(هەزار خۆری درەوشاوە) ڕۆمانێکیتری نووسەری ئەفگانی خالید حسێنی
#شەماڵ بارەوانی#
لەهەزار خۆری درەوشاوە دا نووسەر پەڕە بە پەڕەی ڕوداوەکان دێتە خوارەوەو پەنجە دەخاتە سەر تراژیدیاکان و زۆر بەوردی تیشک دەخاتە سەر ئازارو نەخۆشی و برینەکانی کومەڵی ئەفگانی، ئەو وڵاتەی ماوەی سی ساڵ جەنگ و کودەتا و شۆڕش و شڵەژانی ئەمنی و کوشتن و ململانێی بەردەوامی بێ بڕانەوەی بەخۆیەوەبینی،
هەروەها ئەو ڕۆمانە کۆمەڵێک پرسی وەک مافی مرۆڤ و چەوساندنەوەی ژن و ئافاتەکانی ئەقڵیەت و مێنتەڵێنتی نێرسالاری و توندوتیژی باسدەکات، هەموو ئەو برسیێتی و ترس و وێرانی و کاوڵکارییەی جەنگ لەگەڵ خۆی هێنای و لەدوای خۆی جێی هێشت، لە تێکشاندنی مرۆڤ و وێرانکردنی ژیان، باس و تەوەری ئەو ڕۆمانەن. ئەو شاکارەچاوخشاندنێکە بە لاپەڕەکانی تۆماری مێژووی ئەڤگانستان، لە ساڵی(1970 تا - دوای 2000) لەسەردەمی مەلیک(زاهێرشا)و
پاشان کودەتا خوێناوییەکەی سەرۆک وەزیران (داود شا) لە ساڵی 1973بەهاوکاری شوعیەکان، و دواتر تیرۆرکردنی ٫٫داود خان،، لە ساڵی1978و کودەتای خوێناوی شوعیەکان بەپشتیوانی یەکێتی شورەوی و پاشان هاتنی سوپاس سووری یەکێتی سۆڤێت 1980 بۆناو ئەڤگانستان و هەڵگیرسانی جەنگێکی درێژی کاوڵکاری خوێناوی و بەردەوام بوونی تاساڵی 1988و ئینجا ڕێکەوتن و کشانەی هێزەکانی یەکێتی سۆڤێت لە ئەڤگانستان و بەشداریکردنی تارقی خۆشەویستی لەیلا لەو جەنگەو لەدەستدانی یەکێک لەقاچەکانی بەهۆی جەنگەکەوەو هاتنە سەرحوکمی (نەجیب اللە) و ڕوخاندنی حکومەتەکەی و گرتنی کابوول لەلایەن کۆمەلەی جهادی ئەفگانی بناژۆخواز بە سەر پەرشتی ڕەبانی و ڕوودانی جەنگی نێو خۆیی و بەردەوامبوونی بۆ ماوەی چوار ساڵ لەنێوانمەسعودشاو و حیکمەت تەیار، و ڕەبانی و سەیاف، ئەو جەنگە نێوخۆیەی دەرەنجام کابولی پایتەختی بەتەواوی وێرانکرد و لەو جەنگەی خانەوادەکەی لەیلا دەبن بەقوربانی و لەیلا پەرچو ئاسا قورتاری دەبێت، و پاشان لە ساڵی1996، بزووتنەوەی تاڵیبان جڵەوی حوکمڕانی کابول دەگرنەدەست و نەجیبواللە لەسێداردەدەن و بیرە ڕادیکاڵ و ئایدۆلۆجیا توندئاژۆیەکەی خۆیان دەسەپێنن و دۆزەخێکیتربۆ کابول و ئەڤگانستان سازدەدەن، وپەیکەری بودا لەبامیان دەتەقێننەوە و پەچە بەسەر ژن و کچی ئەفگانیدا دەسەپێنن و ڕێگە نادەن کچ و ژن لەماڵەوە بێنەدەرەوەو لەخوێندن بێ بەشیاندەکەن و لەسای دەسەڵات وحوکمی بزووتنەوەی تالیبان، شەپولێکیتر لە کوشتن و تیرۆرو برسیەتی وچەوساندنەوەو ئازارو ماڵوێرانی دەست پێدەکاتەوەو ژیان لەو وڵاتە دەبێتە یەک پارچە لە ئاگر و تراژیدیاو جەنگ و ململانێ و مەرگ، و زۆرێک لە خێزانە ئەڤگانیەکان بەناچاری ئەو دۆخە دۆزەخیەی ئەڤگانستان، بەرەو پاکستان و وڵاتانی دەوربەر جێ دێڵن، نووسەر ڕۆمانەکە بە چیرۆکی(مەریەم) دەست پێدەکات، ئەو کچەی لە پەیوەندیەکی سێکسی دەرەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیری لەدایک دەبێ، پەیوەندی باوکی لەگەڵ خزمەتکارەکەیان، ئەو کچەی لەگەڵ دایکەکەی (نانا) لە کۆخێکی بچووکداو بەتەنیا لەگەڵ هەژاری و بێ نازیدا دەژین، باوکیشی لەگەڵ سێ ژنەکەی تری لە شاردا دەژیت، و بەتەنیا حەفتەی جارێک سەریان لێدەدات.
هەست کردن بە تەنیایی و نیگەرانی، هەموو بوونی مەریەم دادەگرێت، هەر لەمنداڵییەوە ئەو هەست دەکات بێ باوکە و بەرهەمی پەیوەندیەکی تابوو و حەڕامە، مەریەم ناتوانێ لەگەڵ خێزانەکەی و باوکی بژیت، چونکوو ئەوکچێکی ناشەرعی و لەکێکی عاره، بەسەر تەوێڵی باوکی و خێزانەکەی و کۆمەڵەوە، باوکی لە دێیەکی دوور لە شار، خانووەکی بچووک بۆ مەریەم و دایکی دابین دەکات.
دواتر و کاتێک مەریەم دەگات بە پانزە ساڵی تەمەن، باوکی دەیدات بە پیاوێکی بازرگانی پێڵاو بەناوی(ڕەشید) کە سی ساڵ لەخۆی گەورەترەو جیاوازییەکی زۆری تەمەن لەنێوانیاندا هەیه، دوای بەشودانی مەریەم بەهۆی بەرگە نەگرتنی ئازاری دابڕان و تەنیایی، دایکی بەمردنێکی تراژیدی کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت و خۆی بە پەت هەڵدەواسێت.
سەرەتا مەریەم بەو خەون و خەیاڵ و خوڵیاو ئۆمێدەوە دەژیت کە ئەو ئیتر لەئازارو ناخۆشی نەجاتی دەبێت و سەرەتایەکی نوێ دەست پێدەکات لەگەڵ ئەو پیاوە،
لەگەڵ ڕەشید لە هیرات بەرەو کابول بەڕێدەکەون.
وەلێ ئەفسووس دواتر ئەو پڕۆسەی هاوسەر گیریەی مەریەم لەگەڵ ئەو پیاوە، جگە لە گواستنەوەی لە ئازارێک بۆ ئازارێکیتر، لەنیمچە دۆزەخێک بۆ دۆزەخێکیترو لەزیاتربوونی کۆمەڵێ برینی تازە بۆسەر برینەکۆنەکانی تری چیترنییە، مەریەم لای ئەو پیاوە وەک کەنیزەو خزمەتکارێک ڕەفتاری لەگەڵ دەکرێت، هەموو ژیانی خزمەتکردنی ئەوپیاوەو چێشت لێنان و گەسک دانی ماڵەوەو مانەوە لە ناو چوارچێوەی چواردیواردا دەبێت.
ئەو پەیوەندییە خێزانییەی مەریەم لەڕوانگەی ڕەشیدەوە تەنیا خزمەتکردن و تێرکردنی ئارەزووە سێکسیەکانیەتی، نووسەر لەبەشێکیتری ڕۆمانەکەدا باس لەیەکتر ناسینی مەریەم وکچێک دەکات بەناوی لەیلا، دوای دوودەیە لەشوکردنی بە ڕەشید لە کابول، پەیوەندییەکی پڕ لەخۆشەویستی هاوشێوەی دایک وکچ دەکەوێتە نێوانیانەوەو پاشان لەیلا گەورە دەبێ و قۆناغەکانی خوێندن دەبڕێت و زانکۆ تەواودەکات و کچێکی هۆشیارو ڕۆشنبیری لێ درووست دەبێت، لەیلا دەکەوێتە داوی خۆشەویستی (تارق) و خەون بە داهاتووەکی پەمەیی و پڕشنگدارەوە دەبینێت، مخابن بەرلەوەی بە ئاوات و خۆزگەکەی بگات، جەنگی ناوخۆیی ئەفگانستان چرای ئەو خۆشەویستییەیان لێ خامۆش دەکات و داری ئۆمێدیان دەسوتێنێت و پزیسکی جەنگ دەست دەنێنە گەروی خەونەکانی تارق و لەیلاو هەناسەی ئاواتەکانیان دەخنکێنێت و تارقی هاوڕێی منداڵی لەیلاو خۆشەویستی ئێستای بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی ئەفگانستان و کارەسات و ماڵوێرانیەکانی جەنگ، ناچارئەفگانستان بەرەو پاکستان جێ دێڵێت، و دواتر هەموو خانەوادەکەی لەیلا دەبن بەسوتماکی جەنگ و بەتەنیاو بێ کەس و جێگاو سەرگەردان، لەیلا لەگەڵ فرمێسک و خەمەکانی کۆڵانەکانی نیگەرانی و شەقام بە شەقامی ئازار تەیدەکات، پاشان ڕەشیدی هاوسەری مەریەم لەخۆی دەگرێت و چاوەڕێ دەکات تا بگات بەو تەمەنەی تێیدا مەریەمی خواست و بیکاتە بە هاوسەری خۆی.
دواتر بە درۆ پێی دەڵێ تارق لەژیاندا نەماوەو بەهۆی جەنگەوە گیانی لەدەست داوەو چیتر چاوەڕێی مەکەو زۆر هۆڤانە لەخۆی مارە دەبڕێت، مەریەم هەستدەکات لەیلا دووگیانە لەتارقی خۆشەویستی. بۆیە دەیەوێ هاوسەرگیری لەگەڵ ڕەشید بکات، تا ئەوبابەتە بەو هاوسەرگیرییە بیشارێتەوە، ڕەشید کەسێکی زۆر دڵڕەق و تەبیات توندەو بەردەوام لەیلاو مەریەم دەچەوسێنێتەوەو دارکاریان دەکات و ئازاریان دەدات و خراپترین شێوازی چەوسانەوەیان لەدژ پەیڕەو دەکات، پیاوێک ئایکۆنی ستەم و خراپی و پەیکەری عەقڵیەتی نێرسالای، مەریەم و لەیلا وەک دوو هاوڕێی خۆشەویستی یەکترو لە ژێر چەپۆکی توندو تیژییەکانی ڕەشید ژیانێکی کۆڵەمەرگی و دۆزەخ ئاسا بەڕێدەکەن، هەوڵی ڕاکردن دەدەن لەو دۆزەخەی ڕەشید بۆی خوڵقاندوون، بەڵام شکست دێنن و دوواتر ڕووداوەکان دەگۆڕێن بە گەڕانەوەی تارق و هەوڵدانی ڕەشید بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تارق و دەستکردن بەلێدانی لەیلاو، پاشان مەریەم بە بێلێک دەدات لەپشتی سەری ڕەشیدو دەیکوژێت، ئینجا لەیلا بڕیارەدات خۆی و منداڵەکانی لەگەڵ تارق بڕۆنە پاکستان، ومەریەمیش ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە.
دوای ڕووخانی حکومەتی تالیبان، لەیلاو تارق دەگەڕێنەوە بۆ ئەفگانستان و بڕیار دەدەن ئەو منداڵەی چاوەڕێی هاتنەبوونی دەکەن، ئەگەر کچ بێ ناوی بنێن مەریەم.
ماوەتەوە بڵێم:
(هەزار خۆری درەوشاوە) ڕۆمانێکە باس لە ئازارو ناڵەو هاواری نیشتمان دەکات، کەبەهۆی جەنگ و مڵملانێ سەراپای جەستەی بووەتە برین.وڵاتێک کابوسی جەنگ و مەرگ و خوێن و ترس و ئازارو نیگەرانی دایپۆشیوە.
(هەزار خۆری درەوشاوە) پیشاندانی وێنەو واقعی دۆزەخی ژیانە لە ئەڤگانستان،
ئەفگانستانێک، دەستاڕی جەنگە یەک لە دوای یەکەکان دەیهاڕێت.
(هەزار خۆری درەوشاوە) ڕۆمانێکەبەرجەستەکەری موعاناتەکانی ژنی ئەڤگانییە،
داستانێکی فێمێنستیەو، تیشک دەخاتەسەر ئازارەکانی جەستەی ژن، لە کۆمەڵێک کە ژن سەرەتاترین مافی نییەو لە پەراوێزی ژیاندا دەژیت، سیستەمێک، بیری نێرسالاری لە هەڕەمی دەسەڵات و ئەقڵیەتی نێرگەرێتی بەڕێوەی دەبات و چەوساندنەوەی ژن لە لوتکەدایە و ژن تەنیا لە کارگەی بەرهەم هێنانی وەچەخستنەوەو زیندانی کردنی لەنێوان چوار دیواری ماڵەوەوچێشتخانە و شاردنەوەی لەژێر پەچەو چەوساندنەوەی و بە قەمچی مێنتەلێنتی ئەمڕۆ نەهیەکانی پیاو کورت کراوەتەوە،
چیڕۆکەکانی ڕۆمانی هەزار خۆری پڕشنگدار.
داستانی تراژیدیاکانی ژنە لە جڤاتێک، ژن بە بێ تاوان و لەدەرەوەی ویستی خۆی، بووەتە قوربانی جەورەکانی کۆمەڵ و کاوڵکاری جەنگ و هەموو ئازادییەکی لێ سەندراوەتەوەو دەست بەسەر کەسایەتی داگیراوە.
(هەزار خۆری درەوشاوە) داستانی نوتفەیەکی قێزراوە، نوتفەیەک منداڵێکی بێ تاوانمەریەمی لێ لەدایک دەبێ، نەکۆمەڵ دانی پیادەنێت و نەیش کلتوور و عورف بەزەیی پیادێتەوەو نەخێزانیش قبوڵی دەکات، ئەو کچێکی حەڕامەو بەرهەمی سێکسێکی تابوویە و دەبێ بە درێژایی ژیانی باجی ئاگری ئەو حەزە نەگریس و
شەهوەتە حەڕامەی پیاوێک بدات، هێناوێتیە بوون و پێی خەجاڵەتیشە وەک کچی خۆی سەیری بکات، باجی هەڵەیەک بدات کە خۆی دەسەڵاتی تێدانییە،
ئەو کچێکی حەرامەو لەکی عەیب وشورەییە، بۆ تەوێڵی ئەقلیەتی نێرسالاری و کۆمەڵی نەریتگەراو تەقلیدی، ئەو جگە لە عەیبەیەک چیتر نییە، ئەو لە تۆماری ژیان ناسناوی کچێکی زۆڵە، بەڵێ زۆڵ، وەکوو خوێنەرێک کاتێک ئەو ڕۆمانە دەخوێنیتەوە، لەسەرەتای ڕۆمانەکە تا کۆتایی خەمێکی قوڵ و بە ئازار هەموو بوونت دادەگرێت و هەستێکی زۆر ناخۆش دڵت دەگوشێت، ناتوانی بەسەر هەستی خۆتدا زاڵبیت و بەرگەی تراژیدیاکانی ژیانی مەریەم و لەیلا بگریت ودڵۆپەی بارانی فرمێسک بە لێزمە لەهەوری خەمی ئاسمانی چاوەکانت دانەبارن و لەسەر گۆنات ڕێز نەبەستن، خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە گەشتێکی تراژیدی و بە ئازارە،
بە نێو شەقامە خوێناویەکانی کابول و کوڵانە خەمناکەکانی لاهور، لەگەڵ بینینی تابلۆ بێزارکەرەکانی ئەقڵیەتی نێرسالاری هیرات و دیمەنە ترسناک و ناخۆشەکانی برسیەتی و جەنگ.
(هەزار خۆری درەوشاوە) گەشتی وڵاتێکە، تەمی تراژیدیاکانی جەنگ و ململانێ خوێناوییەکان بست بە بستی ئەردو ئاسمانی ئەو وڵاتەیان داپۆشیوە، جگە لە وێرانی و هەژاری و خوێن و مەرگ، شتێکی تر نابینیت، پزیسکی ئاگری جەنگی ئایدیۆلۆژیاکان، ژیان دەسوتێنێت و مرۆڤ دەکات بە سوتماک.
(هەزار خۆری درەوشاوە) چیرۆکی وڵاتێکە، یەکێتی سۆڤێت، دواتر ململانێ و جەنگی نێو خۆیی توندئاژۆکان و پاشان تالیبان و ئینجا ئەمریکا وێرانی کرد.چیڕۆکی جەنگی براکانی دوێنێ و دوژمنەکانی ئەمڕۆیە.
کۆمەڵێک، کۆمەڵێک ئیسلامی ڕادیکاڵ و فەندەمێنتالیست، مافی ئەوەیان بەخۆیان داوە بڕیار لەسەربوونی ژن و چارەنووسی مرۆڤەکان بدەن، بڕیار لەسەر ئیمان و ژیان و دارو بەرد بدەن، ناچارت کەن کە دەبێ بەپێوەری ئەوان بژیت و بە پێی ئایدیۆلۆژیاکەی ئەمان بجولێیتەوە، بەپێیەکانی ئەوان هەنگاوبنێیت و بەچاویلکە ڕەشەکەی ئەوانەوە ببینیت وبە مێشکی ئەوانیش بیربکەیتەوە!
ئەو ڕۆمانە زانیارییەکی چاک بە خوێنەرەکەی دەبەخشێت، لەبارەی مێژووی ئەفگانستان.. دۆخی ژن و موعاناتەکانی..هەروەها بزووتنەوە توندئاژۆکان و ئایدیۆلۆژیاکەیان..و جەنگەخوێناوییە ناوخۆیەکانی ئەفگانستان.
(هەزار خۆری درەوشاوە) ڕۆمانێکە خوێنەر لەکۆتاییەکەی لەیەک کاتدا. هەم دەگریت و هەم پێش دەکەنیت، لەلایەک زیاتر خەم وفرمێسک داتدەگرێتبۆ کۆتاییە تراژیدیاکەی ژیانی مەریەم و لە لایەکەیتریش دڵخۆشی داتدەپۆشێت بەو دووبارە شادبوونەوەی لەیلاو تارق بە خۆزگەو ئاوات و خەونە پەمەییەکانیان.[1]