پەردە پڵاو یەکێکە لەخواردنە کوردییە بەتامەکان کە کەرەستەیەکی زۆری تێدەکرێت و چێژێکی تایبەتی هەیە، ئەوەی جیای دەکاتەوە لە خواردنەکانیتر بەکارهینانی بەهاراتی جۆراوجۆرە کە تامێکی تایبەت دەبەخشێت بە خواردنەکە، لێرەدا ئاشناتان دەکەین بە شێوازی دروستکردنی پەردەپڵاو.
پێداویستیەکان
بۆ 5 کەس
2 کوپ برنج
1.5 کیلۆ گۆشت
1.5 کوپ هێلکەی کوڵاو
4 دانە بادەم و کشمیش
1 کوپ بەزالیای کوڵاو
1.5 کوپ ئارد
خوێ، بەهارات بەپێی ئارەزوو
حێل کەمێک
ئاو بەپێی پێویست
ڕۆن بەپێی پێویست
1 هێلکەی کاڵ
$شێوازی ئامادەکردنی$
لە سەرەتادا برنجەکە دەشۆردرێتەوە لێ دەنرێت یان بە ئاو یان بە گۆشتاو یانیش بە ئاوی تەماتە ئیدی فەرق ناکات بە هەر کامێکیان ئامادە بکرێت بەپێی ئارەزوو، دەشتوانین شەعریشی تێبکەین.
گۆشتەکەش بە ووردی قیمە دەکرێت ئەتوانین کفتەی بچوک بچوکی لێ دروست بکەین لە شێوەی تۆپی بچوکدا ئەشتوانین هەر بە قیمەی خۆی ئامادەی بکەین ئەمەشیان بە پێی ئارەزوی کابانە، پاشان گۆشتەکە لەگەڵ کەمێک خوێ و بەهارات دەکەینە مەنجەڵێکەوە و ڕۆنی تێدەکەین و لەسەر ئاگرێکی پلەی گەرمی مام ناوەند دایدەنێین تا تۆزێک سور دەبێتەوە ئیجا کشمیشەکە لەگەڵ بادەم و تۆزێک خوێ و بەهاراتی تێکەڵ دەکەین جوان هەمویان تێک دەدەین تا بەیەکەوە سور دەبنەوە.
هێلکەکانیش پاک دەکەین و بەساخی لە ناو قاپێک دایدەنێین، دوای ئاردەکە دەبێژینەوە و خوێی تێدەکەین و بە ئاو هێلکە کاڵەکە دەیشێلین تا دەبێتە هەویر.
ئینجا مەنجەڵێک دەهێنین و چەوری دەکەین بە هەندێ ڕۆن دەشتوانین هەندێ ئاردیشی پێوە بکەین، هەویرەکە پان دەکەینەوە لە شیوەی ناندا وە دەبێت زۆر ئەستور نەبێت، ئینجا هەویرەکە دەیکەینە ناو مەنجەڵەکە و دەبێت هەویرەکە لە قەراغی مەنجەڵەکە بێتە دەرەوە، دەشتوانین لە جیاتی ئەمە نانی تیری بەکار بێنین.
دوای ئەم هەنگاوە برنجەکەی ئامادەکرابوو لەگەڵ ئەو قیمەیەی کە ئامادەمان کردبو لەگەڵ هێلکەکان و بەزالیاکە هەمویان دەکەینە ناو مەنجەڵەکەوە و کەمێک حێلیشی پێوە دەکەین و کەوچکێک ڕۆنی بەسەردا دەکەین.
پاشان هەویرەکە یان نانی تیریەکە کە هاتۆتە دەرەوە لە قەراغی مەنجەڵەکە دەنوشترێتەوە بەشێوەیەک هیچ لە ناوەخنەکانی مەنجەڵەکە بە دەرەوە نەمێنێت تا وای لێدێت لە شێوەی قالبێکدا بێت، لە کۆتایدا دەیخەینە فڕنەوە کە دەرەجەیەکی مام ناوەندی هەبێت تا ڕەنگی سور هەڵدەگەڕێت، دوای ئامادەبوون لەسەر سینیەک هەڵیدەگەڕێنینەوە بە گەرمی پێشکەش دەکرێت.[1]