قەدەغە کردنی جلی کوردی
#شەن سابیر#
لە هەرێمی کوردستاندا بە بڕیارێک لە ناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگە حکومییەکاندا پۆشینی جلی کوردی قەدەغەکراوە، واتە خوێندکار و کارمەندان لە ڕۆژانی ئاساییدا ڕێگەپێدراو نییە بە جلی کوردییەوە دەوام بکەن، بەبەهانەی یەکپۆشی و نەگونجاوی و ناڕەسەن بوونی شێوازی جلی کوردییەوە، لەهەمانکاتدا هەر ئەو پەرلەمانە بە پێوەرێکی ئینستاگرامییانە وەک سەرگەرمکردنی خەڵک بە بڕیارێک ڕۆژێک بۆ پۆشینی ئەوجلە کوردییە (کە پێشتر قەدەغەی کردووە و وەک هێمای دواکەوتوویی و نەگونجاوی بۆ کاری ڕۆژانە و نەهاتنەوەی لەگەڵ سەردەمدا مانای کردووە) تایبەت دەکات گوایە بۆ پارێزگاریکردن و هێشتنەوەی ئەو هێما نەتەوەییەیە!
دەستنیشانکردنی ڕۆژێکی تایبەت بۆ پۆشینی جلی کوردی یا زۆرێک لە توخمە نەتەوەییەکانی دیکەمان وەک دەستنیشانکردنی ڕۆژێک نییە بۆ توندوتیژی دژی ژنان یاخود ڕۆژێک بۆ کرێکاران نییە تا مێژوویەک لە چەوسانەوە و جەرگبڕی بیربێنێتەوە و پەیامێکی ئاشتیانە و بەرەنگاربوونەوەی لەخۆدا هەڵگرتبێت، بەڵکو بێڕێزییەکی پوختە کە بە شعوری تاکی کوردی دەکات!
ئەمە ئەکرێ بۆ کوردەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان کە لەژێر هەژموونی داگیرکاریدان وەک سیمبولێک بۆ بەرخۆدانی دژی ئاسمیلاسیۆن ببیندرێت، بەڵام لە باشوور خودی ئاسمیلاسیۆنە و کورت کردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی کەلتووری کوردە بە هەندێ ڕۆژی هێمایین و چەند وێنەێک.[1]
تێبینی: مەبەست ڕۆژەکەیە گەرنا هەموو ئەوکەسانە کە بۆ ئەمڕۆژە وێنەیان گرتووە، بەتایبەت ژنەکان، زۆریش جوان و ڕازاوەن و جێگەی ڕێزن.