ئەتۆم دەوێ!
لە کتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
ئەتۆم دەوێ!
لە نێو گوڵانی جوانی سەر زەوی،
لە نێو مەلانی کێوی و کەوی،
لە نێو ستێرەکانی ئاسمان،
لە نێو دیاردەکانی بوون و مان،
ئەتۆم دەوێ...
ئەتۆم دەوێ کە ئاشنای منی!
ئەتۆم دەوێ کە مەندی، هێمنی!
ئەتۆ لە ئاوی کانیی بەر بنار،
لە لارەلاری گیاوگۆڵی بەر شنەی بەهار،
لە ئاورینگ،
لە هەوەڵین گزینگ،
جوانتری...
ئەتۆ لە سرتە سرتی جێژوان،
لە دیمەنی شەو و گڕ و مەڕ و شوان،
لە گۆلی مەند،
لە سامڕەند،
لە چیمەن و گیا و زەمەند،
لە بۆنی هەڵز و پنگ و گیابەند،
بە هەستم ئاشناتری...
ئەتۆم دەوێ!
ئەتۆ کچی خودای جوانی و وەفای!
ئەتۆ بە دەردم ئاشنای!
ئەتۆ هەوێنی شێعرەکانمی!
ژیانمی،
ئەتۆ سەر و بنی بزە و وتە و دوانمی!
کە وایە دەستی من لە دەستی خۆت گرە!
بهێڵە تان و پۆی نیگای من و بزەی جوانی تۆ،
بێتە جێ هەسانەوەی خەیاڵی بەرز و نەسرەوم...
بڵا بە سێحری زەمزەمەی وتەی جوان و خەمڕەوێن،
دەمێکی دابمرکێ ئەسپی تۆڕی مەیلی سەڕڕەوم...
جوانترین گوڵی خودا!
بڵا بە هێزی بێبڕانەوەی ئەوین،
لە کێوی خەم وەسەر کەوین...
لە مێرگی ئەوپەڕی سنووری خەم،
نە زۆنگەیە، نە زۆر گەیە،
بەهاری بێ خەزانە چاوەڕوانی ئێمەیە...
1978
[1]