گردی شوێنەواریی #ئال شیوخ#، لە ناوچە شوێنەوارییە گرنگەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە، ئەم گردە گەورەیە 135 کیلۆمەتر لە شاری #حەلەب# دوورە و نزیکە لە ناوچەی #کۆبانێ#.
لە بارەی ناوی ئەم ناوچەیەوە سەرچاوەکان وا ئاماژە دەکەن کە وشەی شێخ نزیکەی 350 ساڵ پێش ئێستا بەکارهاتووە، کاتێک بەشێک لە تایفەی (تای) لە عێراق بەرەو ئەم ناوچەیە ڕۆیشتن، بەرە بەرە لە لایەن خەڵکەوە وەک ناوچەیەک ناسرا و شوێنی نیشتەجێ بوونی شێخەکانە، لەبەر ئەوە ئەم ناوە کەوتە سەر ناوچەکە و دواتر بە هۆی زۆربوونی دانیشتووان، ناوچەکە سەر دوو بەش دابەش بووە، شیوخی سەرەوە (دانیشتووانی بەشی سەرەوەی ڕووباری فورات) و شیوخی خوارەوە (دانیشتووانی بەشی خوارەوەی ڕووباری فورات).
گردی ئال شیوخی سەرەوە
ئەم ناوچە شوێنەوارییە لە لایەن تیمێکی شوێنەوارناسی ئیتاڵی، بە سەرپەرەشتی وال سونی، کاری کنە و پشکنینی بۆ کراوە و توانیویانە چەند باڵەخانەیەکی شوێنەواری کە بریتین لە کۆشکێک و کڵێسایەک، هەروەها چەندین پارچەی شوێنەواری گرنگ وەک مت و مووروو، پارچەی گڵینە، ئێسک و پرووسک، قاپ و قاچاق بدۆزنەوە. لە گرنگترین دەستکەوتەکانی گردی ئال شیوخی سەرەوە، گەرماوێکی سەردەمی ڕۆمە #بیزنتییەکانە#.
بێجگە لەم گەرماوە، چەندین پارچە تاتە قوڕی بە خەتی بزماری نووسراو و چەند پەیکەرێکی تایبەت کە ئاماژە بە سەردەمە جیاوازەکانی دەسەڵاتداری و ژیان لەم ناوچەیە دەکەن، دۆزراوەتەوە کە هەر یەکەوە بۆ سەردەمێکی جیاواز دەگەڕێتەوە.
هەروەها پاشماوەی کۆشکێکی گەورە لە دۆزینەوە گرنگەکانی ئەم بەشەی ناوچەی شوێنەواریی ئال شیوخە. ئەم کۆشکە بە هۆی نەخشە تایبەتەکانی و کەرستە بەکارهاتوو لە بیناسازییەکەی، کە زۆربەی بەردی قەبارە گەورەن لە ڕووی مێژوویی و شوێنەوارییەوە گرنگییەکی تایبەتییان هەیە.
گردی ئال شیوخی خوارەوە
ئەم بەشەی ناوچەی شوێنەوارییەکە لە لایەن تیمێکی شوێنەوارناسی فەڕەنسی بە سەرپەرەشتی (لوک باچلۆ) کاری کنە و پشکنینی شوێنەواری بۆ کراوە. دۆزینەوەی گۆڕ و پەیکەری سەردەمی هێلینستی، هەروەها کۆمەڵێک قاپی گڵینە و خشڵ و دراوی تایبەتی ئەو سەردەمە، ئاماژە بە مێژووی کۆنی ئەم ناوچەیە دەکەن. لە گرنگترین دۆزینەوە شوێنەوارییەکانی ئەم ناوچەیەش، پاشماوەی کۆشکێکی پاشایەتییە کە لە بەشی باکووری گردەکە، بە چەند پلیکانێکەوە دەگاتە سەر ڕووبارەکە. هەروەها کۆمەڵێ قاپ و گڵێنەی تایبەتی سەردەمە جیاوازەکان لەم ناوچەیە دۆزراوەتەوە کە بە نەخش و نووسینی تایبەت ڕازێنراون، نووسینی بە کار هاتووەی سەر ئەم گڵینانەش بریتین لە خەتی ئەکەددی، ئوگاریتی و بابلی.
بە شێوازێکی گشتی، ئەم ناوچەیە هەر لە کۆنەوە بە هۆی نزیکی لە ڕووباری فورات، ناوچەیەکی پڕ پیت و بەرەکەت بووە و لە سەرەتاوە خەڵک سەرقاڵی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بوون. ئێستاش پیشەی سەرەکی خەڵکی ئەم ناوچەیە کاری کشتوکاڵییە، وەک بەرهەمهینانی لۆکە، دانەوێڵە، سۆیا و سەوزەوات، کە بە هەر دوو شێوازی ئاودێری و دێمی ئەنجامدەدرێت.
بە گوتەی شوێنەوارناسان و زانایانی بواری مێژوو، لە گرنگییە تایبەتەکانی ئەم ناوچەیە، بەردەوامبوونی ژیانە کە لە چەندین هەزار ساڵ پێش تا ئەمڕۆکەش ژیان تێیدا بەردەوام بووە و خەڵک ناوچەکەیان بە جێ نەهێشتووە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]