بۆ مامۆستا حەکیم
لە کتێبی: #قەڵای ڕاز#
بەرهەمی: #ژیلا حسێنی# (1964-1996)
دایکم نییە
بەڵام باشتر لە دایکی خۆم پرچی سۆز و تاسەکانم دائەهێنێ
هەستەکانم پەلکە ئەکات
بە سەرپەلکەی خۆشەویستی ئەیڕازێنێ
ئاسمان نییە
هەموو شەوێ ژوانگەی مەلی پەڕەوازەی نیگای من بێ
کەچی ڕازی چاوەشارکێ وچرپە و سرتەکانی من و مانگ ئەزانێ
دەریا نییە
دایمە خەوی شین و سەوزی پێوە ببینم و ئەویش
بەبێ پشوو بۆ قەراخی شێعرەکانم پەل باوێژێ
بەڵام جار جار سنگی ئەو و دەریام لێ ئەگۆڕێ
باوکم نییە
نێو چاوانم ماچ بکات و بۆ قوتابخانەم بنێرێ
کەچی هەرکاتێ ئەیبینم، سەری ڕێز و خۆشەویستی لە ئاستی دائەنەوێنم
خۆ گوڵ نییە
سەرشێتانە خۆشم بوێ، لە ئامێزی خەونی سەوزی هەڵبڕم و
دوای چەن جار بۆن لێ کردنێ بە ئامێزی تەنگی دەفتەری بسپێرم.
نە ئاسمان و نە دەریایە، نە گوڵ، نە مانگ، نە باوکمە و نە وەک دایە.
مامۆستاکەم وەسفی نایە.
#1994-09-04#
[1]