مۆسیقای خۆماڵی
لە کتێبی: #شاری وێران#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
هونەری هەر وڵاتێک وێژەری بیر و بڕوا و وەزعی ڕووحی و کۆمەڵایەتی خەڵکی ئەو وڵاتەیە. لە وڵاتە ڕۆژئاوایییەکاندا کە زۆربەی خەڵک لە کەیف و نەهەنگی خۆیان دان و لەگەڵ خەم و پەژارە ئاشنا نین، هونەر بەتایبەتی مۆسیقا شاد و بەزمسازە، بەڵام قولەکانی ئافریقا کە بە درێژایی مێژوو لە ترس و دڵەکوتە و نەسرەوتندا ژیاون و هەمیشە چاوەڕێی دڕندە لێڕەوارییەکان و دڕندە ڕۆژئاوایییەکان بوون، بە سەر تەواوی هونەرەکانیاندا هەورێکی ترسان و هاوار کردن کشاوە کە لە ژیانی پڕ لە چەرمەسەری و دەربەدەری و ناهێمنایەتی ئەوان سەرچاوە دەگرێ.
نووسراوە، هەڵبەست، وێنە، مۆسیقا و بەگشتی هەموو هونەری ئەو وڵاتانە پڕە لە داد و هاوار. داد و هاوارێکی کەس گوێی ناداتێ و لە فریایان نایە. هونەرەکانیان - بەتایبەتی مۆسیقاکەیان - باسی ترسە، باسی دڵەلەرزە و دڵەکوتە و سەر لێ شیوان و هەڵات هەڵاتێنە. مۆسیقای ئافریقا کە بە (جاز) ناوبانگی دەرکردووە، حاڵەتی جاڕز بوون، ترسان، بێزران، هاواری بێ ئاکام و خەمی بەرە و مردن چوونی لێ دەبارێ.
هونەری وڵاتە ڕۆژهەڵاتییەکانیش کە ژیانیان لە ڕابردوودا پڕ بووە لە خەم و تەم، کوێرەوەری و کەم و کووڕی، تێکشکان و شەمزان، دیلی و کویلەیی، شین و گریان حاڵەتێکی خەمباری و دراماتیکی هەیە. هەر ئەو حاڵەتە کێش و جەزەبەیەکی تایبەتی دەدا بە هونەری ڕۆژهەڵاتی کە دەردئاشنایان و لێوبەباران و خەمداران حەزی پێدەکەن و پێیان خۆشە. هونەری کوردەواریش کە بەشێکە لە هونەری ڕۆژئاوایی، لەو کێش و جەزەبەیە بێبەش نییە. لێرەدا نامەوێ باسی هونەری گەلەکەمان بە گشتی بکەم و تەنیا لە سەر مۆسیقای کوردی دەڕۆم.
لە زەمانی ماددا (گاسە) کانی زەردەشت کە چەشنێک هەڵبەستی ئایینی بووە، بە هەوای تایبەتی گوتراون، (گاس) یان (گات) یان (گاسە) بە زمانی مادی واتا بانگ کردن و هەرا کردن. ئەمنیش وەک مامۆستا (هەژار) لە سەر ئەم بڕوایەم کە وشەی (گاز) لە کوردیدا کە هەر ئەو مانایەی هەیە، هەمان (گاس)ە کە وەک زۆر وشەی دیکەی مادی لە نێو کورداندا هەر ماوە. بە هۆی ئاسەوارێکی کە لە دەستدایە، ئەودەم هێندێک ئەمرازی مۆسیقا کە وەک (تەپڵ) و (تار)ی ئەمڕۆ چووە، باو بووە.
بێجگە لەو گاسانە، لە مۆسیقای زەمانی پێش ئیسلامدا کە پێوەندی لەگەڵ مۆسیقای ئەمڕۆی کوردی بووبێ، تەنیا ئاگامان لە (سروودی ئەهۆرا) یە.
(ئەهۆرا)، سروودێک بووە کە بە ئەهۆرەمەزدادا هەڵگوتراوە. هەواکەی بە تەواوی وەک (هۆرە)ی ئەمڕۆی کوردی بووە. گوتن و خوێندنەوەی ئەهۆرا بەم چەشنە بووە کە بە پشوویەک جوملەیەکیان گوتووە. ئەمڕۆکەش هۆرە بەم چەشنەیە و هۆرەبێژ بە پشوویەک جوملەیەک دەڵێ. ئەو چەشنە گوتنە، کاری لە ئەدەبی ئیسلامی کردووە و خوێندنەوەی قوڕئان کتێبی ئاسمانی موسڵمانەکان لە خوێندنەوەی ئەهۆرا لاسا کراوەتەوە و بە پشوویەک جوملە یان ئایەیەک دەخوێندرێتەوە کە پێی دەڵێن (تجوید). دیارە وشەی هۆرەش هەر گۆڕدراوەی (ئەهۆرا) یە.
دوای هاتنی ئیسلام، لە مۆسیقای کۆنی کوردی بەڵگەیەکمان بە دەستەوە نییە، تەنیا بەیتەکان نەبن کە زۆریان لە سەدان ساڵ لە مەوبەر بۆمان ماونەوە. هەر یەک لەو بەیتانە بە هەوایەکی تایبەتی دەگوترێن. بێجگە لەو بەیتانە، مۆسیقای کوردی لە ڕابردوویەکی درێژدا بریتی بوون لە هێندێک شێعری ئایینی بە تایبەتی هەڵبەستی دەروێشانە و هێندێک گۆرانی بەزمی و ڕەزمی. ئەمرازی مۆسیقاش بریتی بوون لە تەپڵ، دوو تەپڵ، دەهۆڵ، دەفە، دمبەگ، دووزەلە، نایە، بلوێر و شمشاڵ.
زەوقی سەلیم و مەیل بە هونەر لە نێو کورداندا بۆتە هۆی خوڵقاندنی دەیان و سەدان هەوای جۆربەجۆر، بەڵام بەداخەوە دانەرانی ئەو هەوایانە لە ڕابردوودا بۆمان ڕوون نین کە کێن، تەنیا ئەوەی کە لە ڕابردوویەکی نیزیکدا ناوبانگی دەرکردووە خوا لێ خۆش بوو (وەفایی)ە کە هەم شاعیر بووە و هەم ئاهەنگساز، بەڵام ئەو هەوایانەی کە وەفایی بۆ هەڵبەستەکانی خۆی سازی کردوون، زۆرتر لە هەڵبەستەکانی ناوبانگیان دەرکردووە و باشترە بڵێم هونەری وەفایی لە ئاهەنگ سازکردندا زیاتر لە هونەری شاعیری ئەوە. هەواکانی وەفایی مایەیەکی دەروێشانە و هەوێنێکی عیرفانیان هەیە، هەر بۆیە بە هەوای ئاسمانی و ڕووحانی خۆیان لە دڵ و گیانی بیسەردا کار دەکەن. لێرەدا بە پێویست دەزانم یادێک لە هونەرمەندی گەورە و دەنگخۆشی بەناوبانگ کاک (محەممەد ماملێ) بکەم کە لە ڕاگرتن و پاراستنی هەواکانی وەفاییدا بە - ڕاستی دەورێکی گرینگی هەیە.
گۆرانییە کوردییەکان لە هەموو دەزگایەکی مۆسیقادا گوتراون و جۆربەجۆرن، بەتایبەتی لەم دوایییانەدا ئاڵوگۆڕێکی گرینگیان بە سەردا هاتووە و بەرەو پێشکەوتن چوون. بەیتەکانیش کە هەر کام ئاهەنگ و هەوایەکی تایبەتییان هەیە، بەشێکی گرینگ لە مۆسیقای کوردی پێک دێنن. قام و گۆرانی و بەیتی کوردی هەم بە دەنگ گوتراون و هەمیش بە دووزەلە و نایە و بلوێر و شمشاڵ لێدراون.
زۆربەی هەڵبەست و شێعری قام و گۆرانییەکان فۆلکلۆریکن، بەڵام لەم دواییانەدا لە سەر شێعر و هەڵبەستی شاعیرانیشدا هەوا ساز کراوە.
بێجگە لەو بەیت و گۆرانییانە کە هەڵبەست و شێعریان هەیە، هەوای وامان هەیە کە بەبێ ئەوەی شێعریان هەبێ مەبەستێک دەگەیێنن وەک (بووک و خەسوو) و (هەوارەبەرە) کە بە بلوێر و شمشاڵ و نایە لێدەدرێن.
(بووک و خەسوو)، شەڕ و کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان بووکێک و خەسوویەک دەگەیێنێ کە بەداخەوە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا زۆر دەبیندرێ. خەسوو بە سەر بووکدا دەگوڕڕێنێ و تووڕە دەبێ و پرت و بۆڵە دەکا و بووکیش بە دەنگێکی لەرزۆک و فەقیرانە لە خۆی دیفاع دەکا.
(هەوارەبەرە)، باسی شوانێکی لاوە کە ئاشقی کچێکە و لە بەر جیاوازیی چینیایەتی ناتوانێ بە مرادی دڵی بگا و کچەکە بخوازێ یان تەنانەت لە نیزیکەوە قسەی لەگەڵ بکا. جا هەموو ڕۆژێ کە مەڕی بردۆتە لەوەڕێ، بە بلوێر ڕازی دڵی خۆی پێڕاگەیاندووە و تەنیا کچەکە لێی تێگەیشتووە کە دەڵێ چی.
ڕۆژێک کە شوانە مەڕەکانی بۆ لەوەڕ دەباتە دەرەوەی ئاوایی، جەردە دەچنە سەری کە مەڕەکانی لێ بستێنن. شوانە لە بەریان دەپاڕێتەوە و دەڵێ ئەمن ئەم مەڕانەم زۆر خۆش دەوێن، لێم گەڕێن با نەختێکیان بلوێر بۆ لێدەم جا بیانبەن. جەردەکان بەزەیییان پێدا دێ و ئیجازەی پێدەدەن. شوانەش بە بلوێر بە گراوییەکەی خۆی ڕادەگەیێنێ کە جەردەم هاتوونە سەر، خەڵکم بە هاواریەوە بنێرە. تەنیا کچەکە لێی تێدەگا کە دەڵێ چی. جا بە خەڵکی ئاوایی ڕادەگەیێنێ و خەڵک دەچن لە چنگ جەردان ڕزگاری دەکەن.
وەکوو گوتم (بووک و خەسوو) و (هەواەبەرە) تەنانەت وشەیەکیشیان تێدا نییە و تەواوی ئەو قسانە بە بلوێر یان شمشاڵ یان نایە دەگوترێ و بیسەریش بە باشی لێی تێدەگا.
گەلی کورد کە سەدان ساڵە بە سوارچاکی ناوبانگی دەرکردووە، بۆ سواریش لە مۆسیقا کەلکی وەرگرتووە، بەم چەشنە کە بە دوو تەپڵ چەند هەوای جۆربەجۆر لێدەدەن کە هەر کام مانایەکی تایبەتی هەیە و مەبەستێک ڕادەگەیێنێ وەک کۆبوونەوە و سوار بوون و وەڕێ کەوتن، پڕتاو، ڕمبازێن، هێرش بردن و....
ئەمڕۆ کە زانستی پزیشکی و ڕەوانشناسی سووری کردۆتەوە کە زۆر نەخۆشینی وا هەیە بە مۆسیقا چار دەکرێ و نیازی بە دەرمان نییە، کە چی کورد لە مێژە ئەو مەسەلەیەی دەزانێ و دەیان و سەدان ساڵە بۆی ڕوون بۆتەوە کە مۆسیقا لە دڵ و گیانی نەخۆشدا کارییە. هەر بۆیە هێندێک نەخۆشینی وەک ئەسپەک لە کوردستاندا بە مۆسیقا عیلاج دەکرێ.
هیوادارم لاوە مۆسیقازانەکانمان وچان و دەرفەتی ئەوەیان هەبێ کە بتوانن بە مۆسیقای نەتەوایەتیمان گەشە بدەن و بە کۆ کردنەوە و ڕێکوپێک کردنی هەوا جۆربەجۆرەکان لە فەوتان و لە نێوچوونیان بەرگری بکەن. [1]