نوسینی: د. مەهدی کاکەیی
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: جۆ ولیام و د. مەهدی کاکەیی
11. زاراوەی هەورامی، هەمان زمانی پەهلەویە کە زمانی ساسانیەکان بوو. لە کتێبی (المعجم في معايير اشعار العجم)، کە (شەمسەدین محەمەدی کوڕی قەیس ئەلڕازی) نوسیویەتی، ئەمەی خوارەوە نوسراوە:
(خەڵکی عێراق سەرقاڵ بوون بە دانان و گوتنەوەی ئاواز بە پەهلەوی، بەڵام ئاوازی جوان نەبوو لە وتەی عەرەبی و غەزەلی دەری فارسی دڵڕفێن بێ وەک (ئاوازی ئورەمەن (هەورامان) و هەڵبەستی پەهلەوی [10]. مامۆستا (مەسعود محەمەد) ئەم نووسینيە لە فارسیەوە وەرگێڕاوە بۆ عەرەبی. مامۆستا (مەسعود محەمەد) دەڵێت ئاواز و گۆرانی وابەستەیە بە زمانەوە و بۆیە بەیتە هۆنراوەی (ئاوازی ئورەمەن (هەورامان) و (هەڵبەستی پەهلەوی)، ئەوە دەسەلمێنێت کە زاراوەی هەورامی بریتیە لە زمانی پەهلەوی [17].
سەبارەت بە فارسەکان، لەگەڵ کۆتاییپێهێنانی فەرمانڕەوایی ئەشکانیەکان لە ساڵی (226)ی زاینی و گرتنە دەستی فەرمانڕەوایی لەلایەن ساسانیەکانەوە، زمانێکی نوێی فارسی دروستکرا. بۆ جیاکردنەوەی ئەم زمانە نوێیە لە زمانی فارسی کۆن و فارسی نوێ، ئەم زمانە ناونرا (زمانی پارسیکی)، کە لە کاتی ساسانییەکان بەکاردەهێنرا لەلایەن فارسەکانەوە [18]. دەبینین زمانی پەهلەوی (کوردی) زمانی ساسانیەکان بوو و فارسەکان بە زمانێکی دیکە ئاخاوتنیان دەکرد و ئەویش زمانی (پارسیکی) بوو، و ئەمەش کوردبوونی ساسانیەکان دەسەلمێنێت.
12. ساسانیەکان شانازیان بە (کاوەی ئاسنگەر)ی کوردەوە دەکرد، ئەمە لە کاتێکدا ناوی ئاڵای ئەم ئیمبراتۆریەتە بریتیە لە (ئاڵای کاویان). وشەی (کاویان) لە ناوی (کاوەی ئاسنگەر)ەوە وەرگیراوە کە دەگوترێت پادشایەکی ستەمکاری بەناوی (زوحاک)ی کوشتوە. کاوە بەرکۆشەی ئاسنگەریەکەی کردوە بە ئاڵا [d]. بەرزی ئاڵاکە 12 باسک و پانیەکەشی 8 باسک درێژ بووە و لە پێستی پڵنگ دروست کراوە و بە یاقوت و دوڕ و خشڵ ڕازێنراوەتەوە.
لە جەنگی قادسیەدا، کە لە نێوان عەرەبە موسوڵمانەکان و دەوڵەتی ساسانیدا لە ساڵی (636)ی زاینیدا ڕویدا، عەرەبە موسوڵمانەکان سەرکەوتن بەسەر ساسانیەکاندا و دەستیانگرت بەسەر ئەم ئاڵایەدا و بردیان بۆ خەلیفەی موسوڵمانان (عومەری کوڕی خەتاب) لەگەڵ دوو کچی کۆتا پادشای ساسانی (یەزدکوردی سێیەم)، کە وەک سەبایا بەدیلیان گرتبوون و ناوی یەکێکیان (شاربانو) بوو و ناوی ئەو کچەکەی تر (شاژنان) یاخود (کەیبانو) بوو، کە پاشان (شاژنان) دەکرێت بە ژنی (محەمەدی کوڕی ئەبوبەکر)، که کوڕی یەکەم خەلیفەی ڕاشدین (ئەبوبەکر سديق) بوو، و (شاربانو)یش دەکرێت بە ژنی (حوسەینی کوڕی عەلی کوڕی ئەبی تالیب)، کە دەکاتە دایکی ئیمامی شیعەکان (ئیمام زەینەلعابدینی کوڕی حوسەین). خودانکردنیی ئاڵای کاوە لەلایەن ساسانیەکانەوە بەڵگەیەکی دیکەی کوردبوونی فەرمانڕەوایانی ساسانیە [19].
13. پەرتووکێک بەناوی (مێژوو بچووکەکە)، که لەبارەی کڵێسای نەستوورییەکانه، و لەلایەن نووسەرێکی سریانی نەناسراو نووسراوە (دوای ساڵی 680 لەدایکبووە)، تیایدا باسی ڕووداوی مێژوویی گرینگ دەکات، کە ڕوویان داوە لە سەدەی شەش و هەفتی زاینی. نووسەر لە لاپەڕەکانی (100 - 102)ی پەرتووکەکەی ئاماژە دەکات بۆ زانیاری گرینگ لەبارەی ڕەچەڵەکی ساسانییەکان و فەرماندەیەکی سپایی ساسانییەکان بە ناوی (هورمەزدان Hormazdān)، کە فەرماندەی سپایی ناوچەی خووزستان بووە. کاتێک عەرەبە موسوڵمانەکان ئیمبراتۆریەتی ساسانیان ڕوخاند لە سەردەمی فەرمانڕەوایی خەلیفە (عومەری کوڕی خەتاب)دا، (هورمەزدان Hormazdān) بە دیل گیرا و بردیان بۆ نیمچە دورگەی عەرەبی و لەوێ کوشتیان. نووسەر لە پەرتووکەکەیدا دەڵێت (هورمەزدان Hormazdān) کوڕی مامی دوا پادشای ساسانییەکانە، (یەزدکوردی سێیەم) و کوڕکوڕی (ئەردەشێر بابەکان)ە. هەروەها ئەم نووسەرە سریانییە درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت ئەم فەرماندەیە بە ڕەچەڵەک دەگڕێتەوە بۆ پادشای میدی (کەیخەسرەو)، کە باپیرە گەورەی کورده. (Paravaneh Pourshariati) دەڵێت (هورمەزدان) خەڵکی میدیا بوو [e]، واتا لە مادەکان بووە. ئەو دوو بەڵگەی سەرەوە دەسەڵمێنن که ساسانیيەکان بەشێک بوون لە میدەکان، و که واته ساسانیيەکان کوردبوون.
14. بەرگریکردنی دانیشتوانی ئیمپراتۆریای ساسانی دژ بە داگیرکاری ئیسلامی عەرەبی لە ناوچە کوردیەکانی وەک (شارەزور) و (موسڵ) و (حەلوان) و (نەهاوەند) و (جەلەولا)دا، چڕ بووبویەوە کە پارێزگاریان لە فەرمانڕەوایی ساسانیە کوردەکان دەکرد، لە کاتێکدا ئەم بەرگریە هێندە بەهێز نەبوو لەو ناوچانەی کە کوردنشین نەبوون. ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەیە کە بەرگری کردنی کورد لە دەوڵەتی ساسانی بەرگری کردن بووە لە دەوڵەتی خۆیان و فەرمانڕەوایی خۆیان.
15. لە هۆنراوەیەکدا کە پێش 100 ساڵ لەمەوبەر، شاعیری کورد (حاجی قادری کۆیی) (1817 – 1897 ز) نووسیویەتی کە ساسانیەکان کورد بوون و ناوی دوو پادشای ساسانی (ئەردەشێر) و(قوباد) دەبات و دەردەدڵ دەکات لە کەمتەرخەمی کردن لە نووسینەوەی مێژووی گەلی کورد بە زمانی کوردی، کە دەڵێت:
ئەگەر کوردێک قسەی بابی نەزانی موحەققەق داکی حیزە، بابی زانی
وەرە با بۆت بکەم باسی نیهانی تەفەننون خۆشە گەر چاکی بزانی
سەلاحەددین و نوورەددینی کوردی عەزیزانی جزیر و مووش و وانی
موهەلهەل ، ئەردەشێر و دەیسەمی شێر قوباد و باز و میری ئەردەلانی
ئەمانە پاکیان کوردن، نیهایەت لەبەر بێدەفتەری ون بوون و فانی
کتێب و دەفتەر و تەئریخ و کاغەز بە کوردی گەر بنووسرایە زوبانی
مەلا و شێخ و میر و پادشامان هەتا مەحشەر دەما ناو و نیشانی
بە زیددی میر و پاشامان بڕاوە بەسە با بێینە سەر ڕێی میهرەبانی
کە دەیگوت شێخی من: من دەستگیرم لەلام وا بوو لەبەر جەهل و جوانی
کە پیر بووم تێ گەیشتم دەستی گرتم لە کەسب و کار و تەحسیلی مەعانی
بەڵێ شێخ قوتبە ئەمما قوتبی ئاشە بە ئاو و نیعمەتی خەڵقە گەڕانی
لە بۆ ژن دێ لە کۆڵان وەک سەگی هار لە ژن هەڵدێ بە میسلی کەر لە خانی
بڵێ بەو سەرکزۆڵەی کوزپەرستە بە چاوی کلدراو و ڕیشی پانی
کە نەفعێکت نەبێ بۆ دین و دەوڵەت بە من چی نەقشبەندی یا نە مانی
کەسێ پیاوە کە دانێ وەک حەماغا لە بۆ ئەبنایی جینسی نان و خوانی
وە یاخود وەک ئەمین ئاغا بە هیممەت بکا بۆ قەسری میللەت پاسەبانی
بڵێ لەم بەحسە هەر کەس مونکیری تۆن بفەرموو سەهلە ڕێگەی ئیمتیحانی
بە ئوممێدی دووسێ دانایە حاجی بە هەرزانی دەدا دوڕڕی گرانی
(عەزيزان) باپیرەی (بەدرخانیەکان) بوون، کە فەرمانڕەوای بەشێک لە کوردستانیان دەکردە لە ناوچەکانی (جەزیرە) و (موش) و (وان) لە سەردەمی خەلیفە عومەری کوڕی خەتابدا.
(موهەلهەل) بریتیە لە (موهەلهەلی شازنجانی)، کە بەسەر سلجەقیەکاندا سەرکەوت لە شاری کرماشان و پاشان فەرمانڕەوایی کرماشان و خانەقین و کفری و کەرکووک و شارەزور و سیروانی دەکرد.
(دەیسەم) فەرمانڕەوایەکی کورد بوو کە فەرمانڕەوایی ئازربایجانی دەکر لە سەردەمی دەوڵەتی عەباسیدا.
بەم جۆرە، ئەو سەرچاوانەی کە پشتیان پێ دەبەستین، دوپاتی دەکەنەوە کەوا ساسانیەکان کورد بوون وە جەنگی قادسیە کە لەنێوان موسوڵمانە عەرەبەکان بە سەرکردایەتی (سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس) و ساسانیەکان ڕوویدا لە سەردەمی حوکمڕانی کۆتا پادشاکەیان (یەزدکوردی سێیەم)، بریتی بوو لە شەڕی نێوان کورد و عەرەب، چونکە داگیرکەرانی کوردستان دەستیان کردووە بە دزین و شێواندنی مێژووی کورد و ساسانیەکانیان بە فارس لە قەڵەمداوه.
ناوی پادشاکانی ساسانی
ئەم ناوانەی لای خوارەوە ناوی هەر 24 پادشا ساسانییەکانن، کە ماوەی فەرمانڕەوایەتیان (426) ساڵ درێژەی کێشا (224 یان 226 تا 651ی زاینی)، کە بەپێی کات و سەردەمی فەرمانڕەوایەتیان ڕیزبەند کراون:
1. ئەردەشێری یەکەم
2. شاپوری یەکەم
3. هرمزی یەکەم
4. بەهرامی یەکەم
5. بەهرامی دووەم
6. بەهرامی سێیەم
7. نەرسی
8. هرمزی دووەم
9. ئەزەر نەرسی
10. شاپوری دووەم
11. ئەردەشێری دووەم
12. بەهرامی چوارەم
13. یەزدکوردی یەکەم
14. بەهرامی پێنجەم
15. یەزدکوردی دووەم
16. هرمزی سیێەم
17. فەیروزی یەکەم (پیرۆزی یەکەم)
18. بەلاش (وەلکاش)
19. قوبادی یەکەم (کوات)
20. خەسرەوی یەکەم (ئانەوشیروانی داد پەروەر)
21. هرمزی چوارەم
22. خەسرەوی دووەم (خەسرەو پەروێز)
23. قوبادی دووەم
24. یەزدکوردی سێیەم
حەمدوڵا مستەوفی لە کتێبی نزهة القلوبدا، کە لە سەدەی چواردەی زاینیدا نووسراوە دەڵێت: پادشا (خەسرەوی یەکەم) هەستا بە ڕێکخستنی باچ و سوپا و دەفتەرداری دەوڵەت. لە سەردەمی فەرمانڕەوای ئەودا کتێبی بەناوبانگی کەلیلە و دیمنە لە هندستانەوە هێنرا بۆ شانشینی ساسانی، هەروەها قوتابخانەی ئەدەب و فەلسەفە گەیشتە ترۆپکی [20].
گەلی کورد لەبەر نەبوونی قەوارەیەکی ڕامیاری، کە گوزارشت لە شوناسی بکات و هەستێت بە نووسینەوەی مێژووی خۆی و هەروەها پارێزگاری لە کولتور و زمان و کەلەپوری بکات و پەرەی پێبدات، بۆیە مێژووەکەی توشی دزین و شێواندن و فەوتاندن و سڕینەوە بووە، چونکە داگیرکەرانی کوردستان بەبەردەوامی هەوڵیان داوه بۆ لەناوبردنی زمان و کولتوری کوردی و سڕینەوەی شوناسی گەلی کوردیان داوە، هەروەک چۆن هەردەم هەوڵیانداوە مێژووە دێرینەکەی به ساخته دروستبکەن و خۆیان بکەن بە خاوەنی، بۆئەوەی پیرۆزی بدەن بە داگیرکاریەکانیان و گەلی کورد بتوێننەوە و بیسڕنەوە لەسەر نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێی بە تورککردن و بەفارسکردن و بەعەرەبکردنەوە.
گەلی کورد خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەریە و یەکێکە لە گەلە دیرینەکانی ناوچەکە، کە شارستانیەتەکانی سۆمەری و ئیلامی و هۆری و میتانی و هیتی و میدی و ساسانی، گەواهیدەری ئەو ڕاستیەن کە چەندە گەلی کورد دێرینە و چەندە بەشدار بووە لە بونیاتنانی شارستانیەت و پەرەپێدانیدا.
بەدەرخستنی ڕۆڵی ڕاستەقینەی کورد لە بونیاتنانی شارستانێتی مرۆڤدا و ناسینی کولتور و مێژووەکەی، پێویستی بە دامەزراندنی سەنتەری کوردی پێشکەوتوو هەیە بۆ زیندوکردنەوە و ڕاستکردنەوەیان. لەسەر کورد پێویستە لە نێو کتێبەکان و دوکیومێنتەکان و هۆڵی مۆزەخانەکان و شوێنە مێژووییەکاندا لەڕێی کنە و پشکنینەوە بگەڕێن بۆ پاشماوەی موڵکە دیرینەکانی کورد، و هەروەها گەڕان لە ناو نامە ئاڵوگۆڕکراوەکانی نێوان بەرپرس و حکومەتەکان لە ڕێی توێژیینەوەی زانستیانە و بابەتیانە بۆ مێژووی کورد بۆ دۆزینەوەی ڕاستیەکان.
لەبەر ئەوەی کە کورد و مێژووەکەی توشی تێکدان و دزین و شێواندن بۆتەوە چونکە کورد خاوەن قەوارەیەکی سیاسی نەبوونە تاکو مێژووەکەیان لەسایەیدا بنووسنەوە، و بۆیە داگیرکەران هەستاون بە نووسینەوەی مێژووەکەی، و ئەوانیش هەستاون بە تێکدان و شێواندن و دزینی. لە نێو ئەم شیواندن و تێکدان و دزینەدا، لەسەر کورد پێویستە بگەڕێن و لێکۆڵینەوە بکەن و تا ڕاستی مێژووەکەیان دەربخەن و بیخەنە بەردەستی منداڵەکانیان هەتا جیهان مێژووە ڕاستەقینەکەی کورد بزانێت.
من داوای شێواندنی مێژوو ناکەم و ناخوازم بە ساختە دروست بکرێت وەک ئەوەی کە گۆڕبەگۆڕ (سەدام حسێن) کردی لە هەڵمەتی سەرلەنوێ نووسینەوەی مێژوو، بەڵام من پێشنیاری دامەزراندنی چەند ناوەندێکی زانستی دەکەم بۆ کۆکردنەوەی بابەتە مێژووییەکان دەربارەی کورد، و پاشان ڕیزبەندکردنیان و پارستنیان و بەراوردکردنیان لەگەڵ یەکتر و لە پوختە کردنیان تا ئامادەبێت بۆ نووسینەوەی بە شێوازێکی زانستی و بابەتیانە.
17. مسعود محمد. لسان الکرد. 1984، لاپەڕە 60 - 61.
18. هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە 39.
19. ولي فولادی منصوری. تاريخ سياسی اجتماعی بزرگ ايل کلهر. بەرگی یەکەم، انتشارات کرمانشاه، 1393 ک م، لاپەڕە 169.
20. المستوفي حمد الله القزويني. نزهة القلوب في المسالک والممالک. ليدن، 1915.
d. https://donya-e-eqtesad.com/.../3084203-%D9%BE%D8%B1%DA...
e. Paravaneh Pourshariati. The Parthians and the Production of the Canonical Shāhnamas : Of Pahlavi, Pahlavānī and the Pahlav. In: Henning Börn and Josef Wiesehöfer (eds.). Commutatio et Contentio Studies in the Late Roman, Sasanian, and Early Islamic Near East. 2008, p. 240.[1]