ناو: حسێن
نازناو: عەبدوڵڵازادە
ساڵی لەدایکبوون: 1923
ڕۆژی کۆچی دوایی: 26/11/1988
شوێنی لەدایکبوون: ئاوایی کانی تۆماری بۆکان
شوێنی کۆچی دوایی: تاران
هونەرمەند مەلاحسێن، لە ساڵی (1302) ی هەتاوی بەرامبەر بە (1923) ی زاینی، لە ئاوایی (کانی تۆمار) ی سەربەشاری (بۆکان) لەئامێزی خانەوادەیەکی ئاییندار و مەلا لەدایکبووە، باوکی هونەرمەند (مەلا) بووە، کە تەمەنی دەگاتە ئەو ئاستەی بخرێتە بەرخوێندن، باوکی دەینێریتە (حوجرە) لە مزگەوت، وانەی ئایینی بخوێنێت و لەدواڕۆژدا ببێ بە مەلا، بەڵام ئەو هەست و هۆشیی زیاتر بۆ لای حەز و ئارەزووی خۆی دەڕوات ئەویش گۆرانی و مۆسیقایە، هونەرمەند مەلاحسێن هەر لە منداڵییەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەری بەیت و بەندی کوردی، لەبەر ئەوەی ئەو ناوچەیەی ئەوی تێدا ژیاوە لێوانلێوبووە لە هونەری ڕەسەنی گۆرانی و حەیران و بەستەی ناوازەی کوردی، لەلایەکی دیکەوە لەبەر ئەوەی کوڕە مەلا بووە و باوکی بەهۆی مەلایەتییەکەیەوە گوند و دێهاتەکانی ناوچەی موکریان گەڕاوەو ئەوەش کاریگەری لەسەر هونەرمەند داناوە و لە هەر دەڤەرە گۆرانی و بەستەی فۆلکلۆری فێربووە و کردوویەتییە توێشووی کارە هونەرییەکانی، هونەرمەندی میللی ئیبراهیمی قادری بەوشێوەیە یادەوەرییە شیرینەکانی سەردەمی منداڵی خۆیی و هونەرمەند مەلاحسێن دەگێڕێتەوە (هەر لەمنداڵیمانەوە ئارەزوومان لەکەیف و بەزمی هونەریی کردووە و هەمیشە بەدەوری کاری هونەرییەوە ئاڵابووین، زۆرجاران پێکەوە لەئاهەنگی شەوانەی ماڵان تا درەنگانی شەو پێکەوە گۆرانیمان گوتووە و دڵی میوان و ئامادەبوانمان خۆشکردووە)
هونەرمەند مەلا حسێن لە تەمەنی (30) ساڵیدا، ساڵی (1953) ژیانی هاوسەری پێکدێنێ، لە هەمان ساڵدا شوێنی نیشتەجێ بوونی دەگۆڕێت و دەگوازێتەوە بۆ گوندی (ئیندرقاش) کە (15) کیلۆمەتر لە شاری مەهابادەوە دوورە، (گوندی ئیند ڕقاش سەربەشاروێرانی مەهابادە، هەرچەندە گوندێکی بچووکە بەڵام تایبەتمەندییەکی سەیری هەیە، ئەویش ئەوەیە زۆر دەنگبێژی بەتوانا و دەنگخۆش و ژەنیاری چاکی تێداهەڵکەوتووە، یەکێک لەو دەنگخۆشانە وەک (حاجی حەمەدەڕەش) یەکێک بووە لە دەنگخۆشەکانی ناوچەی موکریان، لە سەردەمی هونەرمەندی گەورە (سەیدعەلی ئەسغەری کوردستانی)، کاک سەعیدی ماملێ و حاجی حەمەدەڕەش لە موکریان و هونەرمەند سەیدعەلی ئەسغەری کوردستان لە ئەردەڵان، هونەرمەند مەلا حسێن لە یەکێک لە گۆرانییەکانی ناوی ئیندەرقاش دێنێ و دەڵێت :
ڕێحانەی دەم ئاشیە جەژنەیەو چەن خۆشیە
یاڕە بی بەخێرێتەوە، مەنیج ئیندرقاشییە)
کاتێک هونەرمەند مەلاحسێن لە گوندی ئیندرقاش نیشتەجێ دەبێت و زیاتر بەهونەری ناوچەکە ئاشنا دەبێت، ئەویش هەر لە تەمەنی منداڵییەوە دەستبەرداری فەقێیایەتی بووە و بەدوای کەیف و سەفا و هونەری گۆرانی کەوتووەو، لەخۆڕادیووە کە دەنگی خۆشەو دەتوانێت بەدەنگە خۆشەکەی دڵی دەوروبەر و گوێگران خۆش بکات، لێرەوە دەبێتە دەستپێکی کاری هونەری هونەرمەند مەلاحسێن واتە ساڵی (1953).لەڕێی هونەرەکەیەوە تێکەڵاو بە دیوەخانی ماڵە ئاغاکان و دەوڵەمەندەکان و هەوادارانی کەیف وسەفا دەبێت و گۆرانی دەخوێنێ هونەرمەند مەلاحسێن لە کاتی ئاخاوتن و دەمودوودا، زمانی باش گۆی نەکردووە، واتە زمانی گرتوویەتی و بەزەحمەت وشەکانی لەزار هاتوونەتە دەر، بەڵام خۆشبەختانە ئەم هونەرمەندە شارەزا و لێهاتووە لەچڕینی بەستەی شادی دا، لە کاتی گۆرانی خوێندنداهیچ گرفتێکی نەبووە و زۆر بەباشی و ڕە وانی وشەکانی گەیاندووەتە گوێی بیسەر و گوێگر، ئەوەش بەهرەیەکە کەپەروەردگار پێی بەخشیوە،
(مەلاحسێن لە وتنەوەی گۆرانییە گشتەکاندا زۆر شارەزا بووە، ئەو کە لە قسەکردندا زمانی دەگیرا و وشەکانی جوان بۆ نەدەهاتە سەر زمان بەڵام لە کاتی چڕینی گۆرانیدا هیچ گرفتێکی نەبوو، ئەوە بەو مانایەش نییە کە لە وتنەوە گۆرانییەکانی تردا شارەزا نەبووبێ بەڵکوو لە هەرچەشنە جۆری گۆرانی وتندا مامۆستا بوو، خەزێنەیەک بوو لە وشە و هەڵبەستی کوردی)
هونەرمەند لەنێو خەڵکیدا دەناسرێت و کەسێکی دەنگخۆش و خاوەن کەسایەتییەکی سەنگین و قسەخۆش و دەم بەخەندە و متمانەپێکراوخۆشەویستی گشت خەڵک بووە و، پەیوەندی زۆری لەگەڵ خەڵک دا پەیداکردووە، لەبەر ئەوەی گوندی ئیندرقاش نزیکی شاری مەهاباد بووە، هونەرمەند دەچێتە شاری مەهابادو، لەو شارەدا بەخزمەتی هونەرمەندان (محەمەدی ماملێ و ئیبراهیمی قادری) دەگات و پەیوەندی برایانەو هاوڕێیانەو هونەرییانەی لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەدا پەیدا دەکات تا دواساتەکانی ژیانی.
لەگەڵ هونەرمەندان (محەمەدی ماملێ و حەسەن زیرەک و ئیبراهیمی قادری) دوای ئاشنابوون بەیەک و ئەوانیش دەزانن کە مەلاحسێن هونەرمەندێکی دەنگخۆشە و خاوەنی دەنگێکی بەرزە و شارەزایی زۆریی هەیە لە بواری فۆلکلۆردا، پێکەوە کاری هونەری ئەنجام دەدەن.
هونەرمەند مەلا حسێن بە یەکێک لە هونەرمەندە شایی و زەماوەندگێڕەکانی کوردەواری ناسراوە، لە گۆرانییەکانیدا جوانترین بەندە فۆلکلۆرییەکانی خوێندووە، هونەرمەند میوانێکی بەئەمەکی سەر سفرە و خوانی فۆلکلۆرە دەوڵەمەندەکەی ناوچەکەی خۆی بووە، هەرچی لەکۆڕی بەزم و شایی و زەماوەندا بە زاری دا هاتبێت نەیوتۆتەوە، هونەرە بەرز و دەوڵەمەندەکەی بووەتە قوتابخانەیەک لەوشەی پاراو بۆ هونەرمەندان و دەنگبێژانی دوای خۆی، واتە هونەرمەند مەلاحسێن عەبدوڵڵازادە بەپێشەنگی هونەرمەندانی میللی دەژمێردرێت،
کەسایەتییەک بووە هەمیشە بەحورمەتەوە لەهونەرەکەی خۆی ڕوانیوە و بووەتە خۆشەویستی هونەرمەندان بەگشتی و بەتایبەت گەورە هونەرمەند (محەمەدی ماملێ) لە مەجلیس و دیوەخانەکاندا هونەرمەند محەمەدی ماملێ هەمیشە بەشانازییەوە نێوی بردووە.
لە ساڵی (1962) کاتێک ڕادیۆی کوردی کرماشان دادەمەزرێت، هونەرمەند چەندجارێک لەلایەن بەڕێوەبەرانی ڕادیۆی کرماشانەوە بانگهێشت دەکرێت و چەند بەرهەمێک تۆماردەکات، دوای زیاتر دەرکەوتنی و بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانی لە ڕێی ئاهەنگ و ڕادیۆوە، هونەرمەند مەلا حسێن بەشداری تەواوی فیستڤاڵی شارەکانی ئێران وەک (شیراز، شەهاباد و کرماشان) لەتەک هونەرمەندانی گەورە (محەمەدی ماملێ، قالە مەڕە، عەزیز شارۆخ، ڕە سوڵی نادری) دەکات.
لە ساڵی (1963) هونەرمەند مەلاحسێن بە یاوەری هونەرمەندان (حەسەن زیرەک، محەمەدی ماملێ و هاشمی فیدایی) لەڕادیۆی تاران بە هاوکاری ئۆرکێسترای ئازەری گۆرانی تۆماردەکات.
هەرکاتێک چووبێتە هەرکۆڕ و شایی و زەماوەندێکەوە، بە عەشقێکی بێ وێنەوە بەدەنگە خۆش و بەیت و بەندە جوان و سەنگینەکانی زەماوەندەکەی پڕجۆش و خرۆشتر کردووە، هونەرمەندێکی بە ئاگابووە لە کاتی چڕینی گۆرانیدا و هەروەهالە دەوروبەرەکەی، زۆر حەزی بە دڵگەرمیی کیژ و کوڕانی شایگێڕ کردووە کە بەجوانی ڕیزی ڕەشبەڵەک ڕێکبخەن، ئەگەر چۆپی کێش لە ڕیتمی شێوازی هەڵپەڕکێ لایدا و شێواندی، هونەرمەند زۆر وەستایانە و لێزانە بەبەند هۆشیاری کردووەتەوە، گوایە زۆرجاران هونەرمەند مەلاحسێن چۆپی کێشی تایبەت بەخۆی بردۆتە سەر داوەت و زەماوەندەکان، لەوسەردەمەدا لە ناوچەی موکریان زۆر گرنگی بە شێوازەکانی هەڵپەڕکێ (سێ پێی، ڕۆینە، چەلەپایی و گەڕانەوە) دراوە و، هونەرمەند مەلا حسێن بەم کارەی مەبەستی بووە گەنجەکان ئەو هونەرە ڕە سەنەی میللەتەکەیان فەرامۆش نەکەن و بەبایەخەوە لەو هونەرە بڕوانن، هونەرمەند بەو شێوە مامەڵەکردنە لەگەڵ هونەرەکەی زیاتر سەرنج و هۆشی خەڵکی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و خەڵک بەتامەزرۆیی و بە عەشقێکەوە بەشداربوون لەئاهەنگەکانی هونەرمەند مەلاحسێن.
لە ساڵی (1971) کە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی مەهاباد دادەمەزرێت، مەلاحسێن لەگەڵ هونەرمەندانی هاوڕێی و هونەرمەندانی ناوچەکە دەبنە هەوێنی زیاتر سەرکەوتنی ئەو ڕادیۆیەوە، بەکار و چالاکییە هونەرییەکانیان گڕ و تینێکی بەرزی هونەری دەبەخشنە گوێگران و بیسەرانی ڕادیۆی مەهاباد، مەلاحسێن چەندین بەرهەم لەو ڕادیۆیە تۆماردەکات، ئەو گۆرانییانە بووەتە مایەی خۆشیی و شادی و خەمڕە وێنی خەڵکی کورد.کار و تێکۆشانی هونەری مەلا حسێن لەگەڵ هونەرمەندان (محەمەدی ماملێ و ئیبراهیمی قادری) بەردەوام دەبێت، لەو ئاهەنگانەدا بەردەوام ئاوازی نوێی چڕیوە، چونکە لێزان و لێهاتوو شارەزا بووە لە هونەرەکەیدا و هەموو کات خۆشیی و شادی و چێژی بەخشیوه،
لە ساڵی (1979) بە بۆنەی (شەوی یەڵدا) وە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی مەهاباد، بەرنامەیەکی قەشەنگ و لێوانلێو لە دەنگی ڕە سەن و پڕچێژی کوردەواری پێشکەش بە بیسەران و گوێگرە خۆشەویستەکانی دەکات، لەو بەرنامەیەدا هونەرمەندی دەنگخۆش و شانۆکار (سەید ڕەحیمی قوڕەیشی) پێشکەشکاری ئەو بەرنامە ڕەنگینە بووە، هونەرمەندانی وەک (محەمەدی ماملێ، مەلاحسێن عەبدوڵڵازادە، عەزیز شارۆخ) بەدەنگە خۆش و پاراوە کوردییەکەیان گۆرانی پێشکەش دەکەن، بە هاوکاری هونەرمەندانی ژەنیار (ڕەشیدخانی فەیزنەژاد، لەوسەردەمەدا سەرۆکی بەشی مۆسیقای ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی مەهاباد بووە، بەئامێری ڤیۆلۆن، محەمەد دانش_ ئامێری عوود، بەهمەنی مەتڵوب _ ئامێری تار، فاروقی مەتین_ ئامێری سەنتوور، حسێنی ڕەهبەر _ ئامێری زەڕەب، هەروەها بە ئامادەبوونی هونەرمەندی شانۆکار و قسەخۆش و خۆش مەشرەب (بیوک خانباغی).
دیارترین لە گۆرانییەکانی هونەرمەند مەلاحسێن عەبدوڵڵازادە کە بەتەنیا و لەگەڵ هونەرمەندان خوێندویەتی، کە هەریەکەیان گەوهەرێکن و لەخانەی ئەرشیفی مۆسیقا و گۆرانی میللی دا پێگەیەکی بەرزی هونەرییان هەیە، کۆی گۆرانییەکانی بە (103) لە (11) کاسێتدائەژمارکراوە، گۆرانییەکانی هونەرمەند: (کوڵەنجەکەی مۆرە، گریانم دێ _ لەگەڵ هونەرمەند محەمەدی ماملێ، کۆڵوانەسوور، دەنکە دەنکەی باران، گیان و گیانەکەم، خرینگە، هەستە بابڕۆین بۆداوەتێ، جەلسە، لانکۆڵەکەی، هەی خەجیلەو خانم، جوانە جوانە، سەردەمەکەی خارایە، زاوالەبوکێ مەدە، دەوەرە وەرە ڕووبەخاڵ، ئۆخەی چت کرد گوڵەکەم، خەمخۆری نازەنینم، یارەکەم مەلازادەیە، کەتانە، جوانی جوانی، ئەی دکتۆر، ئەسمەران دولبەران، نازنازدارە، ئاخ مەلەک بۆ وادەکەیت _ لەگەڵ هونەرمەند ئیبراهیمی قادری، دەڕژێ دەڕژێ و سێوە لاسوورە و دەسماڵێ _ لەگەڵ هونەرمەند محەمەدی ماملێ).
هونەرمەند مەلاحسێن جیا لەوەی هونەرمەندێکی دەنگخۆش و لێزان و بلیمەت بووە لە خوێندنی گۆرانیدا، گوایە شارەزایی لەژەنینی ئامێری مۆسیقاشدا هەبووە، لەوبارەیەوە، هونەرمەند و مامۆستا وریا ئەحمەد نووسیویەتی (هونەرمەند مەلاحسێن دەستی ژەنینی ئامێری (شمشاڵ) ی هەبووە، گەلێ جار پێشبڕکێی شمشاڵژەنینی لەگەڵ شمشاڵژەنی بەنێوبانگی کوردستان (قالەمەڕە) دا کردووە، هەروەها لەئامێری (دەف) ی دەروێشی دا وەستابووە، ئەم دەفژەنینەش لە خزمەت (شێخ عوسمانی بیارە) دا فێربووە و هەر لەگەڵ ئەویش دا دوو جار بۆ (حەج) چووە)
لە دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی (1979)، هونەرمەند مەلاحسێن عەبدوڵڵازادە، لە کۆتایی ئەوساڵەدا بەخۆیی و خانەوادەکەی شاری مەهاباد بەجێ دێڵێ و ڕوودەکاتە شاری (تاران) لەوێ نیشتەجێ دەبێت، لەو کاتەوە ئەم بولبولە خۆشخوانە، خاوەن ئەو هونەرە خۆڕسکە بێ خەوشە لە کۆڕ و بەزمی هونەری دووردەکەوێتەوە، لە شاری تاران درێژە بەژیانی تایبەتیی خۆی دەدات، بەڵام بەداخەوە دوای (9) ساڵ ژیان دوور لە نیشتمان و زێدەکەی، لە ڕۆژی شەممە لە ڕێکەوتی (26/11/1988) لە تەمەنی (65) ساڵیدا، بەهۆی جەڵتەی دڵ، ژیاناوایی لە هونەر و شاری مەهاباد و دۆستان و ئازیزانی دەکات، تەرمی ئەو هونەرمەندە کۆڕ و شایی و زەماوەندگێڕە دەگەڕێننەوە شارە جوانەکەی مەهاباد و لە گۆڕستانی شاری مەهاباد بەخاکی پیرۆزی کوردستانی دەسپێرن.لە ماوەی (26) ساڵی تێکۆشانی هونەریدا هونەرمەند مەلاحسێن عەبدوڵڵازادە، کۆمەڵێک گۆرانی شاد وناوازەی بۆ بەجێهێشتووین و بەهونەر و دەنگەکەی هەمیشە لەکۆڕی شادیدا ئارامیی و بەختەوەریمان پێ دەبەخشێت، دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی و، سڵاو لە مێژووی هونەری هونەرمەند مەلاحسێن و یاد و یادەوەرییە هونەرییەکانی هەموو کات بەرز و بەڕێزبێت.
جەمالی دەلاک 19/4/2022 هەولێر.[1]