خەیاڵ وەک ئاراستەی ژیان لە ڕۆمانی (کارینا)ی نووسەر (نیهاد جامی)
#حەمە هاشم#
خەیاڵ پانتایی هێجگار زۆر لە ڕۆمانی (کارینا) داگیردەکات، نووسینەوەی خەیاڵ و گەڕان بەدوای لوغزی خەیاڵ و مێژوو و توانەوە لە خەیاڵدا، لەنێو هەموو لاپەڕەیەکی ئەو ڕۆمانەی نووسەر (نیهاد جامی) هەست پێدەکرێت، چوونکە ئەو دەیەوێت خەیاڵ وەک جوانترین ئایکۆنی قوڵتریین ئازادییەکانی مرۆڤ وێنابکات، ئەوەی ئەو ڕۆمانە جیادەکاتەوە لە نووسینەکانی دیکەی (نیهاد) ڕوونی وێنە و سادەیی زمان و دەربڕینە، لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە ئەو وێناندنە ئیساتیکی و ئەفسوناوییە خەیاڵییە هەست پێدەکەی کە زمان سەرکردایەتی دەکات، هەموو دیمەنەکان لە وێنەی ئەبستڕاکتی نزییک دەبنەوە کە بارگاوی کراوە بە هێزێکی تۆکمە لە خەیاڵ.
بۆیە خەیاڵ لەو ڕۆمانەدا ڕۆشناییە گشتییەکە دەبەخشێ، چوونکە بە بۆچوونی نیهاد گێڕانەوە و یادەوەری و دیکۆمێنتکردنی واقیع جگە لە کۆپیکردنەوەیەکی ڕووت نەبێ هیچی وانییە و ناتوانێ دەربڕی ئەو ئەندێشە قوڵانە بێت کە مرۆڤی خەیاڵ ئامێز هەیەتی، هەربۆیە کچ خەیاڵی فراوانی هەیە کە دەفڕێت بەسەر واقیعی ڕۆژگار، ژن خەیاڵ و پیاوەکان بە خەیاڵ و کۆڵان و سەربان و باڵندە و تەنانەت لەشفرۆش و داعشیش خاوەنی خەیاڵن لە ڕۆمانەکەدا، خەیاڵ وەک سیمبوڵ بۆ ئازادی ڕەها، وەک هێز بۆ بیرکردنەوە، وەک داکوتانی هەژموون لەسەر فڕینی ئینسان، کەشی خەیاڵ ئامێزی ڕووداوەکان هێندەی ڕەوایەتی دانە بە ئازادی هێندە هاوکارنییە بۆ ئیستاتیکا نواندنی ڕووداو.
چەن بەشی یەکەمی ڕووداوەکان گەڕانەوەیە بۆ یادەوەری نووسەر خۆی لەنێو هەوەسی عاتیفیانەی گوندنشینیی و باسکردنە لەکەرەستەی تۆمارکراوی نوستالۆژی، بۆنی خۆڵ و خەوتنی سەربان و دەرگای لەتەنەکە درووستکراوی ماڵێکی گوندی و بۆنی نانی برژاوی تیری و زۆر شتی تر، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا فەنتازییانە خەیاڵ دەکات بەبەشێک لە بیرکردنەوە، لە هێز لە جوانی و سەما و باران و عاشق بوون.
ئەگەرچی کارینا هەم ناونیشانە بۆ ڕۆمانەکە، هەم وەک پاڵەوان مەزەندە کراوە، بەڵام بە بڕوای من ئەو ڕۆڵە گەورەیە نابینێ لە ئاراستەکردنی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە، چوونکە نووسەر دەیەوێ زۆرترین ئەورووداوانە بگێرێتەوە کە پیاو تێیدا هاوسەنگی ڕادەگرێت و پیاو ڕەسمی تەواوی کەشە گشتییەکە دەکات.
بە بۆچوونی من لە ڕۆمانەکەدا دوو جۆر تەکنیکی نووسین و ئاراستەی زمان بەکارهاتووە، کە نابێتە هۆی لادان لە هێڵی گشتی یادەوەری بەڵکو بە بڕوای من ئاراستەی زمان وەک چەمک و کردار و نووسینەوە وەک سەرەتای ڕۆمانەکە بوایە باشتر و ئیستاتیکی تر دەبوو.
لە هەندێ بەشی ڕۆمانەکەدا نووسەر وەک خەیاڵی ژن قسە دەکات، خۆی دەخاتە جێگایبیرکردنەوەی ژنانەی کارەکتەرەکان، کە بۆمن سەرنج ڕاکێشە، چوونکە لەوێوە توانیویەتی وەک کۆمەڵزانێک یاریبکات لەنێو لوغزی شێوان و تێکچوونی کۆمەڵگا.
هەڵچوون و ڕەخنە و هێنانە پێشەوەی مئژووی ناشیرینی حزبی کوردی وەک نووسینەوەی مێژوو دەبینێت، کە ڕەنگە شێلانی بابەتەکان لەگەڵ خەیاڵی ئازادانەی خۆییدا هێندەی تر چێژ ببەخشێ بە کەرەستەی ڕوودا و و مێژووی کەتن و تاوان و شۆرشی لەخشتەبراو.
هەموو ئەمانە بریتین لەو ڕایەڵە ڕوداو ئامێزانەی کە لە ژیانی نووسەر ڕوویانداوە، دەربەدەری و فەقێیاتی و گرنگی دان بە مۆسیقاو سێکس و عاشق بوون و ڕاکردن لە نیشتیمان و پەناهەندەیی و زمانی دیکەو دایک و ترسان و زیندانی کردن و تیرۆر و زۆر شتی تر کە لە خەیاڵگەی کارینادا جێگای بۆتەوە..
لەبەر ئەوەش کە نووسەر خۆی شانۆکار و دەرهێنەرە، زۆر بەجوانی وێناندنی ئیستاتیکی بەخشیوە بە ڕووداوەکان و بە کەرەستەکان، لەهەندێ دیمەنیشدا ترس و سازش و دڵە ڕاوکێکانی دیمەنەکان بەرەو دیمەنی سوریالی دەبەن، بەتایبەتی لەو شوێنەی لە نەخۆشخانەیەکی شێرپەنجە مەمکەکانی خۆشەویستەکەی دەبڕنەوە و دەیخەنە ناو سەتڵێکەوە و دەیدەنەوە دەستی، دیمەنێکی سوریالی جێگای تێرامانی زۆرە، کە خەیاڵ بنەماکانی بۆ داناوە.
رۆمانی کارینا کە دوا بەرهەمی هاورێ (نیهاد جامی)یە شایەنە بە خوێندنەوە و گەشەدان بەخەیاڵ.[1]