ئامانجی قەڵەم
-----------------
ئامانجی وایه پێنووسی دەستم
وەهایه هیوای شێعر و هەڵبەستم
تاقەی مرواری هەرچەنده جوانه
بووکی بەنرخی نێو گەوهەرانه
بەڵام ئەو کاتەی کۆ بکرێتەوه
لەسەر شریتێ بهۆنرێتەوه
ئەو ساته جوانه و جوان تر دەنوێنێ
تاکوو بەتەنیا له لاێ بمێنێ
زمانی کوردیش، ئەو گەوهەرەیه
که دیاری بەرزی مێژووی ئێمەیه
وشەی جوان جوانی نێو کوردەواری
جوانتر لە زێڕ و لەعل و مرواری
کاتێ به شێوەی جوانێ، هۆنراوه
کرایه بەسته و شێعر و هۆنراوه
چاک تر دەنوێنێ و هەر له بەر چاوه
هەرگیز ون نابێ و ناخرێته لاوه
ئامانجی وایه پێنووسی دەستم
وەهایه هیوای شێعر و هەڵبەستم
#شەریف حسێن پەناهی#
#ملوانکەی شین# [1]