بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا 06
#شەماڵ بارەوانی#
بۆچی کاتی فەقێیاتیم ئینجیلم دڕاند..!؟
ئینجا لەو بەشە هاوڕێیان بابێینەوە سەر بەسەرهاتەکە، لە بەشەکانی پێشوو باسم لەوە کرد، فەقێیەک لە حوجرە، کە خەڵکی دەڤەری بەردەڕەش و یەکێک لە دێیەکانی لای خۆمان بوو. لەکاتی وتنەوەی وانەی فەلسەفە بە فەقێکانی تر، دەڕۆیشتە دەرەوە لە ژوورەوە، تا گوێی لە فەلسەفە و قسەی فەیلەسوفەکان نەبێت، نەوەک تێک بچێت و شێت بێت و سیستەمی ئەقڵ و بیرکردنەوەی ئاڵۆز بێتن و تووشی گۆمڕایی و بێ باوەڕی و بێت.
ئەو فەقێیە، کە لە ترسی من ڕایدەکرد کاتێک وانەی فەلسەفەم بە فەقێکان دەگووتەوە. خۆیشی دواتر لەڕێگای منەوە گۆڕا و بوو بە قورئانی و دواتر و سەرەنجام واوەتر ڕۆیشت و بوو بە کەسێکی لائیک، (لە مێژە ئاگاداری نیم و نازانم ئێستا بە کوێ گەیشتووە!؟).
فەقێیەکی تر هەبوو، فەقێ(خ)، ئەویش خەڵکی دەڤەری بەردەڕەش بوو. ئەوان ماڵەوەیان هەمویان ئیسلامی سیاسی بوون.
لە ناو فەقێیەکان قسەی پێ دەگووتم و تەنانەت جوێنیشی پێ دەدام و دەیگووت: گوێی بۆ مەگرن، ئەو فەقێیەکی گومڕایە، وەلێ دواتر کاتێک لە گەڵم دانیشت، دوای چەندین دانیشتن و دیالۆک و گفتوگۆ، سەرەنجام هاتە سەر هەمان قەناعەتی من.
دواتر ئەو فەقێیەلەسەر قورئانی بوون و بۆچوونی جیاواز، ماوەیەک لەگەڵ باوکی کێشە کەوتە نێوانیانانەوە، لەکاتی نووسینەوەی ئەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا، بوو دڵنیابوون لە زانیاریەکانم سەبارەت بەوە، پێوەندیم پێوەکرد و خۆی ئەوەی بۆ باسکردم و ئەو هەواڵەی پشت ڕاستکردەوە.
لەگەڵ ئەو کۆنە فەقێیەی هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتی و ژیانی حوجرەم، ئێستاش هەر هاوڕێین و لەفەییسبووکیش فرێندین و پێی گووتم: ئاگام لە بیرەوەریەکانتە و دەیانخوێننمەوە.
ئەو فەقێیە، ئەوکاتەی بوو بە قورئانی چەند پۆستێکیم بینی لە فەیسبووک، زۆر دژە باو بوو، پێم گووت: کاکە لەسەر خۆ، بەو شێوە مەنووسە، کەس لێت تێناگات، زمانی نووسینەکەت هەندەک زبر و قورس و شێوازێکە، پیاوانی ئایینی و خەڵکی گشتی و مێگەڵ، بۆیان هەزم ناکرێت و کێشەت بۆ دەنێنەوە، بە تایبەتی لە گەڵ ماڵەوەتان.
ئەو فەقێیە، دواتر و دوای من، کۆلێژی: زانستە ئیسلامیەکان-زانکۆی سەلاحەدینی تەواوکرد. ئەویش هەمان کۆلێژ. کەمن پێشووتر لەوێم خوێند.
ئەو کاتەی من قورئانی بووم، چەندین فەقێ و کەسی دەرەوەی حوجرە و فەقێیاتیشم کردن بە قورئانی.
هەڵبەت قورئانیەکان: ئەوانەن کە تەنها باوەریان بە قورئان هەیە، ئەوان ڕیوایەت و کەلەپووری ئیسلامی بە بەشێک لە ئاین نازانن، ڕەخنە لە هاوەڵەکان و خەلیفەکان بە شتێکی نۆرماڵ دەزانن.
ئەوە لە ناو مەسیحیەکانیش هەیە، پێیان دەڵێن: ئینجیلییەکان، یان پرۆتستانتییەکان،
من لە حوجرە و کاتی فەقێیاتیم، لەسەر ئایینەکانم خوێندەوە.
ئەوکات هێشتا پۆلی دوانزەی خوێندنی ئیسلامی و لە قوتابخانەی ئایینی (مەلا عەبدولڵا پەلپتانی) فەقێ و قوتابی بووم.
هەرچوار ئینجیلەکەم خوێندەوە(یوحەنا، لۆقا، مەرقەس و بەرنابا)، زەبوورەکەی داود، کتێبەکەی بوودایش(فەلسەفەی ئەخلاق).
دوو سێ کتێبیشم لەسەر کاتۆلیک و ئەرتەدۆکس و پرۆتستانتییەکان خوێندەوە.
هەرچەندە من ئەوکات لە پێناو سود بینین، یان گەیشتن بەڕاستیەکان، یان بزانم مەسیحیەت چییە و چۆنە و ناشرینی و جی جوانی تێدایە، ئینجلەکانم نەخوێندەوە.
نەخێر،
بەڵکوو تەنها لە پێناو ئەوەی شارەزایی لەو ئایینە پەیاکەم و زنیاری لەسەر بەدەستبێنم و پاشان دژایەتی بکەم. من بێ ئەندازە ڕقم لە مەسیحیەت و جوڵەکە و هەموو ئایینەکانی تردەبوویەوە، تەنها ئیسلامم قبوڵ بوو.
هەموو شوێنکەوتەو مرۆڤەکانیتری سەربە ئایین و ئایینزا و بیرو باوەڕ و فەلسەفە جیاوازەکانی تری دەرەوەی بازنەی ئیسلامم کافردەکردن و بۆ ژێر توڕیی و نەفرەتی خوداوەند و ناو دۆڵەکانی دۆزەخم دەناردن و دەمگووت:(ۆمَن يَبْتَغِ غَيْرَ الْإِسْلَامِ دِينًا فَلَن يُقْبَلَ مِنْهُ ۆهُۆ فِي الْآخِرَةِ مِنَ الْخَاسِرِينَ)، و جگە لە ئیسلام، هێڵێکی چەوت و ڕەشم بەسەر هەموو ئەوانیتر دادێنا و دەمگووت: هەر هەموویان باتیڵ و کفر و بێ بڕوایی و درۆ و دەڵەسەن.
کەچوار ئینجیلەکەشم خوێندەوە، لای فەقێیەکان سوکایەتی و گاڵتەی زۆرم بە هەرچواردانە ئینجیلەکە کرد.
هەر دوای ئەوەی هەرچوارم خوێندنەوە، پارچەپارچەم کردن.
دواتر و دووای ئەوەی ڕۆیشتمە کۆلێژی شەریعە و بووم بە قۆناغی دووی کۆلێژ، زۆرشت لە تێڕوانین و دیدەنیگاو فیکری پێشووم گۆڕانی بەسەرداهات و وازم لە ئایدیۆلۆژیەتی ئیسلامی سیاسی و دەمارگیری ئایینی و ئاسۆ داخراوی و بیری ڕاسیزم گەرێتی و نەخۆشی مەزهەبگەرێتی و هەست و سۆزێکی کوێرانەی ئایینی هێناو دوور لەهەژموونی هیچ تێگەیشتنێکی پێشوو و لە پەنجەرەیەکی تر و گۆشەنیگایەکی تری زۆر باڵاتر و ئینسانی تر و کراوەتر و فراوانتر و سەت و هەشتا پلە جیاوازتر لەوەی پێشووم لە شتەکانم ڕوانی و هێدی هێدی قەبارەی گوومانە بچووکەکانی پێشووم سەبارەت بە ڕیوایەتەکان و کەلەپوور و فیقهو فیکری دینی و مێژووی ئایینی مەزنتردەبوو، دوای ئەوەی خەریکبوو لە قاوغی فێندەمێنتالیزمی و قەپێڵکی جەهاڵەتدا دەهاتمە دەر و هێدی هێدی فیکر ئیعتیزال و موعتەزیلەبوون و پاشان قەناعەتی قورئانی بوون و تۆی پلورایەتی ئایینی، لە دڵ و دەروون و مێشک و تێڕوانینمدا، چەکەرەی کرد و جێگیربوو.
دووباره ئینجیلەکانم خوێندەوە. وەلێ ئەوجارە، بەڕقەوە و لە پێناو دژایەتی کردن نا، بەڵکوو لە ڕوانگەکی ئەپستڕاکت و ڕووت و پەتی و بێلایەنانە و نها بە ئامانجی گەیشتن بە ڕاستیەکان و لەسۆنگەی مرۆڤ بوون و بەراوردی نێوان ئایینەکان.
دوای ئەوەی هەردووک گەورە تیۆلۆژیست و کەسایەتی و ڕابەری بزووتنەوەی ئیسڵاحی پرۆتستانییەت (مارتین و لۆتەر و جۆن کاڵڤن)و پاشان قەشە زویرگم ناسی.
ئینجا، ئەو قەناعەتەم لادروست بوو کەشکەڵەی ئەوە کەوتە بیر و هۆشم، کە ئیسلامیش چەندە پێویستی بە دەیان مارتین لۆتەر و کاڵڤن و بزووتنەوەیەکی ڕیفۆرمخوازی هەمان شێوەی پرۆتستانت، یان ئینجیلییەکان هەیه، تا لەو چەقبەستۆیی و دۆگمایی بوون و ئەو هەموو پەتای
مەزهەب و بیری فێندەمێنتالیزمی و دەستی پیاوانی ئایینی و هێزی خوڕافە و ئەو دەیان هەزار ڕیوایەت و، کەلەپوورە ژنگگرتووەی ئایین و مێژووەی ئیسلامی، کە لە خەڵکیان کردووە بە ئایین، دەری بێنن و ڕزگاری بکەن.
بە قەناعەتی من تەنها قورئانیەکان، وەکوو پرۆتستانەکانی ناو مەسیحیەت، جێگای هیوا و ئەو کۆمەڵە کەسە جوان بین و بزوتنەوە ڕیفۆرمیست و چاکسازییەن، که بتوانن کاریگەریگەریەکی بەهێز و خێرایان هەبێت و لە هەناوی ئیسلامدا شۆڕشێک و کودەتایەک و نوێگەرییەک بەرپابکەن و کۆمەڵەک تێکست هەموار بکەنەوە و خوێندنەوەیەکی تری تازە بۆ دەقەکانی قورئان بکەن.
خوێندنەوەیەک، کەلە گەڵ فەلسەفەی ژیان و ڕۆحی سەردەم و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ بگونجێت و وابکەن کە ئایین چیتر هیچ دژایەتی و بەرکەوتنێکی لەگەڵ یەکسانی جێندەری و حەزە سروشتیەکان بەشەر و ئازادیەکانی تاک و ئارەزووی مرۆڤەکان و چەمکی سیکۆلاریزم و هێزی ئەقڵانیەت و دنیای مۆدێڕنێتە و دەسەڵاتی زانست و کۆمەڵێکی مەدەنی و شارستانی و کرایەوە و سەردەمی نەبێت.
ئایین لە دەست ئەو تەفسیرە سەقەت و تێگەیشتنە:
نامرۆڤانە، مێژوویی، فیقهی، مەزهەبی، سەلەفی، ئایدیۆلۆژی و سیاسی و حزبیەی، کە بە درێژایی مێژووی ئیسلام بۆ تێکستەکانی قورئان کراوە و دەکرێت. لالەیان
هێزه ئیسلامگەراکان و حزبە دینیەکان و گرووپە ڕادیکاڵ و فێندەمێنتالیزمەکان دەربێنن.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!