عەزیز گەردی و جووت سەردەمی لە نووسیندا
#زاموا محەمەد#
1
مێژووی نوێی نووسینی کوردیی ناوەڕاست چەند ناوێکی تێدایە سەرباری توانا و گرنگی و درەوشانەوەیان، بەرپرسیارێتییەکی قووڵیشیان بەرامبەر بە قۆناغی خۆیان و پێش خۆیان هەبووە، بە ڕادەیەک کە دەستبەرداری هیچیان نەبوون و هەوڵیان داوە لە هەردوو قۆناغدا هەبن، یان بنووسن.
ئەم بەرپرسیارێتییە بەرامبەر بە دوو قۆناغ، لەو دەستەواژەیەدا کورت ناکرێتەوە کە بۆ نموونە عەرەب، بۆ نووسەرێکی بەکار دەهێنن دوو سەردەمی دیبێت (موخەزرەم)، بەڵکوو پرسەکە دەپەڕێتەوە بۆ بەرهەمهێنان و نووسین لە دوو سەردەمی مەعریفیی جیای هەمان بواردا؛ واتە ئەوەی تۆ لە ڕێککەوتێکی دیاریکراو ناو کاتدا بژیت، بەڵام لە دوو سەردەمی جیادا و بە دوو هۆشیاریی جیاوە، لە دوو قۆناغی مەعریفیدا بنووسیت. (هەڵبەتە لە هەندێک نووسەرانماندا، قۆناغێک کە دوای ئەمە بێت، لەیەکدانی ئەم دوو هۆشیارییەی سەر بەو دوو ئەبیستمە جیاوازەیە لە یەک گوتار و فۆڕمدا، باسێک کە من نیازم نییە لێرەدا نزیکی ببمەوە).
2
جیاوازیی نووسەرێک کە دوو سەردەمی دیوە، لەگەڵ نووسەرێکدا کە بە هۆشیارییەوە لە دوو سەردەمی جیادا (ڕابوردوو و ئێستا) دەنووسێت، دەکرێت بە نمونەی دوو شاعیری بەهێزی کوردیی ناوەڕاست ڕوون بکرێتەوە: هێمن و گۆران.
سەرنجێکی ئاشکرا و زانراوە لەبارەی هێمن موکریانییەوە، کە شاعیرێکە دوو سەردەمی دیوە، بە ڕادەیەک هەم گوتار و هەم فۆڕمی شیعریی هێمن دەکرێت وەک شایەتییەک وەربگیرێن بۆ ئاوابوونی سەردەمێکی شیعری/مەعریفی و دەرکەوتنی سەردەمێکی دیکەی شیعری/مەعریفی.
بەو پێیەی ئەم نووسینە کورتە بۆ ئەم باسە تەرخان نییە، هەوڵ دەدەم تەنیا بە یەک بەیت پرسەکە ڕوون بکەمەوە و تێیبپەڕێنم: “هەتا پشتم کۆمتر دەبێ پتر هەڵدەکشێ مینیژۆپ/ئیتر دەستم بە دامێنی کچی ئەم شارە ڕاناگا”. “دامێن” دەستەواژەیەکە لە دیوانی سەرجەم شاعیرانی پێش هێمندا ئامادەگییەکی زەقی هەیە، بە ڕادەیەک کە بە گەڕانەوە بۆ مێژووی شیعری کوردیی ناوەڕاست، دەتوانین کەشکۆڵ بە کەشکۆڵ و بەیاز بە بەیاز، تا یەکەمین ئەدیبی ناوچەکە بڕۆین: “دامێنی پاکی مەداری دائیرەی خامەک نییە/خوێنی مەقتوولانە وا دامێنی یاری گرتووە (نالی)”.
لە لایەکی دیکەوە، “مینیژۆپ”، یان تەنوورەی کورتی فەرەنسی، ئەگەر هێمن یەکەمین نووسەر نەبێت بیباتە نێو بواری شیعرییەوە، ئەوا بەرچاوترین و لە ڕیزی لەپێشینترینەکاندایە.
لە شیعری کوردیدا “دامێن” دەستەواژەیەکی تەواو مێتافیزیکییە؛ بە دەگمەن وەک خۆی دەنوێنرێتەوە، چونکە بەردەوام لەنێوان دابەشکردنەکانی باشە و خراپەدایە، بەردەوام لە سەرەوە دانراوە و خودی شیعری لە خوارەوە سەیری دەکات، بۆیە خاوەندامێن -یان یار- لە کلاسیکدا بەردەوام دەبرێتە پلەی سەروو مرۆڤ، چونکە دامێن “پاکی مەدار” نییە بۆ دائیرەی خامەک، بەڵکوو ڕەنگەکەی هیی “خوێنی مەقتوولانە” کە یار بەردەوام لەناویان دەبات، ئەگەر بێتوو کۆک بین لەگەڵ ڕاڤەکەی مامۆستا عەندولکەریمی مودەڕڕیسدا (ئەم حاڵەتە لە مەحویدا دەگاتە لوتکە).
بەڵام “مینیژۆپ” دەستەواژەیەکی تەواو دنیایییە و تەنیا بە ئامادەبوونی، بەرکارەکە (یار) دەبێتەوە بە مرۆڤ.
کەواتە گوتاری بەیتەکەی هێمن بەم جۆرەی لێ دێت: تا سەردەمەکە تێبپەڕێت و شاعیر پشتی کۆمتر ببێتەوە، یار زیاتر دەبێت بە مرۆڤ و لە دامێنی پاک -یان خوێناوی- دوور دەکەوێتەوە و دەچێتە سەردەمی مینیژۆپەوە، سەردەمێک کە تێیدا ساعیر ئیدی دەستی کورتە و بە دامێن ناگات. ڕوونە هێمن کە لە سەردەمی دامێنەوە هاتووە، تەنیا بەشی ئەوەی زەمەن پێماوە سەیری کورتبوونەوەی مینیژۆپ بکات، نەک دەستی بۆ درێژ بکات؛ بە دەربڕینێکی تر، هێمن بازنەی بەستنەوەی دوو سەردەمەکەیە پێکەوە، بۆیە ئیدی هیچیان نییە، نەک هەردووکیان بێت.
3
عەبدولڵا گۆران حاڵەتێکە جیاواز لەمەی پێشتر باس کرا. وەرچەرخان لە کێشی عەرووزییەوە بۆ پەنجە، هەنگاوێکە تێیدا گۆران لە ئافەرینەکانی ڕەخنەی تەقلیدیدا پشکی شێری بەرکەوتووە، بەڵام ئەوەی فەرامۆشکراوە، ئەوەیە لەپاڵ پەنجەدا گۆران دەستبەرداری عەرووز نەبووە (بگرە باشترین دەقەکانی، بەشێکیان لە عەرووزدا نووسراون). ڕاستە “پاییز”ەکەی ڕۆمانتیکایەکی قەشەنگە لەسەر کێشی پەنجە، کەچی “کڵاولار”ەکەشی سەرباری ئەوەی غەزەلێکە لە عەرووزدا، بەڵام بە چەندین پێوەر سەر بەو بوارە شیعرییە نییە کە بۆ نموونە نالی، وەفایی یان سالم تێیاندا دەنووسی.
گۆران شاعیرێک بوو لە سەردەمی پاش تەواوبوونی کلاسیکدا، بەڵام بە دوو دەنگ و دوو هۆشیارییەوە لە هەردوو سەردەمەکەدا دەینووسی، بەو پێیەی عەرووز خاڵی بنەڕەتیی سەردەمی شیعریی پێشووە، وەلانانیشی خاڵی بنەڕەتیی سەردەمەکەی دواترە.
لە وەرگێڕاندا ئەمە زەقتر دەبێتەوە: لە لایەکەوە گۆران، سەرباری ئەوەی نوێیە و وەک دونیابینی لەودیو سەردەمی دەریاکانی ڕەمەل و هەزەج و موتەقارەبەوەیە، لە عەرووزدا دەنووسێت و زەریاکانی وەلانانێت، لە لایەکی دیکەشەوە ئۆسکار وایەڵد و نازم حیکمەت وەردەگێڕێت. واتە گۆرانی عەرووزی هەم پردە بەرەو کۆنترین سرووت و جادووی شاعیرانی پێش خۆی کە عەرووز بووە، هەمیش دەروازەیە بە ڕووی دوو پانتاییی تەواو نوێی وەک وایەڵد و حیکمەتدا.
ئەم دوو جۆرەی شاهەدەت لەنێوان دوو سەردەمدا، کە گۆران و هێمن وەک نموونەیان هێنرانەوە، بڕیار نییە هیچیان لە هیچیان باشتر بێت و فەزڵی یەکێکیان بدرێت بەسەر ئەوی دیکەدا، بەڵام جیاکارییەک بوو کە بۆ خستنەڕووی شوێنی عەزیز گەردی -بەو پێیەی نووسینەکە لەبارەی ئەوەوەیە-، دەبوا ڕوون بکرێتەوە.
4
گەر بێتوو لە من بپرسن عەزیز گەردی سەر بە کام جۆرەی نووسەرانی جووتسەردەمە، ئەوا بێ دوودڵی و ڕاستەوخۆ دەڵێم سەر بەو جۆرەیە کە گۆرانم بە نمونەی هێنایەوە، واتە سەر بەو جۆرەی لە دوو سەردەمی جیادا دەنووسن، نەک ئەو جۆرەی دوو سەردەمی جیا پێکەوە دەبەستنەوە و دەبنە خاڵێک بۆ ئاوابوونی خۆرێکی مەعریفی و هەڵهاتنی خۆرێکی تر.
لە ئەزموونی گەردی-دا خاڵی بەهێزی ئەوە نییە کتێبی زۆری وەرگێڕابێت، بەڵکوو ئەوەیە بە دوو هۆشیاریی جیا و لە دوو پانتاییی جیادا، ئەم پیاوە بەرهەمی هەبوو. بە تایبەتی بۆ منێک کە ڕۆژگارێک لە جێیەکی تەواو دوور لەمڕۆوە و لە عەرووزەوە دەستم پێ کرد، گەردی دەروازە بوو بۆ بوارێک زۆر دوور لە وەرگێڕانی ئەدەبی مۆدێرن و کلاسیکیاتی جیهانییەوە.
تا ماوەیەکی زۆر، لای خەڵکێکی زۆر، عەزیز گەردی وەرگێڕێک بوو فالاچی و تۆڵستۆی و یێڤچینکۆی بۆ خوێنەران دەکردە کوردی، بۆ منیش لە ڕیزی ئەو لێکۆڵەرە زۆر دەگمەنانەدا بوو کە خۆیان دەدەن لە ئاڵۆزترین بواری توێژینەوە کوردییەکان: کێشناسیی کلاسیکی کوردی.
لەوسادا فێربوونی ئاهەنگەکانی عەرووز، بازنەکانی عەرووز، دەریاکانی عەرووز و پێچوپەنا بێبڕانەوەکانی عەرووز وەک سیستمێکی دەنگی لە بنەڕەتدا عەرەبی، بۆ منێکی منداڵ و تا بڵێیت تازەپیاکەوتوو، سەرباری ئەستەمییەکەی، هێشتا ڕێی هەبوو و هەنگاو بە هەنگاو، لەڕێی فەراهیدی و عەرووزییەکانی دیکە و چەندین لێکۆڵەری عەرەبەوە چووەسەر؛ بەڵام تێگەیشتن لە هەموو ئەو گۆڕانکاری، دەستکاری و نوێگەرییەی کوردەکان لەپێناو گونجاندنی سیستمی عەرووزی لەگەڵ فۆنەتیکی کوردیدا ناچاربوون بیانکەن، مەحاڵ دەبوو بەبێ چەند ناوێکی وەک نامی (عەبدولکەریمی مودەڕیس) و هەردی و عەزیز گەردی؛ ئەوەی بۆچی نالی هێندە بە نووسین لە دەریای هەزەجدا ئاسوودەیە، ئەوەی بۆچی کوردی فڵان “وەتەد” لا دەبات و فیسار “سەبەب” دەگۆڕێت، ئەوەی چۆنچۆنی خانی کێشێکی تر بۆ زەریایەکی عەرووز زیاد دەکات، بەبێ دەستگیرۆیی “کێشی شیعری کلاسیکیی کوردی”، “رابەری کێشی شیعری کلاسیکی کوردی” و “کێشناسیی کوردی”ەکەی گەردی و چەدنین کتێبی لێکۆڵەرانی دیکە، تێگەیشتنی بۆ من مەحاڵ دەبوو؛ دڵنیام بۆ زۆر کەسی دیکەش مەحاڵ دەبوو.
بۆیە عەزیز گەردی، ئەگەرچی بە وەرگێڕانەکانی دەروازەیەک بوو بە ڕووی ئەدەبی نوێ و کلاسیکیاتی جیهانیدا، هاوکاتیش بە لێکۆڵینەوە و نووسینەکانی پردێک بوو بەرەو سەردەمێکی کۆن و تێپەڕیو کە بەبێ لێکۆڵینەوەی وردی، بەبێ تێگەیشتن و خوێندنەوەی وردی، مەحاڵە هیچ داهێنان و خوڵقاندنێک بهێنرێتە ئاراوە.[1]