زمانی دایک لەپەراوێزی کۆمەڵگەی نووستودا
دانا عەزیز
زمانی من جیهانی منە و جیهانی من زمانی منە.وینگشتاین
لەهەفتەی ڕابردوو بەشداری کۆرسێک بووم کە ڕاستی گرنگ نیە لەسەر چی بوو، بەڵکو شتێک سەرنجی ڕاکێشام، من لەسلێمانی تاکەکەس بووم بەشدار بووم، وە دوو کۆمەڵێک لەپارێزگای هەلێر و دهۆک، وە کۆمەڵێکیش لە پارێزگای بغدادەوە هاتبوون، کۆرسەکە بەزمانی عەرەبی دەگوترایەوە و مامۆستاکە ڕاهێنراوێکی میسری بوو کە لە ئوسترالیا گەورە بوو بو، وە عەرەبیەکەی زۆر زۆر باش نەبوو، هەندێک جار ووشەی ئینگلیزی و جۆرێک لەوچەمکانەی بەکار ئەهێنا. تا ئێرە بابەتەکە پوختەکەی ئەمەیە بەڵام هەڵوەستەی من لەسەر ئەم بابەتە هەندێک خاڵی گرنگ بوون:-
1/لە پایتەختی کوردستان کۆرسێک بەزمانی عەرەبی بەهاوکاری وەرگێڕێکی کورد بوو، کە گرفتێکی زۆری بۆ من دروست کردبوو لە تێگەیشتن و بەستنەوەی بابەتەکان بەیەکەوە، لەبەرئەوەی من عەرەبی نازانم وە ناچار بووم بەردەوام بم.
2/زۆرینەی هاوڕێکانم لەپارێزگای هەولێرو دهۆک بەعەرەبی قسەیان دەکرد و وەرگێڕەکە بۆ منی دەکردەوە بەکوردی، شۆک بوو بووم، ئەی بۆ بەکوردی گفتوگۆ ناکەن و وەرگێڕ بیکاتە عەرەبی و ئینگلیزی؟ (نمی فهمم)
4/ئەگەر پیاسەیەک لە هەولێری ئازیز بکەی، بێگومان زۆر بە ئەستەم لەگەڵ شاگرد دوکانێک، کافێیەک، خاوەن جێگایەک، ئوتێلێک بەکوردی قسە بکەی، چونکە بەجۆرێک خوویان بەزمانی عەرەبیەوە گرتووە کە پێی دەڵێیت سڵاو برام دەڵێن (مرحبا کیف یمکننی خدمتک)
3/زمانی دایک (کوردی) تەواو بێگانەبوو. ڕاستیەکەی هەستم بەغەریبیەکی قووڵ دەکرد، هەرچەندە من مرۆڤێکی خۆپەرست و ڕەگەز پەرست نیم، وە بڕوام بەو چەمکە دووبارە بۆوانە نیە.
تا ئێرە ئەم خاڵانە و هەندێکی دیکە جێگەی سەرسوڕمان و چاوزەق کردنەوە بوون. وەشتێکی دیکە ئێستا لە سلێمانی بووە بە مۆدێل ئەویش خوێندنی مناڵەکانە لە قوتابخانە ئینگلیزیەکان، کە زمانی ئینگلیزی زمانی ڕەسەنی فێربوونەو بە ئەستەم کوردی دەتوانن بنوسن، یان هەندێک خێزان مامۆستا زمانی کوردیان بە تایبەت دابین کردووە بۆ مندالەکەیان یان، هەیە هەر گوێی پێ نادات. ڕۆژێک لە هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی باسی زمانی کوردیم کرد ووتم وابڕوات لە 10 بۆ 20 ساڵی ئایندە دەبێت وانە و تاقیکردنەوەی تیۆری بۆ فێربوونی شۆفێری بکەن بە ئینگلیزی چونکە نەوەیەک پەروەردە کراوە دۆڕاو کەوتوو لە زمانی کوردی دایک دا. ئەم خەمە قوڵە، هێندەی ژێرخانی ئابووری و نەوت و غاز گرنگە و زیاتریش، چونکە (هایدیگەر) پێیوایە: ئەگەر زمانی هەر نەتەوەیەک لەناو بچێت، ڕۆژێک دادێ ئەو نەتەوەیەش لەناو دەچێت.
پێم وایە کارەساتێکی گەورە لە پێشمانە، ئەویش گواستنەوە دۆخی زمانی کوردی لە بەرەو باش بوونەوە بۆ ئیفلیج بوون پەکخستن. دەکرێت لایەنی پەروەردەو پەیوەندیدار ئاوڕێکی ڕاستگۆیانە لەم بابەتە بدەنەوە، چۆن لە پەرلەمان و حکومەت باسی مووچە و بوودجە نەوت و بابەتەکانی دیکە دەکرێت، دەتوانن دانیشتنی تایبەت بە زمانی ئاخاوتن و زمانی دایک ببێتە بابەتی سەرەکی چونکە:-
1/ ئەو ئاوەی سەرچاوە جێ دەهێڵی هەرگیز ئاوڕناداتەوە. واتە کەبابەتەکە لە گرێژنە دەرچوو درەنگ ئەبێت بۆ پەشیمان بوونەوە.
2/منداڵەکانمان دەبێت شانازی بە زمانی (حاجی قادری کۆیی و، سالم، کوردی، بێکەس، پێرەمێرد، پەشێو) و(شێرکۆ بێکەس ووتەنی:مامۆستای بەستەی کوردی حەسەن زیرەک) سەدان ڕەوانبێژی ترەوە بکەن و بیانکەنە سەرمەشقی قسەکردن و ئاخاوتنی ڕۆژانە، تا هەست بە پارێزراوی کۆمەڵگە و بەهاکانیەوە بکەین. لەساڵیادی زمانی دایک لە جیهاندا ڕێکخراوی یونسکۆ دەڵێت: (کەسێک نەتوانێت بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێتەوە و بنووسێت نەخوێندەوارە).
3/تاکە شتێک لەجێگای شۆڕش و بەرخودان و نوێگەریمان لە پێشینەیە زمانی دایکمانە.[1]