بەهاری ئازادی
لە کتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
گوڵەکەم! نەماوە دوێنێ
کە بژین بە ڕەنجەڕۆیی
مەلی شادییە و دەخوێنێ
لە بەهاری سەربەخۆیی
دەمی ژیانەوەی هەژارە
بزە هاتە جێی پەژارە
گوڵەکەم! گوڵی هومێدم
شەو نەما، بەیانی ئەنگوت
خۆشەویستی دوورەزێدم
دێوی خەم کراوە دەمکوت
گوڵ بزەی لە سەر دەمانە
جێژنی گەورەی نیشتمانە
گوڵەکەم! بە ودمی شیبا
بەستەڵەک نەما، تواوە
شادی و ئەوین و هیوا
ئاڵقەئاڵقە تێکخراوە
هەلی شەوشنەی شەماڵە
کانی شەوگەڕی خەیاڵە
دەنگی شادیی ئێمە ئەمڕۆ
لە سنوورێ تێپەڕیوە
خۆری ئازادی لە ئاسۆ
شەوەزەنگی هەڵبڕیوە
کۆیلەیی و دیلی نەماوە
نەتەوی پشتی چەماوە
بزەیە و سەردەمی خۆشی
گوڵی شادی هاتە خەمڵین
تێکیپێچاوە پەرۆشی
چیدیکە ئەسیری خەم نین
بۆ لە کازیوەی بەهاری
گوڵی من! لێم نادیاری؟
چەندە خۆشە کوردەواری
وەرە سەیری کێو و دەشتی
سەیری بژوێنی هەواری
لێڕەواری وەک بەهەشتی
هەموو لایێ سوور و شینە
کاتی خۆشیی گوڵ چنینە
چ جوان و دڵنشینە
چەم و لێڕ و دەشت و ئادە
وەرە بڕوانە، ببینە
کەوی سەرمەستی کوڕادە
چۆن دەقاسپێنێ بە مەستی
وەرە تۆش هەست بکە هەستی
لە سەری دوندی ژیانا
تەم و خەم بەرەو فڕینە
لە زەوین و ئاسمانا
مۆسیقای خۆشی ئەوینە
لە تەواوی شوێن و مەڵبەند
بۆتە هەڵپەڕین و گۆوەند
چ دەبێ زێدە لە ژینم
بێیەوە بەرەو ئەوینت
جارێکی دیکە ببینم
بەژنی ڕێک و دڵنشینت
پێش ئەوەی لە دەس بچێ ژین
تامی خۆشی ژین بچێژین
نەورۆزی 1980 #مەهاباد# - بە دەنگی سەید خالید ئیمامی [1]