوەی کۆتایی بە قسەکانی هێنا، کچێکی شۆخوشەنگ و جوانکیلە لەنێو خەڵکەکە هەستایەوە و وتی: زۆر حەز دەکەم ببمە شاعیر، پێم بڵێ چی بکەم؟ تۆماس سەری بەرزکردەوە و وتی:بڕۆ لەشفرۆشی بکە!
هۆڵەکە کشومات بوو، کچەی بەستەزمانیش بە هەناسەیەکی سارد و ئاخێکەوە لە جێگەی خۆی دانیشتەوە.
خۆ لێرەدا تۆماس مەبەستی ئەوە نەبووە کچەکە بۆ ئەوەی ببێتە شاعیر بچێت لەشفرۆشی بکات، نا، بەڵکوو ویستوویەتی پێی بڵێت بڕۆ تێکەڵی خەڵک بە، لە دوورەوە بە شانوشەپێلیکان هەڵمەدە. ئاخر مرۆڤ زۆر ڕووپەش و مەتەڵاوی و داخراوە، پڕ نهێنی و سامناکە، هەتا بە تەواوی تێکەڵی وردەکارییەکانی نەبیت نازانی چییە و چۆنە! لێرەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت ئەدەب یانی ئەزموون و خوردکرنەوەی خەڵک و شۆڕبوونەوە بۆ نێو واقیعی ژیانیاندا.
ئێمە چۆن بتوانین لەنێو قاوغی خۆمان بێینە دەرەوە و لەگەڵ دەوروبەرمان تێکەڵ بین، من لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی زۆر بە جوانی ئەمەم بۆ دەرکەوت، ئەو هاتووە واقیعی هێناوە و لەنێو خەیاڵدا کوڵاندوویەتی، ئینجا دووبارە واقیعێکی ئەدەبی لێ دروست کردووەتەوە، نەک بە پێچەوانەوە، ئەو لە ڕۆمانەکانیدا زۆر لە نزیکەوە تێکەڵی ورد و درشتی کاروبارەکانی خەڵک بووە!
شتێکی دیکەم بیرکەوتەوە، وابزانم جێگەی خۆیەتی لێرە بیخەمە ڕوو، دەڵێن ئەدیبێکی فەرەنسی بۆ ماوەی هەفتەیەک هەموو ڕۆژێک کورتەچیرۆکێکی نووسیوە و بۆ ڕۆژنامەیەکی ناردووە، هەموو بەیانییەک چاوەنۆڕی بڵاوبوونەوەی بووە، بەڵام ڕۆژنامەکە هیچ لەم چیرۆکانەی بڵاو نەکردووتەوە... دواتر واز لەم ستایلە دەهێنێت و بە جۆرێکی دیکە دەنووسیت، بڕیار دەدات لەبارەی دۆخی نێو ماڵی خۆی بنووسێت، ئیدی چیڕۆکێکی بەناوی کوڕیژگە هەتیوەکە دەنووسێ، بۆ بەیانی چیرۆکەکە بڵاو دەبێتەوە و سەدایەکی زۆر دەداتەوە... ڕۆژنامەکە سوپاس و پێزانین و پادداشتی تایبەتی بۆ دەنێرێن، ئیدی کاکەی ئەدیب تێدەگات ئەو چیڕۆکانەی ڕۆژانی پێشوو نووسیبوونی، هەڵقوڵاوی خەیاڵی ناواقیعی خۆی بوون، بەڵام چیڕۆکی ئەمڕۆی، هەڵقووڵاوی جەرگەی ژیانی واقیعیی بووە.
بە بۆچوونی من ئەدیب دەبێ هەم خوێنەرێکی باش بێت، هەمیش واقیعی بێت. خوێنەری تەنیا بەشەکەی نەبێت، بەڵکە هەموو لایەنەکانی دیکەیش بەسەر بکاتەوە، هەر هیچ نەبێت ئەو بوارانەی دەرەقەتیان دێت و دەتوانێ مەدلوولی باشیان لێ هەڵبکڕێنێت. واقیعیبوون بە واتای ئاگاداربوونی خەمە ئاڵۆزەکانی خەڵک و ڕووداوە کەڵکەبووەکانیان. ئەگەرنا بەرهەمەکەی بێتام و کرچ دەبێت و هەر زوو لەبار دەچێت. ئەم وتەیەیش بەڕاست دەگەڕێت، کە دەگوترێت: ئەگەر بتەوێت لە تەنها بوارێکدا بنووسیت، دەبێ هەموو بوارەکانی دی بخوێنیتەوە.
وابزانم زۆربەمان چیرۆکی ژیانی جاحزی گەورە زمانزان و ئەدیبی عەرەبی سەردەمی عەبباسییەکان دەزانین، ئەو پیاوە عاشقێکی سەرسەختی دونیای کتێبی جۆربەجۆر و خوێندنەوە بووە و لە کۆتاییشدا هەر بە هۆی داڕمانی ڕەفەی کتێبان بەسەریدا شەهید بووە، کەچی بەنێو خەڵکی دارتاش و قوماشفرۆش و ئاسنگەر و کوورەچی و مێشەوان و شوان و گاوان و بەرخەواندا گەڕاوە و لایان دانیشتووە و پرسیاری لێ کردوون و وەڵامەکانیانی نووسیوەتەوە، یانی ئەگەر جاحز شەوان لە نێو پەڕەی کتێبان نوقمی خوێندەوە بووبێت، بە ڕۆژان لەنێو قووڵایی خەڵکدا سووڕاوەتەوە. خۆ نابێ ئەدیبانی وەک #مەحوی# و #نالی# و #مەولەوی# #مەلای جەزیری# و دواتر #شێخ مەحەمەدی خاڵ# و #عەلادین سجادی# و ئەوانی دیکە لەبیر بکەین، کە بەهۆی خوێندنەوەی هەمەچەشن و تێکەڵاوبوونی خەڵکی جۆربەجۆر، بەرهەمەکانیان بۆ هەتاهاتا بە نەمری دەمێننەوە.
[1]