پێڕابواردن لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە
#ڕێبوار سیوەیلی#
پێشەکی:
1. هیچ میللەتێکم نەناسیوە هێندەی کورد چێژ لە پێڕابواردن بە ئەوانیتر ببینێت. پێڕابواردن لە شۆخیی و قۆشمەجاڕی و سوعبەت جیاوازە. هەموومان تا ئەندازەیەک لەگەڵ یەکتر شۆخی دەکەین، نەرمە تانە لەیەکتر دەدەین و قۆشمەجاڕانەش ڕووبەڕووی یەکتر دەبینەوە، بەڵام پێڕابواردن زادەی بیروڕایەکی تایبەتە، لە هەناوی خۆ بەشتزانی و ئەوانیتر بە هیچزانییەوە هەڵدەقووڵێت. ئەوەی پێمانڕادەبوێرێت خۆی پێ شاه و پێرفێکت و موهمییە، ئێمەش بە لاواز و هیچ و نزم دەزانێت. ئەو لە بنەمادا قۆرت و نوقسانی و کەندڕە دەروونی و ڕۆحیی و شەخسییەکانی خۆی بە ئێمە پڕ دەکاتەوە، لە کاتێکدا ئەو بۆخۆی وێران و زەبوون و نەگبەتە، بەس لە زمانیدا بەشێوەیەک دەدوێ، کە ئەو بێ عەیب و نوقسانە.
2. کورد لەم پێڕابوێرانەی زۆرن، هەر لە سەرشەقامەوە، تا ئەو دیو جامی سەیارە، تا نووسەری نوکتەباز و بەرنامەی شۆ و خۆشڕابواردنەکان. کورد بوجەی زۆری بۆ پێڕابواردن تەرخانکردووە و خۆیشی بابەتەکەیەتی.. ئەوانەی پێمانڕادەبوێرن لەکۆمەڵگەشدا ڕێزلێگیراون، سەرۆکی حوکومەت و بەرپرسان دەیانبینن، کاریگەرییان لەسەر تاکەکەس و عەوام زۆرە و کەسیش سنووریان بۆ دانانیت.. ئەوەش دەریدەخات ئێمە چێژ لەوە دەبینن پێمانڕابوێرن.. خۆشترین جۆری پێڕابواردنیش ئەوەیانە کە کولتوورێک هاتۆتە ئاراوە، کە ئێمەش حەزدەکەین بە خۆمان ڕابوێرین: من بەخۆم ڕادەبوێرم، کەواتە هەم! بۆیە پێڕابواردن جێی بیرکردنەوەیە..
3. فیگەری پڕابوێر هەمیشە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەبووە، هەمیشە ئەو کەسانەی لە سایەی پێڕابواردندا خۆیان بەرجەستەکردووە، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەبوون، ناوو ناتۆرەیان لە خەڵک ناوە، سوکایەتیان بە کەسەکان کردووە، خۆیان گیف کردۆتەوە، بە زیرەک و خۆشکەلام لەقەڵەم دراون، .. بەڵام لە بنەمادا ئەمانە نەخۆش و بیماری کۆمەڵگەن، نوقسان و بەدبەخت و هیچ لەبارانەبووەکانی کۆمەڵگەن، کە دەیانەویت بە ئاماژەدان بە عەیبەکانی ئێمە، کەندڕەکانی خۆیان بشارنەوە.
4. بنەبڕکردنی دیاردەی پێڕابواردن لە کولتووری کۆمەڵایەتیدا، وەک بەسەرهاتی ئەو کەسە وایە کە لە (ڕشتەی مرواری)دا حەکایەتەکەیمان خوێندۆتەوە: (کابرایەک لە لادێوە دێت بۆشار تا دەرمانی کێچ و ئەسپێ بکڕێت. کابرای دەرمانفرۆش، دەرمانێکی پێدەفرۆشێت و ئەویش دەیباتەوە ماڵ و دەیڕشێنێ. پاش ماوەیەک دەبینێ کێچ و ئەسپێکان هەر لە زیادبووندان! دیسانەوە دەچێتەوە لای دەرمانفرۆش و گلەیی دەکات کە دەرمانەکەی هیچ کاریگەریی نەبووە. دەرمانفرۆش لێی دەپرسێ، بۆچی؟ چیت لە دەرمانەکە کرد؟ کابرای دەرمانکڕ وەڵامیدەداتەوە، کە دەرمانەکەی گرتۆتەوە و بە ماڵەکەیدا ڕشتووە. دەرمانفرۆشەکە، پێیدەڵێ: خاڵە! هەڵەکە لە خۆتەوەیە. دەبوو یەکبەیەک کێچ و ئەسپێکان بگریت و دەرمانەکە بکەیتە دەم و قورگیانەوه)!.
5. ئەم حەکایەتە، بەدوور نییە لە حەکایەتی پێڕابواردن. پێڕابواردن هەر هەبووە، هەیە و هەر دەشمێنێ. هەوڵدان بۆ بنەبڕکردنی، بێمانایە، چونکە ئەمە کولتوورێکی باوی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسییە، هەتا کۆمەڵگە پێویستی بە ئەو پێکەنینە هەبێت، کە وەک خەنجەر دەچەقێتە جەستەو ڕۆحی قوربانییەکان، ئەو تاکەکەسانەش دەمێنن کە چێژ لە ڕابواردن بە ئەوانیتر دەبینین. دەبێت بنەبڕکردنەکە، لە یەکبەیەکی ئەوانەوە بێت، دەرمانەکە بکرێتە قوڕگ و دەمیانەوە. دەرمانی پێڕابواردنیش جگە لە هووشیاربوونەوەی ئەوانەی پێمانڕادەبوێرن و بە هێزبوونی ئیرادەی قوربانییەکان، هیچیتر نییە. ئەگەر بڕوات بەم چارەسەرە نییە، پێویست ناکات هەموو وتارەکە بخوێنیتەوە..
6. پێناسە:
پێڕابواردن و کەوتنە بەردەم گاڵتەجاڕیی و لاقرتەپێکردن، هەموویان ئاکتێکی نێوانمرۆیین، کە زمانەکەیان فرە جەمسەرە، ئێمە دەتوانین بە قسە و گوتار، کە ناوەڕۆکەکەیان و ئامانجیان پیڕابواردنە، بە کەسانیتر ڕابوێرین، هەروەکچۆن دەشتوانین بە جەستە و جووڵەکانی و نیگا و ئاراستەکانی و تەنانەت بە بێدەنگبوونەکانیش ئەوانیتر بکەینە بابەتی گاڵتەجاڕیی و پێڕابواردن. پێڕابواردن بەشێکە لە سیستەمی سزای کۆمەڵایەتی و دەروونیی تاکەکەس و ئامانجە سەرەکی بریتیە لە ڕووشکاندنی قوربانیی.
پێڕابواردن، چالاکییەکی نیگەتیڤە کە پەیوەندیی بە کاتەوە هەیە، هەم ئەو کاتەی پێڕابواردنەکە تیایدا ڕوودەدات، هەم ئەو کاریگەرییەش لەسەر ئەوانیتر لە میانه و تێپەڕینی کاتدا دایدەنێت. بۆیە بەدئەنجامییەکانی پێڕابواردن دەتوانن زۆر خراپ بکەونەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەی پێڕابواردن هەستێکی ناهاوسەنگیی تێکەڵ لە ئەزموونی جەستەیی و دەروونی دەخاتە گەڕ بۆ سەندنەوەی متمانەی مرۆڤ بە خۆی و بە ژیان و جیهان..
7. پەرچەکرداری مرۆڤ، یان تاکەکەس لەبەرامبەر پێڕابواردندا بەپێی کەسەکان جیاوازە، ئەمەش دەکەوێتە سەر چۆنێتی گەشەی ژیانی کەسەکە، ئەزموونەکانی ژیانی و پەیوەندیە جەستەیی و فیزیۆلۆژییەکانی لەشی. ئەمە جگە لەوەی ماوەی کاریگەریەکەی دەکەوێته سەر هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەو دۆخەی تیایدا پیمانڕادەبوێرن و چ ناهاوسەنگییەکمان لەلا دروست دەکات. کاریگەریی و بەدئەنجامییەکانی پێڕابواردن دەکرێ ساتەوەختی و دەمودەست بن، بەڵام بۆی هەیە پاشتر ئەو کاریگەرییانە ناوهاوسەنگییمان لەلا دروست بکەن و ماوەیەکی زۆر پێیانەوە بناڵێنین..
8. بەدئەنجامییەکان:
ئەزموونی ناهاوسەنگی، چ دەروونی و چ جەستەیی بێت، دەبێتە هۆی بەگەڕ خستنی هەندێ پرۆسەی فیزیۆلۆژی کە پەیوەندییان بە هۆرمۆنەکانەوە هەیە. وەکئەوەی لە بارودۆخی دڵەڕاوکێ و ترس و بڕوابەخۆنەمان و سترێس و گۆشەگیریی و خۆپارێزیدا دەبینرێن. ئەم هۆڕمۆنانە ئەرکیان ئەوەیە هاوسەنگیی و ئارامیی بۆ ئەو دۆخە بگێڕنەوە و کاریگەرییەکانی لەسەر دەروونمان کەمبکەنەوە، یان جەستەمان لەسەر بارە ناهاوسەنگەکە ڕابهێنن بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵدا بگونجێنێ.
پسپۆڕەکانی تاقیگەی پزیشکی، پیماندەڵین که: دەکرێ پەرچەکردارە فیزیۆلۆژییەکان لەبەرامبەر ناهاوسەنگیەکەدا بەهۆی ئاشکراکردنی ڕێژەی ماددەی کۆرتیزۆل و سترۆییدەوە، کە بەیانیان پێش لە خەوهەستان لە لیک و تفی دەمدا بەرهەمدێت، بپێوین و ڕیژەکەی دەربهێنرێت. لە ئەنجامی ئەم پێوانەکردنەوە دەرکەوتووە، ئەو مرۆڤانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا هاوسەنگییان لەدەست نەداوە، یان نەکەوتونەتە بەر شاڵاوی پێڕابواردن، زووتر لەخەو هەڵدەستن و وریایانەتر ڕووبەڕووی ئەرکە ڕۆژانەییەکانیان دەبنەوە.بەڵام ئەگەر مرۆڤ ڕووبەڕووی پێڕابواردن بوبێتەوە، جا هەر جۆرێکی بووبێت، بڕیکی زۆرتری کۆرتیزۆڵ بەرهەم دێنن و ئەمەش دەبێتە هۆی ناهاوسەنگیی دەروونی و جەستەیی کەسەکە، کە خۆی لە بەرزبوونەوەی گووشاری خوێن، بەرزبوونەوەی شەکر لە خوێندا و دابەزینی بەرگریی لەشدا دەبینێتەوە.
9. لەڕووی ژیانی ڕۆژانەوە، ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی پێڕابواردن دەبنەوە، بێتاقەتی و کەم وزەیی و تەمبەڵی لەکارکردندا ڕوویان تێدەکات و حەز و مەیلیان بۆ خواردن و پەیوەندییە ئیرۆتیکیەکان، کەم دەبێتەوە. ئەمەش ئاشکرای دەکات، کە پەیوەندییەکی دانەبڕاو لە نێوان بارودۆخە دەروونیی و کۆمەڵایەتیی و جەستەییەکاندا.هەیە.
10. لە ئاستی تاکەکەسیدا و لە ژیانی ڕۆژانەدا مرۆڤ چاوەڕوانیی پۆزەتیڤ و باشی لەخۆی هەیە، وەک دڵخۆشبوون و ئاسوودەیی و ڕووخۆشی و ئەو جۆرە حاڵەتانە. لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ئەم چاوەڕوانیە بەرزدەبێتەوە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دەوروبەر و بەدەستهێنانی ڕێز و خۆشەویستی و هاوکاریی لەگەڵ ئەوانەی سەروکارمان لەگەڵیان هەیە. لە ئاستی جەستەیی و تەندروستیشدا ڕەنگدانەوەکەی دەبێتە هەستکردن بە وزە و چالاکیی و لەشساخی و لە ئەنجامی ئەمانەشەوە، مرۆڤ وزەیەکی زۆر بەدەستدەهێنێت.
11. چاوبەستە باشەکەی ژیان:
هەموو ئەمانە دەبنە هۆی دروستبوونی چاوبەستێک لەلای مرۆڤ، کە بەهۆیەوە توانای خۆی بۆ هاودەردیی و خەمخۆریی و یارمەتیی ئەوانیتر دەردەبرێ، بەڵام خۆی لەبیر دەچێتەوە. ئەم چاوبەستە، کە هەستی بەتەوەنگەوەهاتنی ئەوانیترمان لەلا زیاد دەکات، لە بنەمادا یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی لە سترێس و ترسەکانی خۆمان ڕزگارمان بێت. بەم مانایەش ئەم چاوبەستە، یارمەتیدەری تاکەکەسە کە بتوانێ لە میانەی هاودەنگیی و هاوکاریی و هاوخەمیی بۆ ئەوانیتر، هاوسەنگیی خۆی بپارێزێت. ئێمە هەموومان بە ڕووداوەکانی وەک تەقینەوە، تیرۆر، جیابوونەوە، ماڵسووتان، دەرنەچوون لە تاقیکردنەوە، زەرەر و ئیفلاسی ئەوانەی دوور و دۆستن، ئازار دەچیژین و هاوخەمیی خۆمان دەردەبڕین، بەڵام هەرگیز وەکئەوان لەناو ئەو بارودۆخانەدا ناژین، کە بەسەر خۆمان نەهاتوون. لەبەر ئەوەیە، ئەو هەستکردنەمان بە ئازار و هاوخەمیی ئەوان و توانامان بۆ یارمەتیدانیان، بەهێزمان دەکات و نەترسانەتر ڕووبەڕووی ژیانی خۆمان دەبینەوە..
12. ئەم بارودۆخە، کە لەسەر چاوبەستە سەرەکییەکەوە دروستبووە، دەمانخاتە سەر ئەو بڕوایەی ئەوەی لە جیهانی دەوروبەرماندا ڕوودەدات، شیاوی کۆنترۆڵکردنە و هەمووی بێمانا نییە و جیهان شوێنێکە دەهێنێ تیایدا بژین. بڕوابوون بە ژیان و جیهان، سەرەتای متمانەی مرۆڤە بە ژیانی خۆی، هەر لەبەر ئەوەشە، کە لە کۆمەڵگە و جیهانیکدا کە پڕە لە توندوتێژی و تیرۆر و مەرگ، مرۆڤەکان بەردەوامن لە ژیان و گەشت و ڕابواردن و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چێژ و وەدیهێنانی خەونەکانیان. مەرگ، تیرۆر، توندوتێژی، کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر شێوازیی بیرکردنەوە و ژیانی کەسەکان هەیە، بەڵام کەسەکان ئەو توانایەشیان هەیە، یان ئەو بڕوایەش، کە هەتا خۆیان پێوه نەبوون، دەژین و پێدەکەنن و بەردەوامن. ئەم بەردەوامییە ئەنجامی ئەو چاوبەستەیە کە ئێمە دەبەستێت بە واقیعەوە. هەتا بڕوامان بەو چاوبەستە بمینێ و لە ژیاندا مانا و بەها بدۆزینەوە، بەردەوامیی و هاوسەنگیی مرۆڤ، لە ئەنجامی خۆڕاهێنان و خۆگونجاندنییەوە، درێژەی هەیە.
13. ساتەوەختی پووچی:
ئەوەی مرۆڤ بە ئاسانیی لێی تێناگات، ئەو ساتەوەختەیە کە تیایدا بۆخۆی ڕووبەڕووی پێڕابواردن دەبێتەوە، ڕووبەڕووی نزمنۆڕیی ئەوانیتر و نیگای کەچ و جۆرەکانی ڕووشکاندن، دەبێتەوە، کە هەموویان وەک سزای دەروونیی و جەستەیی لە ئاستی تاکەکە سیی و کۆمەڵایەتی، خۆیان دەنوێنن. بۆیە چاوبەستەکەی ئێمەی دەبەست بە واقیع و دەو ڕوبەرەوە، لەو ساتەوەختەوە دادەڕمێت و ناهاوسەنگیی و متمانەمان بەخۆمان و بە مانای ژیان نامێنێ، کە خودی خۆمان دەبینە بابەتی پێڕابوارنی ئەوانیتر و نێزەی نیگا و قسەی ئەوانیتر ڕۆح و لەشمان دەسمێ.
ئەم ساتەوەختە ساتەوەختێکی دەستنیشانکەرە لە ژیانی تاکەکەسیی و کۆمەڵایەتیماندا. ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت، متمانەی بەخۆی لەدەست دەدات و لێرەشەوە، پەیوەندیی لەگەڵ دەوروبەر و جیهان دەپچڕێت.
14. لە ئەنجامی ئەمەشەوە، کاریگەریی توند دەکاتە سەر بڕوابەخۆبوون و تەندروستیی جەستەیی و ڕۆحی، بەجۆرێ کە ناتوانێ، نەک هەر ببێتە پشتیوان و هاوخەمی ئەوانیتر، بەڵکو ناشتوانێ یارمەتی خۆی بدات و توانای بڕیاردانی نامێنێت. ئەمە ئەو دۆخەیە کە تیایدا ویست و خواستی مرۆڤ لە بوون و ژیانی خۆی لەدەست دەدات و دۆخێکی نیهیلیستی و پوو چگەرایانە بەسەریدا باڵادەست دەبێت. ئەمە ئەو کاتەیە کە مرۆڤ بۆی گرنک نییە بەیانیان کەڵەشیر دەخوێنێ یان نا، خۆر هەڵدێ یان هەڵنایە. باخ پڕە لەجوانی گوڵ و نەغمەی بوولبوول، یان جیهان لە تەقینەوە بەردەوامەکانی خۆیدا نغرۆدەبێت.
15. پرسیارە فەلسەفیەکان:
بۆیە لەدەرەوەی چارەسەر و پێشنیارەکانی دەروونشیکاری و زانستی دەروونزانی و هەرجۆرە چارەسەرێکی کیمیایی و دەرمانی، یان پزیشکی، کە دەشیێت بەسوود بن، لە فەلسەفەدا مرۆڤ، یان تاکەکەس دەخرێتەوە بەردەم پرسیارە سەرەکیەکە: ئایا ژیان مانای هەیە؟ ئەگەر ژیان مانادارە، ماناکەی لە بەردەوامیدایە، یان لە تەسلیم بوون.. ئایا دەکرێ مانای ژیان لەو ساتەوەختانەدا کورت و بچووکبکەینەوە، کە تیایدا وەک تاکەکەس دەکەوینە بەردەم شاڵاوەکانی پێڕابواردن، یاخود ژیان و بوونیی مرۆیی ئێمە ئامانجێکی بەرزتر و بەهادارتری هەیە لەوەی کەسانێک لەناو کۆمەڵگەدا و بۆ خستنەپێکەنینی خۆیان و ئەوانیتر، گەمە بە دەروون و جەستەی ئێمە دەکەن؟ ئایا ئەوە منم کە بابەتی گاڵتەجاڕیی و پێڕابواردنی ئەوانیترم، یان ئەوانیتر بۆ شاردنەوەی بێ ئیرادەیی خۆیان، پێویستییان بەوەیە بە من ڕابوێرن؟
16. بەهۆی ئەم پرسیارانەوەیە کە تاکەکەس لە کەسێکەوە کە کراوەتە بابەتی پێڕابواردن، خۆی هەڵدەگیڕێتەوە بۆ کەسێک کە پێرابواردن دەکاتە بابەتی بیرکردنەوە و شیکردنەوە هزری و فەلسەفییەکانی خۆی..
هەرکات تاکەکەس توانی وەڵامی ئەم پرسیارانە بە گەڕانەوەی بۆ خودی خۆی و ئەو خەونانەی هەیەتی لە ژیانیدا و لە پەیوەندیی بە کۆمەڵگە و دەروبەرەکەیەوە، بداتەوە، ویستی خۆی بۆ بەردەوامیی و ڕووبەڕووبوونەوە لەدەست نادات. ئەمە ئەو ساتەوەختە بوونناسانەیە، کە تاک بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی دەدات و بەردەوام دەبێت، چونکە دەزانێت ئەو ناتوانێت تەقینەوەکان و وێرانکاری و گاڵتەجاڕییەکانی ئەوانیتر بە بوون و ژیان و بەهاکانی بوەستێنێت، بەڵام دەشزانێت کە ئەو بەشداریی لەو وێرانکردنەدا ناکات.
17. من و کەسیتر ناتوانین لە شاڵاوەکانی پێڕابواردن ڕزگارت بکەین، ئەوەی ڕێگری سەرەکییە هەر خۆتی کە ناهێڵێت کەس بتکاتە بابەتی پێڕابواردن، یان خۆت بکەیتە بابەتێک کەسانێک پێتڕابوێرن.. هەر کات بڕیارتدا لە ئاست ئەم دۆخەدا، ئەوە توانیوتە قۆشمەکان و زمانلووس و ئەوانەی بە ناوی قسەی خۆشەوە هێرشت دەکەنە سەر، بێدەنگ بکەیت و ئاراستەی تیرەکەیان بگێڕێتەوە بۆ ناو دەروونی خۆیان، تا ئەو شوێنە بپێکیت کە ئەوان لە قوڵایی کەسایەتی خۆیاندا بەدەستییەوە دەناڵینن.[1]