ناونیشان: ڕۆمان و ئەڤین؛ خوێندنەوەیەک بۆ سەردەمی گریانی بەڵقیس
ئامادەکردن: د. #هاشم ئەحمەدزادە#
ڕۆمانە نوێیەکەی جەبار جەمال غەریب، سەردەمی گریانی بەڵقیس، لە درێژەی نۆ ڕۆمانی پێشووتریدا، دیارییەکی بەنرخە بۆ کۆمەڵگە و ئەدەبی کوردی. لەم نووسینەدا هەوڵی خوێندنەوەیەکی ناوەرۆکی و شێوازییانەی ئەم ڕۆمانە دەدەم و لە هەمان کاتدا چەند ئاماژەیەکی گشتییش دەکەم بە دیاردەی ئەڤین و پەیوەندییە چڕوپڕەکەی ئه و دیاردە و چەمکە لەگەڵ گێڕانەوەی ئەدەبی، بە گشتی و گێڕانەوەی ڕۆمانییانە، بەتایبەتی.
سەردەمی گریانی بەڵقیس بە بەراوەرد لەگەڵ ڕۆمانەکانی تری جەبار جەماڵ غەریب، پەیوەندییەکی زۆر ڕاستەوخۆیانەتری هەیە بە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی مرۆڤی کوردەوە. بە واتایەکی تر، غەیری چەند جێگا کە بە شێوەیەکی زۆر خێرا و ڕێگوزەرانە، هەڵبەت زۆر بەجێ و شیاو، چەند دیمەنی ڕێئالیزمی جادوویی خۆیان دەردەخەن، شێوازی زاڵی گێڕانەوەکە ڕێئالیستییە و خوێنەر خۆی لە گەمارۆی کەسایەتی و ڕووداوگەلی تەواو واقیعیدا دەبینێتەوە.
$ڕۆمان و ئەڤین$
مێژووی خۆشەویستی و ئەڤین بەبەردەوامی شادەماری ئەدەبیات بووە. خۆشەویستی وەک تایبەتمەندییەکی سەرەکیی ژیانی مرۆڤەکان ناکرێ لە دیدی ئەدەب کە دواجار بەسەرکردنەوەی هەست و بوونی مرۆڤە، وەلا بنرێت. ئەفسانە کۆنەکان و کتێبە ئایینییەکان هەرگیز لەم پرسە غافڵ نەبوونە. لە ڕەوتی گەشەی ئەدەبی نوێدا دەورەیەکی بەرچاوی مێژووی ئەدەب نازناوی دەورەی ڕۆمانتیکی پێبەخشرا. ئیتر لەوە دەورەیەدا سەدان و بگرە هەزاران ڕۆمان تەرخانی هەستی خۆشەویستیی نێوان مرۆڤەکان دەکرێن. پێشتریش ئەدەبی ڕۆمانس وەک دەربڕی سەرەکیی ئەدەبی حەماسی، وێناکردنی هاوکێشیی مرۆڤەکانی بەبێ ئەڤین و خۆشەویستی بۆ چارەسەر نەدەکرا. لە شێوازە جۆراجۆرەکانی ئەدەبی کلاسیکدا هەزاران غەزەل، قەسیدە، مەسنەوی و چوارێنە تەرخانی خۆشەویستی کران. لە ڕۆمانی نوێشدا کەم نین ئه و نووسەرانەی کە پەیڤێکی لکێندراو لەگەڵ ئەڤین وەک تەنیا یەک وشە یاخود بەشێک لە ناوی ڕۆمانەکانیان هەڵدەبژێرن. ڕۆمانی خۆشەویستیی (beloved) تۆنی مۆریسۆن تەنیا نموونەیەکە لە سەدان ڕۆمانی لەم چەشنە. ئەم نەریتە ئیتر لە بەرهەمی مۆدێرنیستەکانی وەک ڤیرجینیا وۆلف، جەیمس جۆیس و مارسێل پروستیشدا هەر درێژەی پێدراوە و پرسی ئەڤین بەشێکی سەرەکیی گێڕانەوەکانیانی پێکهێناوە.
ئەگەر ڕۆمانێک چەمکی ئەڤین و خۆشەویستی وەک تێمی سەرەکیی خۆی پێشکەشی خوێنەرانی بکات، ئەوە ئێمە لەگەڵ بنژانرێک ڕووبەڕوو دەبینەوە کە دەکرێ بەسانایی نازناوی ڕۆمانی ئەڤیندارانەی بدەینێ. هەڵبەت وێناچێت هیچ ڕۆمانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بتوانێت بە شێوەیەک لە شێوەکان ئاوڕێک لە پرسی خۆشەویستی نەداتەوە. مادام کاراکتێر تۆوێکی بڕیاردەری ڕۆمانە، مرۆڤ ناتوانێ باوەڕ بکات ڕۆمانێکی سەرکەوتوو هەرگیز بتوانێت خۆی، لانیکەم بە ئاماژەیەکیش بێت، لە پرسی خۆشەویستی ببوێرێت.
وێدەچێت هەر لە سەرەتای هاتنە ئارای ئەدەب و هونەرەوە، ئەڤین وەک تێمێکی سەرەکی، ئامادەیی تەواوی هەبووبێت. لە ئەفسانەکانی میتۆلۆژییانەی یۆنانی کۆندا بەردی بناغەی پتەوی پەیوەندیی خۆشەویستی لەنێوان مرۆڤەکاندا داندرا و بۆ نموونە ئۆدیسەکەی هومێر لە هەنگامەی هەموو زەحمەتییەکانی سەفەرە پڕمەترسی و درێژەکەیدا لە جادووی ئەڤین بەهرەی وەردەگرت. لەڕاستیدا ئەڤین ئه و خەزێنە لەبننەهاتووەی وەفاداری و خۆشەویستییە بوو کە مانایەکی تایبەتی بە چاوەڕوانییە کوشەندەکەی پێنێلۆپێ دەبەخشی و دوو دەیە ژیانی پڕ لە حەسرت و جەغاری ئەوی لە پەڕجووی هیوا بێبەری نەدەکرد. شاژنی وڵاتی ئیتاکا تەنیایە و مێردەکەی دیار نەماوە و ئیتر دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵ هەموو هاتوونە سەر ئه و باوەڕەی دەبێ ئۆدیسە نەمابێت. بەڵام پێنێلۆپێ هەر هیوای بەر نەداوە و بە سەدان فێڵ، هەموو ئه و خوازبێنانەی لە چاوەڕوانیدا دێڵێتەوە و دەڵێت کە ئه و بۆ بڕیاردان و هەڵبژاردنی یەک لە خوازبێنەکانی پێویستی بە بیرکردنەوەی زیاترە. پێنێلۆپێ بۆ خافڵاندنی خوازبێنەکانی و بەلاڕێدابردنیان خەریکی چنینی پارچەیەکی گەورەیە و دەڵێت کە تا خەزووری ماوە ئه و دەبێ چنینەکەی تەواو کات. ڕۆژانە دەچنێ و شەوانە هەڵیدەوەشێنێتەوە و هەڵبەت فرمێسکیش هەڵدەوەرێنێت. کاتێک دوای سێ ساڵ یەک لە خزمەتکارەکانی، ئه و نهێنییەی لێ لەقاو دەدات، پێنێلۆپێ هەمدیسان بەهێزی ئیرادە و باوەڕی خۆی خوازبێنەکان لە چاوەڕوانیدا دێڵێتەوە. تێلێماکۆسی کوڕی کە هەرگیز باوکی خۆی نەدیوە، بەشوێن باوکیدا ماڵ جێ دێڵێت و دوای ساڵانێک باوک دەدۆزێتەوە و دواجار باوک لە جلوبەرگی سواڵکەرێکدا دەگەڕێتەوە ماڵ و لە پێشبەڕکێی هاویشتنی تیرێک بەنێوان دوازدە ئاڵقەدا، سەرکەوتوو دەبێت و نووکی تیرەکەش دە ئەردی دەچەقێنێت. دواتر کابرای سواڵکەر کە هەمان ئۆدیسەیە، خێڵی خوازبێنەران دەکوژێت و لەگەڵ پێنێلۆپێ بە یەک دەگەنەوە. بەمجۆرە پێنێلۆپێ دەبێتە چەمکی وەفاداری بە هاوسەرەکەی و سەرەڕای بیست ساڵ چاوەڕوانی، هەرگیز ئۆدیسە لەیاد ناکات و لە چاوەڕوانیی هاتنەوەیدا پشت لە هەموو وەسوەسەیەکی خوازبێنە ڕەنگاوڕەنگەکانی دەکات. تێکهەڵکێشێکی جوانی ئەدەبییانە لە ئەفسانەی ئۆدیسەدا سەگە پیرەکەی ئەوە بەنێوی ئارگوس (Argus). کاتێک ئۆدیسە دوای بیست ساڵ لە جلوبەرگی سواڵکەڕێکدا دەگەڕێتەوە، ئارگوس تەنیا بە بیستنی دەنگەکەی، دەیناسێتەوە و بە جووڵاندنی کلک و سەروملی، خۆشیی خۆی لە هاتنەوەی ئۆدیسە نیشان دەدات. ئۆدیسەش بە بینینی ئارگوس چاوەکانی پڕ دەبن لە ئاو. ئەوەی دیمەنێکی زۆر تاڵ بە گێڕانەوەکە دەدات مردنی ئارگوسە لە هەمان ڕۆژدا. هەست دەکەی ئارگوس ئه و هەموو ساڵە ژیاوە کە بەخێرهاتنەوەی ئۆدیسەی خاوەنی بکات و بۆ ئاخیرجار چاوی پێبکەوێتەوە. دوو وەفاداریی هاوتەریبی پێنێلۆپێ و ئارگوس هەڵگری دونیایەک مانا و جوانیناسیی ئەدەبین. وەفاداریی ئارگوس هەڵبەت بە تراژێدیی مردن کۆتای دێت و لەناخی خۆیدا وەفادارییەکە تەنیا بە ئەڤینی بینینەوەی خاوەن و دواتر مردن بێ هیچ چاوەڕوانییەک لە خاوەن و مەعشووق.
لە سەدەی حەڤدەهەمدا کاتێک ڕۆمان وەک ژانرێکی نوێ دەبێتە حەماسەی بورژوازی و مانیفێستی گێڕانەوەیی مۆدێرنیتە، بابەتی ئەڤین تێمێکی هەردەم ئامادەی ڕۆمانە. ڕەنگە هەر له و ڕۆژەوە کە ئالۆنسۆ کیژانۆ، پێششەرتەکانی بوون بە پاڵەوانی دەستنیشان کرد و ئەڤین یەک له و مەرجانە بوو، سەرەتای سەرهەڵدانی ڕۆمان و پرسی ئەڤینداری، تێکهەڵکێشی یەکتر کرابن. وەک دەزانین ئالۆنسۆ پێیوابوو ئه و ناتوانێ ببێتە پاڵەوان ئەگەر ناوێکی شیاوی پاڵەوانان، مەیتەر و مەتاڵ و نێزە و کڵاوی شەڕ، ئەسپێکی ناودار و دواجار خۆشەویستێکی ڕاستەقینەی، نەبێت. بۆ ئەم مەبەستە ئه و ناوی خۆی دەکاتە دۆنکیخۆتێی لامانچا. جلوبەرگی شەڕی باپیرانی لە کۆنە سندووقی ماڵ دێنێتە دەر و سانچۆش دەکات بە مەیتەر، ئێسترەکەی بە ڕۆسینانتێ ناوزەد دەکات و وەک دوایین شەرتیش کچە جووتێرێکی سپانی بەناوی ئالدۆنزۆ لۆرێنزۆ وەک ئەڤینی خۆی دیاری دەکات و ناوەکەی دەگۆڕێت بە دۆلسینێئای تۆپۆسۆ و بڕیار دەدات هەموو قارەمانێتی و لێهاتووییەکانی خۆی پێشکەشی ئه و بکات. لە هەموو سەفەرە پڕ مەترسییەکانی دۆنکیخۆتێدا ئەوە ئەڤینی قووڵی دۆلسینێئایە کە هاندەری پاڵەوانە. لە کاتێکدا کە هەڕەشەی کوشتنی لەسەرە و نێزەی لەسەر ملی ڕادەگرن کە واز لە دۆلسینێئا بێنێت، ئه و هەر بە ئەڤینی خۆی وەفادارە و وازی لێ ناهێنێت. ڕەنگە نامە مێژووییەکەی دۆنکیخۆتێ لە چیا سەرکێشەکانەوە بۆ دۆڵسینێئا یەک لە دەقە هەرە جوانەکانی ئەدەبی ئەڤینداری بێت. هەروەها ناردنەوەی سانچۆپانزاش بۆ گوندەکەی، بۆ ئەوەی نامەکە بەدەست خۆشەویستەکەی پاڵەوان بگەیەنێت، هەمدیسان یەک لە سرنجڕاکێشترین بەشەکانی گێڕانەوە ناودارە جیهانییەکەی دۆنکیخۆتێیە. سانچۆی کڵۆڵ کە کەرە بەناوبانگەکەی، واتا دالپێ، دزراوە، دەبێ بەپێیان ئەم ئەرکە بەجێ بێنێت و ئەمەش تام و چێژێکی لەڕادەبەدەر دەدات بە گێڕانەوەکە.
سەدەی نۆزدەهەم وەک سەدەی سەقامگیریی مۆدێرنیتە و گەشەی بێپێشینەی سەرمایەداری، پرسی ئەڤین و خۆشەویستیی نێوان جینسی نێر و مێ دەباتە قۆناخێکی تازەوە. لیۆ تۆلستۆی لە کەسایەتیی ئاننا کارێنینادا وەبەریەککەوتنی نەریت و نوێخوازی لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەڤیندا بەرجەستە دەکات و لەڕاستیدا مانیفێستی ئەدەبیی گوڕانی سەردەمێک و ئێپیستیمەیەک لە مێژووی ڕووسیادا دەئافرێنێت. بەسەرهاتی ئاننا و گەڕان بە شوێن دامرکاندنی حەزەکانی لە دەرەوەی ژیانی هاوسەریدا، وەک دەزانین دواجار بە قیمەتی گیانی ژنە نازدارەکەی ڕۆمانە بەناوبانگەکەی تۆلستۆی تەواو دەبێت. ئەگەر ئاننا کارێنینا بەرهەمی دوا دەیەکانی سەدەی نۆزدەهەم بوو (1877)، دوو دەیە پێشتر نووسەرێکی گەنجی فەڕەنسی، گۆستاڤ فلوبێر، بەرهەمێکی کەم و زۆر وێکچووی ئافراند بوو بە ناوی مادام بوڤاری (1856). گرنگیی ئەم ڕۆمانە تا ئه و ڕادەیە لە ئەدەبی جیهانیدا دەنگی دایەوە کە چەمکی بوڤاریزم (Bovarism) بوو بە پێناسەی ئه و کەسانەی کە بەهۆی خەیاڵات و خەونەکانیانەوە لە ژیانی ڕاستەقینەی ڕۆژانە هەڵدێن و خۆیان بە پاڵەوانی چیرۆکێکی ڕۆمانسیانە دەزانن. ئه و چەمکە ئەگەرچی لە ژیانی مادام بوڤارییەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام بۆ ژن و پیاو بە شێوەیەکی یەکسان دەکار دێت.
لە دەرەوەی ئوروپاشدا پرسی ئەڤین وەک تێمێکی ناسراوی ئەدەبی، ژانری ڕۆمان زیاتر دەڕازێنێتەوە. ئەڤین لە سەردەمی وەبادا نموونەیەکی بەرچاوی ڕۆمانێکە سەبارەت ئەڤین و کارتێکەرییەکانی لەسەر کەسایەتییەکانی ڕۆماندا. گێڕانەوەی مارکێز لە سێگۆشەیەکی گرنگی ئەڤینداری لەنێوان فلۆرێنتینۆ و فێرمینا و دکتۆر ئوربینۆدا پەردە لەسەر نهێنییەکانی دەروونی مرۆڤەکان لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەڤیندا لادەدات. فلۆرێنتینۆ عاشقی فێرمینا دەبێت و پەیوەندییەکی چڕ لەنێوانیاندا ساز دەبێت. لەنێوان ئه و دوو کەسەدا نامەی زۆر دەستاودەست دەکرێن. ماوەی دوو ساڵان ئەوان جارجار و زۆر کورت یەکتر دەبینن، بەڵام هەموو ڕۆژێ نامە بۆ یەکتر دەنووسن. دواتر باوکی فێرمینا نامە ئەڤیندارییەکانی فێرمینا دەدۆزێتەوە و سزای دەدات. بۆ ئەوەی فلۆرینتینۆی لەبیر بەرێتەوە دەچن بۆ شارێکی تر. دواتر کە دەگەڕێنەوە شارەکەی خۆیان، جارێک فلۆرێنتینۆ لە بازاڕێکدا تووشی فێرمینا دەبێت و هەمدیسان هەستی خۆی بۆ دەردەبڕێت. ئێستا ئیتر فێرمینا گەورە بووە و لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا وەک کچێکی عاقڵ و باڵغ هەڵسوکەوت دەکات و بەتوندی بەرپەرچی پێشنیاری فلۆرێنتینۆ دەداتەوە. پەنجا و یەک ساڵ و نۆ مانگ و چوار ڕۆژ تێپەڕ دەبێت و فلۆرێنتینۆدەرفەتی دیداری فێرمینای لە نزیکەوە دەست ناکەوێت. سەرەتا هەوڵ دەدات لەگەڵ هیچ ژنێک پەیوەندی نەگرێت و وەک کوڕێکی دێخوننەکراوە خۆی بۆ ئەڤینی فێرمینا تەرخان کات. بەڵام دواتر ئه و دەبێتە پیاوێک کە پەیوەندیی زۆروزەبەندی لەگەڵ ژناندا دەبێت و ژمارەی ئه و ژنانەی لەگەڵیان جووت دەبێت دەگاتە 622 کەس. کاتێک دوای ساڵانێکی زۆر مێردە دکتۆرەکەی فێرمینا، دکتۆر ئوربینۆ، لەناکاوڕا دەمرێت، فلۆرێنتینۆ هەمدیسان ئەڤینی خۆی بۆ جاری دووهەم بۆ فێرمینا دەردەبڕێتەوە و دوای ماوەیەک هەوڵدان دڵی ئه و بەدەست دێنێتەوە و ڕازیی دەکات بەیەکەوە سەفەرێکی دەریایی بکەن. هەڵبەت کاتی خۆی فێرمینا لەلایەن باوکییەوە هان دەدرێت کە لەگەل ئەم دکتۆرەدا ژیانی هاوبەش پێکبێنێت. لەم سەفەرەدایە کە فلۆرێنتینۆ و فێرمینا بۆ یەکم جار ئەڤین دەگۆڕنەوە و جووت دەبن. کاتێک دەگەنە دوا بەندەر، فلۆرێنتینۆ داوا لە کاپیتانی کەشتییەکە دەکات کە ئاڵای زەرد لەسەر کەشتییەکە هەڵدات. ئەم ئاڵایە نیشانەی نەخۆشینی وەبایە و بەمجۆرە کەس لە کەشتییەکەدا نامێنێتەوە جگە لە فلۆرێنتینۆ، فێرمینا، کاپیتان و خۆشەویستەکەی. هیچ بەندەرێک ئیزنی لەنگەرگرتن بە کەشتییەکە نادات و ئەوان بۆ هەمیشە دەبێ لەسەر ئاوەکاندا لە هاتوچۆدا بن و هەر بەمجۆرە ژیانیان بەسەر بەرن. بەلەبەرچاوگرتنی ئه و ڕاستییە کە کاری سەرەکیی دکتۆر ئوربینۆ بریتی بوو لە بنبڕکردنی نەخۆشیی وەبا، شێوازی فلۆرێنتینۆ بۆ خەمڵاندن و بەردەوامیدان بە ئەڤینی خۆی و فێرمینا لەژێر ئاڵای وەبادا زۆر سرنجڕاکێشە. دکتۆر ئوربینۆ تەنیا بۆ ماوەیەک لەگەڵ کەسێک پەیوەندیی هەبووە و بێوەفایی بە فێرمینا کردووە. بەڵام فلۆرێنتینۆ لە ماوەی دوورودرێژی چاوەڕوانی بۆ فێرمینادا، بەبەربڵاوی لەگەڵ ژناندا پەیوەندیی گرتووە و تەنانەت لەگەڵ کچی چواردە ساڵەشدا پەیوەندیی هەبووە. دواجار لە سەردەمی پیریدا فێرمینا بۆی دەردەکەوێت کە سەرەڕای ئەم ڕاستییە، فلۆرێنتینۆ چەندە بە ئه و وەفادار بووە و خۆشی ویستووە و هەرگیز فەرامۆشی نەکردووە. بەمجۆرە هەستی فلۆرێنتینۆ شکست بە کەسایەتیی دکتۆر ئوربینۆ دێنێت، کەسایەتییەک کە نوێنەرایەتیی هەموو پێناسەکانی ژیانی مۆدێرن، واتا عەقڵ، زانست، پێشکەوتن، ناوبانگ و سەروەت و سامان دەکات.
پەڕینەوەی ڕۆمان بەگشتی و ڕۆمانێک کە هەڵگری بابەتی ئەڤین بێت، مێژوویەکی کۆنی لە کوردستاندا نییە. ئەگەرچی فۆلکلۆری کوردی و ئەدەبی کلاسیکی کوردی لەم بارەوە زۆر دەوڵەمەند و بێپەردەیە و شاکارگەلی وەک خەسره و و شیرینی خانای قوبادی و مەم و زینی ئەحمەدی خانی، نوێنەرایەتیی ئەدەبی حەماسی و ڕۆمانسی کوردی دەکەن، لە سەردەمی تازەدا کۆمەڵگەی کوردی، هەڵبەت بە هێندێک جیاوازییەوە، لە شەڕی نەریت و نوێخوازیدا، هەڵگری کێشەگەلی زۆری کولتوری و کۆمەڵایەتی بووە و بووەتە کۆمەڵگەیەکی تەواو بەپارێز (conservative). لە سەردەمانی نەمانی ئەڤین و ڕاستگۆیی و بەڵێن و وەفادا، خوێندنەوەی نامەی سەروەری ڕەشبەختی ژیانفەوتاوی هومێددۆڕاو، کە بە هیوای پەڕجووی جووڵەی ڕەحمی نیان، پەردە لەسەر ناهومێدییەکانی خۆی لا دەدات و ڕازەکانی دەدرکێنێت، هەزار کێشەت بۆ دەخوڵقێت: کێشەی هەشتاکانی مەرگەساتی وڵات، کێشەی دەریادڵیی سەرداران و جوانئەندێشان، کێشەی هەنسک و سریشکی مریەم و بەڵقیسەکان، کێشەی هاوارە پەنگخواردووەکان و هتد. حەز دەکەی قەڵەمەکەی سەروەر هەڵگری و بەردەوام بی لە نووسینی نامەکەیدا. ناتەوێت باری قورسی نیان لە گەڕان بە شوێن وەڵامێکدا ئەزموون بکەی. سەردەمی گریانی بەڵقیس فڕی دەدەیە ناو دیرۆکی گێڕانەوە ئەڤیندارییەکانەوە. لەگەڵ خەسرەودا لەناو مێشەڵانێکەوە تەماشای لارولەنجەی جەستەی ئافرۆدیتانەی شیرین دەکەی. لەگەڵ گوڵمحەممەد هەست ڕادەگری و ترپەی دڵت دەسپێرییە دیمەنی مەلەوانیی شۆخە مەڕالێک کە گرەوی چالاکی لە هەموو کارمامزێک بردووەتەوە. لەگەڵ لێیون لەناو دارستانێکی دەرەوەی ڕوویێندا مادام بوڤاری لە ئامێز دەگری. لە سەمای بە ویقاری ئاننا کارێنینا و ڤرۆنسکیدا هەمدیسان بێوەفاییەکی تر ئەزموون دەکەی و بە خۆت دەڵێی ئاخر فەڕەنسە و ڕووسیای سەدەی نۆزدەهەم سەردەمی وەیس و ڕامین و لەیلا و مەجنوون نین تا ئەڤینێکی ڕۆمانتیکت پێشکەش کەن. زەمەن گۆڕاوە و ئێستا لە سەدەی بیستەمدا لە زەین و زمانی پیاوێکی هەناوڕەشدا خەونی زیندووبوونەوە دەبینرێت. هەر ئه و تایبەتمەندییە سەردەمیانەیە کە ئیتر چاوەڕوانیی ڕۆمانس نا، بەڵکو چاوەڕوانیی دەریای فرمێسکی دایکە بەڵقیست بۆ بە دیاری دێنێت.
لە نەبوونی هەستێکی وێکچوو لەگەڵ ئێما و ئاننای فلوبێر و تۆلستۆی ڕۆژاواییدا پەنا بۆ زینی مەمی ڕۆژهەڵاتی دەبەی. کە ناگیرسێیەوە پەنا بۆ دۆلسێنێیای هەرگیز نەبیندراوی دۆنکیخۆتێ لە سنوورەکانی دوو جەمسەرەکەی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات دەبەی. دەتەوێت لە دونیای پاڵەوانیی و جوامێریی سوارچاکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا تۆزێک بۆنی ڕۆمانس بکەی. دەتەوێت سەفەری دونیایەک بکەی کە کوڕەکانی ئێما و ئاننا هەتیو نەکەون و نە ئێما خۆی ژەهرخوارد بکا و نە ئاننا خۆی باوێتە بن قورسایی شەمەندەفەرێکەوە. دەتەوێت گوزارەی قیامەتی تاکبڕوایی و چارەڕەشیی ماڵباتە بێبەختەکان لە نەمانی ئێما و ئاننادا نەبینی. ناتەوێت دڵی بەردەدەردی مریەمە ڕەش چیتر بەڵقیس بگرێنێت. ناتەوێت قەڵاتی شارەکەت میواندارێکی مێهرەبانی سلێمانییە ئازادەکەت نەبێت.
تۆ کە هەموو ئەوانەت بوێت و نەوێت، حەز بە گێڕانەوەیەک دەکەی کە له و پەڕی جوانیناسیدا ناوەرۆک و شێواز تێکدا بتوێنییەوە. پێشینەی ئەم کارە لە هەر گێڕانەوەیەکی سەرکەوتوودا دەبینی. کاتێک مارکێز لە ئەڤین لە سەردەمی وەبادا زەمەنی کۆتاییهاتنی خۆشەویستیی فێرمینا دازا و فلۆرێنتینۆ ئاریزا بە وەسواسێکی زۆر وردەوە دەستنیشان دەکات و دەڵێت کە ڕێکەوتی ئەڤینی ئەو دوو کەسە دەگەڕێتەوە بۆ پەنجا و یەک ساڵ و نۆ مانگ و چوار ڕۆژ بەر لە ئێستا، بەر لە هەر شتێک سرنجی خوێنەر بۆ بەشێکی سەرەکی لە کەسایەتیی فلۆرێنتینۆ ڕادەکێشێت. ئەمە، لەڕاستیدا، زمانێکی شاعیرانەی ناڕاستەوخۆی بەهێزە بۆ گوزارەکردن لە گرنگیی ئەڤینی فلۆرێنتینۆ بە فێرمینا. ئەو شێوە دەربڕینە دیاریکراوە، بەبێ هیچ زێدەڕۆیی و زۆربڵەییەکی ئازاردەرانە، خوێنەر لە گرنگیی ئەم ئەڤینە بۆ فلۆرێنتینۆ ئاگادار دەکاتەوە. مارکێز دەیتوانی لە وەسف و پێداهەڵگوتنی ئەو ئەڤینەدا زۆری لەسەر ڕۆیبا، بەڵام نەیتوانیبا بە ئەندازەی ئەو زمەنە دەستنیشانکراوە کارتێکەریی لەسەر خوێنەر دانابوایە. ئاخر کاری نووسەری سەرکەوتوو بە پلەی یەکەم نیشاندانە نەک گوتن. ئەم زمانە شاعیرانەیە قوڵایی ناخی کەسایەتیی فلۆرێنتینۆمان بۆ دەردەخات و دەروونی دەردەدار و پڕ پەژارەی ئەومان نیشان دەدات کە سەرەڕای ئەو ماوە دوور و درێژە، تۆزی فەرامۆشی لەسەر ئەڤینەکەی نەنیشتووە. سادق هیدایەتیش لە بوومی کوێردا هەر هەمان تێکنیک دەکار دێنێت و زەمەنی تێپەڕبوو بەسەر دوادیداری خۆشەویستە ونبوو و لەدەستچووەکەی، لەوپەڕی وردبینیدا، بە مانگ و ڕۆژ دەستنیشان دەکات و دەڵێت سێ مانگ - نا - دوو مانگ و چوار ڕۆژ بوو کە شوێنپێی ئەوم ون کردبوو. بەمجۆرە خوێنەر تام و چێژێکی تایبەت لەم شێوە دەربڕینە وەردەگرێت و ئاستی کارتێکەریی دەروونیانەی دوادیداری لەسەر کابرای عاشق، زیاتر لا ڕوون دەبێتەوە.
جەبار جەمال غەریب بە ێڕانەوەیەکی شاعیرانەی سەردەمی گریانی بەڵقیس درێژەدەری ئەم نەریتەیە. سەردەمی گریانی بەڵقیس ڕۆمانێکە کە تێیدا ئەدەب و ئەڤین و نووسەر و وەرگر و کەسایەتی، بە یەکەوە تێکهەڵکێش دەکرێن و ئەڤین لە گێڕانەوەدا دەپشکوێت و له و دیو سنووری تەمەنەوە خۆشەویستی دەبێت بە مەرهەمی سارێژکەری تەنیایی و تێهەڵچوونەوەی چەندان بارە بۆ ژیان و چۆکپێدادانی نەهامەتییەکان. پەخشانی سەردەمی گریانی بەڵقیس پەخشانێکی شیعرئامێزە و ئەمەش ئیتر بووەتە بەشێکی جیانەبۆوە لە شێوازی نووسینی جەبار جەمال غەریب. بەڵام ئەم شێوازە تایبەتمەندییەک دەدات بە دەقی گێڕانەوەیی کە سەرەڕای ڕێئالیستبوونی، تۆنێکی حەماسی بەخۆیەوە دەگرێت و ئەمەش سەرەڕای ئاهەنگینبوون و لە دەم و دڵ خۆشهاتن، تاڕادەیەک لەگەڵ کارکردی زمان لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکاندا بێگانەیە. ئەم نامۆییە لە هێندێک شوێندا هێندە لە بەرگێکی باڵاپۆشانەی خوازەییدا دەخەمڵێندرێت کە تۆ هەست بە خوێندنەوەی غەزەلی نالییانە و سالمیانە دەکەی. ئەمە لە نیگای یەکەمدا ناتوانێ کێشەساز بێت و بگرە چێژێکی خەستیش بە خوێندنەوە دەبەخشێت. بەڵام کە قسە دێتە سەر ماڵاوایی ڕۆمان لە ڕۆمانس و هەر بەمجۆرەش کە باس دێتە سەر دونیای ناوەوەی زەینی کاراکتێرەکان و ژیانی پڕ لە چەرمەسەری و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هەزاران پرسی سەردەمییانە، ئیتر لایەنی شێوازناسییانە و ئاسۆی چاوەڕوانیی خوێنەر بە دڕدۆنگییەوە لە هێندێک بەشی دەقەکە دەڕوانێت و حەز ناکات ئەم کراسە بکاتە بەر ئەم جەستەیە.
دەکرێ لەسەر ئه و چەشنە ئەڤینە و هاومانابوونی لەگەڵ مەرگ زۆر قسە بکرێت. یەک لە لایەنە گرنگەکانی دونیای ڕۆمانەکان ئەوەیە کە مرۆڤ دەتوانێ بە شێوەیەکی بەرفراوان لەسەر ڕووداو و کەسایەتییەکان بدوێت و جیهانی ڕۆمانەکە وەک هێمایەک بۆ ژیانی ڕاستەقینە ببینێت و بێ ترس و دڵەڕاوکێ هەوڵی شیکردنەوەی هەموو بوارەکانی ژیانیان بدات. لە ژیانی ڕاستەقینەدا ئەستەمە مرۆڤ بتوانێت و بوێرێت و بۆی هەبێت ژیانی خەڵکانی تر ئاوا بە وردی هەڵسەنگێنێت. هەروەها ئه و زانیارییە هەمەلایەن و چەندڕەهەندییانەی کە مرۆڤ لەسەر کاراکتێرەکانی ڕۆمانەکان هەیەتی لە ژیانی ڕاستەقینەدا هەرگیز دەستی ناکەون. هەر لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت ئەڤینی سەروەر و نیان بکرێتە بنەمایەک بۆ لێدوانی هەمەچەشنە لە چەمکی ئەڤین و پەیوەندیی خۆشەویستی لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردیدا. ئایا ئەڤینی سەروەر و نیان ئاماژەیەک نییە بە کۆتایی ئەڤینگەلی لەم چەشنە؟ گەلۆ ناکرێ گریانی لە کۆتایینەهاتووی بەڵقیس شیوەنێک بێت بۆ مەرگی ئەڤینی مەرگاوی؟ بە واتایەکی تر ئایا ناکرێت بڵێین ئەم گێڕانەوەیە و بەتایبەت بەشە حەماسییەکانی، جاڕی کۆتاییهاتنی ئەزموونکردنی ئەمجۆرە ئەڤینە بێت؟
پەیوەندیی نیان و سەروەر و هەڵسوکەوتی بنەماڵەکانیان ماتریالێکی بێوێنەن بۆ خستنە بەرباسی پەیوەندیی خۆشەویستی لە کوردستان. ئەم ڕۆمانە بە شێوەیەکی مەجازی دەرفەتێکی زێڕینمان بۆ دەڕەخسێنێت کە بوێرین پرسیارگەلێک ئاراستەی خۆمان و کۆمەڵگەکەمان بکەین کە لە هەلومەرجی ئاساییدا بۆمان نالوێت. بۆ نموونە ئێمە دەتوانین سەرتاپای ئەم پەیوەندییە ببەینە ژێر پرسیار و بڵێین گەلۆ ئەگەر ئەم خوێندکارانە دەرفەتی بەزاندنی هێڵە سوورەکانی کۆمەڵایەتییان هەبوایە، تراژدێدیای نەمانی سەروەر و نیان ڕووی دەدا؟
ئێمە لە ڕازی خۆشەویستیی سەروەر و نیان باش تێناگەین. نازانین، لە دەرەوەی ویستی گێڕەوە بۆ وێناکردنی ئەڤینێکی ئاوا قوڵ، چ هۆکارگەڵێک ئاوا کاریان کردووەتە سەر نیان کە تا ئه و ڕادەیە سەروەری خۆش بوێت؟ ئایا ئەمە تەنیا ویستی هەبوونی پیاوێکە کە دەربەست هی تۆ بێت و بۆت بمرێت؟ باشە ئەگەر سەروەر دەرەتانی ئەوەی نەبێت کە بتوانێت ببێتە خۆشەویستی کچێکی تر، خۆ ئەم ئەڤینە زۆر هەڵقوڵاوی ئیرادەی ئه و نییە. مرۆڤ دەتوانێ تێبگات کە سەروەر ڕاست دەکات و دەیەوێت بەڕاستی بۆ نیان بمرێت، بەڵام خۆ نیان دەتوانێ بژاردەی تری هەبێت. ئه و جوانە، دەوڵەمەندە، خوێندەوارە و کەسێکی سیاسی و ئایدۆلۆژیکیش نییە کە بە ئەنگێزەی باوەڕ و بیر سەروەری خۆش بوێت.
کەسایەتیی سەروەر و ڕەوتی گەشە و پێشوەچوونی ئه و هەمدیسان هەڵگری کۆمەڵێک پرسیارە. ئێمە دەزانین ئه و دوای ڕووداوە ئەتککەرانەکەی سینەماکە تووشی چ تێکشکانێکی گەورە دێت. دەزانین ئه و زۆر ناحەزە و دەموچاوێکی ناڕێک و پڕ لە چاڵوچۆڵی و کونجی هەیە. دەشزانین زۆر کتێب دەخوێنێتەوە و گۆشەگیره. ئەڤینی نیان بۆ ئه و وەک ڕووداوێکی لەناکاوە و وەک ئەوەی لۆتۆی بۆ دەرچووبێت و دەستێکی عادیلانەی سروشتی یان لەوانەیە بانسروشتی قەرەبووی هەموو نەهامەتییەکانی بۆ بکاتەوە. ئێمە هەرگیز باش تێناگەین ئه و کارەساتەی بە مناڵی لە سینەماکەدا بەسەری هات چەندە لە ژیانی ئێستایدا کاریگەرە و جگە لە وێناکردنی ڕەشی جیهان لە نامەکانیدا، نیشانەی تری بەرچاو لە کەسایەتیی ئه و نابینین. باش تێناگەین بۆ لەگەڵ سەردار هاوڕێیە و نازانین خاوەنی چ بیروباوەڕێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەلسەفییە. لە خوێندنەوەی سەردەمی گریانی بەڵقیسدا خوێنەر هێندێکجار هەست بە ونبوونی سیمبۆلەکان دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە گێڕانەوەی عاشقانەدا سیمبۆلەکان دەبن بە بەشێکی بەرچاو لە پێکهاتەی گێڕانەوەکە. کاتێک ئاننا کارێنینا لە مۆسکۆڕا دەگەڕێتەوە لە شەمەندەفەرەکەدا خەریکی خوێندنەوەی کتێبێکە. کتێب لێرەدا دەتوانێ سیمبۆلێکی بەرچاو بێت لە ناساندنی ئاننادا. خودی شەمەندەفەر و دەرکەوتنی چەندین جارەی لە زەینی ئەودا خۆشکردنی زەمینەیە بۆ دوا بڕیاری ئه و و خۆکوشتنەکەی و خۆ هاویشتنە بەر شەمەندەفەرێک. لە مادام بوڤاریشدا سروشت و ڕووتبوونەوە واها هاوتەریب باس دەکرێن کە بێوەفاییەکانی مادام بوڤاری زۆر زەق دەبنەوە و چاکتر خۆیان دەردەخەن. لە ئەڤین لە سەردەمی وەبادا ئیتر کارکردی سیمۆلەکان دەکاتە لوتکە. باڵندە، گوڵی سوور و سپی و ئاو و وەبا واها تێکەڵاوی خۆشەویستی و ئەڤینداری دەبن کە مرۆڤ لە خوێندنەوەیان سەرمەست دەبێت. هەم فلۆرێنتینۆ و هەم فێرمینا لە کاتی عاشقبوونیاندا هەست دەکرێت کە تووشی نەخۆشی وەبا بوونە. مەرگ و ترس لە پیربوون بە بەردەوامی لە گوێی کاراکتێرەکاندا دەزرینگێتەوە. هەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا هاوڕێیەکی نزیکی دکتۆر ئورنیۆ بەر لەوەی تەمەنی بگاتە شێست ساڵ، خۆی دەکوژێت. هۆکاری خۆکوشتنەکەشی تەنیا و تەنیا ترس لە پیربوون بووە. مارکێز بەم کارەی، دەرگای کۆمەڵێک باسی فەلسەفی و هەستیناسانە لەسەر خوێنەر دەکاتەوە.
وێکچووییەکانی ئەم ڕۆمانە لەگەل ئەڤین لە سەردەمی وەبادا، جۆرێک لە تێکهەڵکێشانی نێواندەقییانە دەدات بە سەردەمی گریانی بەڵقیس. مریەمە ڕەش و ترانزیتۆی دایکی فلۆرێنتینۆ زۆر وێک دەچن. ئەگەر مێردەکەی مریەم بەدەست پیاوانی ڕژێم کوژراوە، ترانزیتۆ هەرگیز مێردی نەبووە و کوڕەکەی ئەنجامی پەیوەندییەکی ئه و و دۆستە کوڕێکی بووە کە هەرگیز دان بە باببوونی خۆیدا نانێت و دواجار فلۆرێنتینۆ بە هەتیوی لەلای دایکی گەورە دەبێت.
باس لە سێکس و و دیمەنگەلی جووتبوون لەم ڕۆمانەدا زۆر ڕەچەشکێنانەیە. بۆ نموونە کاتێک میدیا باسی ژوانێکی خۆی لەگەڵ سەردار بۆ پەریخان و نیان دەگێڕێتەوە، گێڕانەوەکە تا ئاستێکی بەرزی جوانیناسانەی پڕهەست بەرز دەبێتەوە و ڕیتمی لێدانی دڵی بەردەنگەکان دەگەیەنێتە گوێی خوێنەر و بەشداری گێڕانەوەکەی دەکات. ئاماژە بە هەستگەلی سێکسی، هێندێکجار تەنانەت لە سنووری پەیوەندییەکانی ژن و پیاو دەردەچێت و خۆ لە قەرەی چێژوەرگرتنی کچانیش لە یەکتر دەدات. بۆ نموونە پەریخان بە میدیا دەڵێت کە ئه و لەگەڵ کچە بەسراوییەکە، هەدیل، برادەرییەتی هەیە و چێژ لێک وەردەگرن و لێو و مەمکی یەکتر دەگەزن. لە کۆمەڵگەیەکی داخراوی وەک کۆمەڵگەی کوردیدا ئەمە بوێرێکی زۆری دەوێت و ڕەهەندێکی زۆر ڕێئالیستییانە بە گێڕانەوە دەدات و تابووەکان دەشکێنێت. لە کولتوری فۆلکلۆریک و لادێیانەی کوردیدا باسکردن لە لەش و لاری ژنان شتێکی زۆر ئاسایی بووە، بەڵام لە سەردەمی نوێدا هەست دەکەی پێچەوانەی ئەم دیاردەیە ڕاستە و قسەکردن لە حەز و سێکس بووەتە تابوو. لەم ڕۆمانەدا نموونەیەکی زۆر جوانی حەز و خۆشەویستی دەبینین و دەبیسین کە دەکرێ کارکردی کۆمەڵایەتییان زۆر بە ئەرێنی بشکێتەوە و ئیتر کوڕان و کچانی کورد پێویست نەبێ بۆ چێژوەرگرتن لە جوانیی دەقێکی ڕۆمانییانەی مەیله و ئێرۆتیک، تەنیا پەنایان بەرهەمگەلی وەک پێکەنین و فەرامۆشیی میلان کۆندێرا بێت.
شوێن و زەمەن
شوێن و زەمەنی سەردەمی بەڵقیس دەتوانێ هەڵگری باسوخواستی زۆر چێژبەخش و فێرکەرانە بێت. سەردەمی گریانی بەڵقیس ڕۆمانی شارە. ڕۆمان و شار پەیوەندییەکی نەپچڕاویان بە یەکەوە هەیە. ڕۆمان لە شاردا سەر هەڵدەدات و ئەگەر باسی گوندیش بکات بە نەفەسێکی شارییانەوە دەدوێت و وەک ئه و مرۆڤە شارییە وایە کە سەردانی لادێ دەکات و شتەکان بە چاویلکەی شارەوە دەبینێت. لە بەرهەمی زۆر ڕۆماننووسدا ئەم پەیوەندییە، دیمەنی شار و ڕۆحی کاراکتێرەکان تێکهەڵکێشی یەکتر دەکات. جەیمس جۆیسی ئیرلەندی، چارلز دیکێنزی ئینگلیسی، مۆندیانۆی فەڕەنسی، پامۆکی تورکیایی، ئەحمەد مەحمودی ئێرانی و نەجیب مەحفوزی میسری، نموونەی سەرکەوتووی تێکهەڵکێشانی کەسایەتی و شارن. لە ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرانەدا شەقامەکانی دابلین، مەنچێستر، لەندەن، پاریس، ئیستامبول، ئەهواز و قاهیرە بە جوانی وێنا دەکرێن و خوێنەر بە کۆڵانەکانی ئەم شارانەدا شۆڕ دەبێتەوە و چاو دەبڕێتە دیمەنەکانی شار و مرۆڤ و بازاڕەکان و لەخۆنامۆبوونی (Alienation) مرۆڤەکان هەست پێدەکات.
جەبار جەماڵ غەریب بەم بەرهەمەی هەنگاوێکی گرنگی بۆ ناساندنی هەنگاوی کاراکتێرەکانی لە سێ شاری هەولێر، سلێمانی و بەغدادا هەڵێناوەتەوە. ئیتر سەیداوای هەولێر و بازاڕی سلێمانی و کنارەکانی دیجلە لە بەغدا بوونەتە بەشێکی جیانەکراوە لە ژیانی مرۆڤەکانی سەردەمی گریانی بەڵقیس. شوێن بووەتە بەشێک لە ناسنامەی مرۆڤەکانی ئەم ڕۆمانە و ئەستەمە بەبێ شوێن وێنا بکرێن. دەرکەوتنی بەغدا وەک ئه و شوێنەی کە ئەڤین و مەرگ بە جووتە قوت دەبنەوە، هەڵگری هێما و هۆکاری زۆرە بۆ لێوردبوونەوە و تێڕامان لە قەدەری تاکی کورد و هەڵوەدایی و دۆشداماویی لە شارێکدا کە لەڕاستیدا شاری ئه و نییە. سەردار و نیان سەروەرەکان نازانن بۆ دەبێ هەڵگری تراژێدیای نامۆیی لە کۆڵانگەلێکدا بن کە دواجار هی ئەوان نییە و تەنانەت لە هۆتێلەکانیشدا ئارامییان لێ زەوت دەکرێت و لە بەلەمەکانی ناو بێشەزارەکانی دیجلەشدا جێگایان نابێتەوە.
شوێن لەم ڕۆمانەدا تایبەتمەندییەکی سیمبۆلیکی بەرچاوی هەیە و لەنێوان سێگۆشەیەکدا، هەولێر، سلێمانی و بەغدا، لە هاتوچۆدایەا. تۆ بڵێی ژیرانە نەبێت جیاوازییە شاری و و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم دوو شارە کە تەنانەت ئێستاش دوای نزیکەی سێ دەیە دەسەڵاتی کوردییش، کەمی نەکردووە و بگرە زیاتریش بووە، لە بەسەرهاتی دوو بنەماڵەی مەحمودی شیوعی و کەمالی بەزازدا نەبینین؟ ڵەڕاستیدا، هەناسەساردیی مریەمە ڕەش و شکۆی تێکشکاوی بەڵقیس پەنجەرەیەکە کە لەسەر دوو زەینییەتی جیاوازی مرۆڤی کورد لە جۆغرافیایەکی نزیک، بەڵام بە یەکتر نامۆدا، کراوەتەوە. گۆشەی سێهەمی سێگۆشەی شوێنیانەی ئەم ڕۆمانە هەڵگری دەیان گوزارەی مێژوویی و ناسنامەیی و کۆمەڵایەتییە. لەلایەکەوە گەنجانی شارە کوردییەکان لە بەغدا فێری زانست و زمان دەبن و وێرە ئه و شوێنەیە کە دەوڵەت نەتەوەی عیراقی مەکینە زانستییەکەی وەگەڕ خستووە و تێکنۆکراتانی خۆی پەروەردە دەکات. لێرە مێدیا و پەریخان و نیان و سەردار و سەروەر دەبینین و ئاسۆی زەینیان لە قەوارەی شارەوە دەبێت بە قەوارەی وڵات. بەڵام هەر لێرەشدایە کە پیاوانی کورد هاوکردە و هاودەنگی پیاوانی ئەمنیی عیراقی، پلانی کوشتنی کوڕان و کچانی ئەڤینداری کورد دەکێشن و لە ژیان بێبەرییان دەکەن. بەغدای زانست و مێژوویی دەبێت بە شوێنی دیلکردن و مراندنی کچ و کوڕی کورد و هەڵبەت بە هاوکاری و هاویاریی خودی کورد. فەرهەنگی کەنارەکانی دیجلە و کوڕە ڕەشهەڵگەڕاوەکانی بەلەمەکان و کردەوە شارییەکانی جەدۆی باپیرە، لەگەڵ تانکیی و سەیداوای هەولێر و ئه و سینەما لەعنەتییەی سەروەری تێدا ئەتک کرا، جیاوازن. لێرە هەست دەکەی دیاردە نوێیەکان و مۆدێرنیزم نیشانەی مەرگن و وئەگەر قەرارە ئاگاییەکیشت بدەنێ ئەوە هەمان ئه و ئاگاییەیە کە کاتی خۆی هێگێل ناوی نا ئاگایی ناشاد. ڕەنگە ڕۆمانی کوردی هەتا ناساندنی وردی ژیانی شار مەودایەکی زۆری مابێت. ئەم کارەی جەبار جەمال غەریب و ڕۆمانی لابرینتی جینانی حەسەنێ مەتێ هەنگاوی شیاوی سەرەتایی و ڕێخۆشکەرن بۆ ئەم ئەرکە.
زەمەنیش لەم ڕۆمانەدا حەدیسی تایبەتیی خۆی هەیە. دەیەی شێست دەیەی لەدایکبوونی کاراکتێرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکەیە و دەیەی هەشتاش سەردەمی ئەڤینداری و جموجۆڵی کۆمەڵایەتی و زانستییانە. دەیەی شێست وەک دەزانین دەیەی بیچمگرتنی کۆماری عیراقە و خەباتی کوردانیش هەر لەم دەیەیەدا بەربڵاو دەبێتەوە و کار دەکاتە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کورد. دەیەی هەشتاش کە هەم کارتێکەریی بڕیاردەری لەسەر کۆمەڵگەی عیراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی هەیە. لەم گێڕانەوەیەدا خوێنەر بەڕادەی پێویست هەست بە ڕەنگ و دەنگی زەمینە و بەستێنی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناکات. تۆ جگە لە ناوبردنێکی جاروبارەی شیوعییەکان و خەباتیان بۆ یەکسانی، نیشانەیەک لە خەباتی کوردان بۆ ڕزگاری نابینی. مەحمودی باوکی سەروەر شیوعییە و لەم پێناوەدا سەری دەنێتەوە. سەرداری خوێندکاریش کە تەمەنێکی دوور و درێژی ژیان لە ئوروپا ناتوانێ سمێڵە ستالینییەکەی پێ بتاشێت، هەر شیوعییە و کەسێک نییە لە مەیدانی سیاسەتدا باس و خواستێکی لەگەڵ بکات.
لەڕاستیدا ڕووداوگەلی ڕۆمان هەمیشە لەسەر بەستێنێکی دیاری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا جووڵە دەکەن. گێڕانەوەی ڕۆمانییانە وەک نیگارێک وایە کە سەرەڕای چەندڕەنگبوونی، دواجارڕەنگەکانی لەسەر زەمینەیەکی دیار خۆیان دەردەخەن. ئێمە هەست بە ئەوە دەکەین کە خوێندکارەکانی زانکۆ لە فەزایەکی دیکتاتۆرییانەدا دەژین و هەڵسوکەوتەکانیان لەژێر چاوەدێری وردی پیاوانی ڕژێمدایە. بەڵام فەزای ژینگەی سیاسیی خوێندکارە کوردەکان زۆر ڕوون نییە. ئەمە کاتێ زیاتر زەق دەبێتەوە کە خوێنەری ڕۆمانەکە غەیرە کوردێک بێت و ڕاستەوخۆ ڕووداوەکان نەیبەنەوە سەر پێشزەمینەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەم کەسایەتییانە. ئەمە بۆ جیلی تازەی خوێنەری کوردیش هەروایە و بە شێوەیەکی ئوتوماتیکی ناتوانێ فەزای شێستەکان و هەشتاکان لە زەینی خۆیدا وێنا بکات ئەگەر نیشانه و ئاماژەی پێویست لە دەقەکەدا نەبن.
$شوێنپێیی جێندەر$
لەم ڕۆمانەدا کەرەسەی زۆر بۆ لێکدانەوەی جێندەریانە لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە و پێکهاتەی پیاوسالارانەی کۆمەڵگەی کوردی بەتەواوی خۆی دەردەخات. هەڵسەنگاندن و بەراوردی ڕۆڵی نیان و مەحمودی برای، مریەم و مێردەکەی و هەر بەمجۆرەش بەڵقیس و کەمالی مێردی، دەتوانێت یارمەتیدەری تێگەیشتنی باشتری ئێمە لە کارکردی نامووس و ژنایەتی و پیاوەتی لە کۆمەڵگەی کوردیدا بێت. لەنێوان بەڵقیسی ئەم ڕۆمانە و بڵقیسی ڕۆمانی بەناوبانگی مەحمودی دەوڵەتئابادیی ئێرانی، کەلیدەردا زۆر وێکچوویی هەن. ئەگەرچی دوورودرێژیی کەلیدەر و سەردەم و شوێن جۆرێک لە دایکایەتییەکی قارەمانانە و پڕ لە بوێری دەدات بە بڵقیسی دایکی سێ کوڕ و کچێک، بەڵقیسی ڕۆمانەکەی جەبار جەماڵ غەریب کە ئەویش هەر خاوەنی کچێک بەڵام پێنج کوڕە، هەڵگری هێندێک تایبەتمەندیی هاوبەشن. هەر دووکیان دەستڕۆیشتوو و ژنی بەدەستەڵاتی ماڵباتی خۆیانن و تاڕادەیەک قسەیان دەڕوات، بەڵام ئەوەی دواجار ڕۆڵی بڕیاردەر لە خێزان و کۆمەڵگەدا دەبینێت، بەس پیاوە.
$شێوازی نامەیی و لایەنی سێهەمی پەیوەندیی ئەڤیندارانە$
نامەنووسین و پەیوەندیگرتن لەڕێگەی نامەوە پێشینەیەکی کۆنی لە مێژووی ڕۆماندا هەیە. سەردەمانێک جۆرێک لە ڕۆمان وەک ڕۆمانی نامەیی ناوبانگی دەرکرد (Epistolary novel) و تێیدا کاراکتێرەکان لە ڕێگای گۆڕینەوەی نامەوە بیر و بۆچوونەکانی خۆیان دەردەبڕی. یەک لە پێشەنگانی زۆر ناسراوی ئەمجۆرە لە ڕۆمان سامووئێل ڕیچاردسۆنە کە لە ڕۆمانگەلی پامێلا و کلاریسادا کاراکتێرەکان لە ڕێگەی نامەوە لەگەل یەکتر پەیوەندی دەگرن. ئەم شێوازە دواتریش و هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆش هەر بەردەوام بووە و لە هێندێک ڕۆمانی نوێدا پەیامگەلی تەلەفۆنی و ئێسئێمئێسی و ئیمەیل جێگای نامەیان گرتووەتەوە. لە سەردەمی گریانی بەڵقیسدا نامەکانی سەروەر و سەردار شوێنپێیەکی تایبەتییان هەیە. بەداخەوە کچانی ڕۆمانەکە لەم بارەوە بێدەنگن و ئێمە چ نامەیەکیان لێ نابینین. وێکچووییەک لەنێوان سەردەمی گریانی بەڵقیس و ئەڤین لە سەردەمی وەبادا، تا ئه و چێگایەی دەگەڕێتەوە سەر نامەنووسین دەبیندرێت. ئەم وێکچووییە نەبووەتە هۆی لاساییکردنەوەیەکی دەستکردییانە و نامەکانی سەروەر نزیکایەتییەکی تەواویان لەگەڵ کەسایەتی ئەودا هەیە و پێداویستیی کەڵکوەرگرتن لەم شێوازی پەیوەندییە خاوەنی ڕەسەنایەتییەکی بەرچاو و پاساوهەڵگرە.
گێڕانەوەی ئەڤینداری، وەک سروشتی پێکهاتەییانەی خۆی، زۆرجار کەڵک لە کەس یان کەسانێک لە دەرەوەی پەیوەندییە دوو جەمسەرییەکەی خۆشەویستی، واتا عاشق و مەعشوق، وەردەگرێت و ڕەوتی گێڕانەوەکە بە هاتنی کەس یا کەسانێکی تر بۆ جغزی پەیوەندییەکە ئاڵۆزتر دەکات. ئەگەر لە ئاننا کارێنینا، مادام بوڤاری و ئەڤین لە سەردەمی وەبادا ژنەکان هەر یەکەی بەجۆرێک یەکەم یاری خۆیان بەجێ دێڵن، ئەوە لە سەردەمی گریانی بەڵقیسدا بەجێهێشتنێک لەگۆڕێدا نییە و کەسێکی وەک سەردار هەر لە سەرەتاوە ئەڤینی فیدای سیاسەت کردووە و هەرگیز خۆی بە پیاوی شیاوی خۆشەویستی و وەفاداری دانەناوە. دواتریش سەروەر و نیان هەر مۆڵەتیان پێنادرێت بایی ئەوەندە بژین کە کەسێکی تر بێتە ناو هاوکێشەی ژیانیان و بالانسی ئەڤیندارییان بشێوێنێت.
$کۆتاییەکی شیاو$
چارەنووسی نیان و سەروەر و شێوەی کۆتاییپێهێنانی ڕۆمانەکە زۆر سەرکەوتوانە وێنا کراوە. لەڕاستیدا ئەگەر دەسپێکی ڕۆمان بۆ نووسەرەکەی کارێکی قورس بێت، ئەوە کۆتاییپێهێنانەکەی ئەستەمترین و گەورەترین ئالنگاری و تاقیکردنەوەیە بۆ ئاستی سەرکەوتوویی گێڕانەوەیەک. خاڵێکی سەرکەوتووی سەردەمی گریانی بەڵقیس لەباری تێکنیکییەوە کارکردی وەستایانەی هەڵواسین (suspension) و هێشتنەوەی خوێنەرە لە چاوەڕوانیی بەردەوامدا. هەر لەسەرتاوە کە مەحمودی برای نیان شوێنپێیی بەڵقیسی هەڵگرتووە و بەدزییەوە دوای کەوتووە و لە ماڵی مریەمە ڕەش بەخۆی و چەکەکەیەوە هەڕەشەی کوشتن دەکات، مرۆڤ نیگەرانی قەومانی ڕووداوێکە. خوێنەر سەمپاتیی لەگەڵ دوو ئەڤینداری بەستەزماندا هەیە و هەست بە مەترسی لەسەر ژیانیان دەکات. هەڕەشە و گوڕەشەی هەموو ئەندامانی بنەماڵەی نیان و هاوکارییان تەنانەت لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمنیی حکومەت لە بەغدا بۆ دۆزینەوەی شوێنی مانەوەی نیان و سەروەر، ئاستی مەترسی لەم دوو مرۆڤە بێگوناهە زیاتر و زیاتر دەکات. هەوڵەکانی سەردار بۆ ڕزگاریی هاوڕێکانی، نیگەرانییەکانی بەڵقیس و مەریەمە ڕەش، بەبەردەوامی زەنگی مەترسییەکە لێدەدەنەوە. تەلەفۆنە بەردەوامەکان بۆ ژوورەکەی نیان و سەروەر و بێدەنگی و بێوەڵامییەکی کوشەندە، قسە و باسی شەوی پێشتری سەروەر و نیان لەمەڕ خۆکوشتن، شووشە ژەهرەکەی سەر مێزەکە و دواتر شکاندنی دەرگا و نەدۆزینەوەیان لە ژوورەکەدا خوێنەر تووشی هەناسەبڕکێ دەکەن و پێششەرتی بەردەوامیی لە خوێندنەوە بە چێژێکی زۆرەوە دەستەبەر دەکەن. بەشداریی چالاکانەی خوێنەر دە ڕەوتی ڕووداوەکاندا یارمەتیدەر نابێت بۆ هەڵدان و کردنەوەی کەلافی ئاڵۆزبووی ڕووداوەکان و پێشبینییەکان دروست دەرناچن. هەمدیسان دوای خوێندنەوەی نامەکەی سەروەر و گوتنی ئەوەیکە خۆیان لە دیجلە داوێن، گەڕێکی تر بە چاەڕوانییەکان دەبەخشرێتەوە. هەموو هوروژم دەبەن بۆ کەناری دیجلە و سەرپردەکان و هەمدیسان مانگێک دەگوزەرێت و هەواڵێک و شوێنپێیەک لە عاشقەکانی ئێمە نییە. دواجار کەس نازانێت ئەم دوو مرۆڤە عاشقە چیان لێدێت. لە ئێوارەی پەروانەی بەختیار عەلیدا ئێمە شاهیدی بەردەباران و کوشتنی پەروانە و مێدیاین و خەمبار دەبین. لە گرەوی بەختی هەڵاڵەی عەتا نەهاییدا هەڵالەی پێکراو بە خەنجەری تۆڵەی باوان لەسەر تەختی خەستەخانە لەگەڵ مردن دەجەنگێت و خوێنەر لە مردنی خۆی دڵنیا ناکاتەوە. سەردەمی گریانی بەڵقیسیش ناتوانێ بەهانەی گریان بنەبڕ بکات و پێمان بڵێت فەرموون ئەمەش مەیتی ئەم دوو عاشقە و ئیتر تێر بگرین و دوای ماوەیەک فەرامۆشیان بکەن. نا! ئێستا هەموو براکانی نیان دیار نەماون، مریەمە ڕەش بیست ساڵ دەبێت مردووە. سەردار بەخۆی و بە سمێلەکەیەوە لە دەرەوە گەڕاوەتەوە. بەڵقیس هێشتا دەگری و دەڵێت ئەوانەی من هەموویان چوون، تەنها ئه و کچەم ماوە. ئەمەش کۆتاییەکی سیمبۆلیکە کە وەک دوا ڕستەی ڕۆمانەکە بەردەوام لە گوێی خوێنەردا دەزرینگێتەوە. بەم کارەش گێڕەوەی سەردەمی گریانی بەڵقیس، تراژێدیای مەرگی هەزاران کوڕ و کچی ئەم وڵاتەی بۆ هەمیشە زیندوو ڕاگرتووە و بەڵقیسی کردووەتە نوێنەری ویژدانی نوستووی کۆمەڵگەیەک کە هێشتا فێری باوەشگرتنەوە بۆ عاشقەکانی نەبووە.
با لە کۆتاییدا هیواخواز بم بە گەشەی زیاتری ڕۆمانی کوردی و ماندوونەبوونی لە جەبار جەمال غەریب بکەم و تۆیش خوێنەری ئازیز، ئەگەر حەزت لە گێڕانەوەیەکی زەریفی پڕهەستی ئەڤینێکی تراژێدییانەی کوڕ و کچێکی ناکام و هەناسەساردی کوردە، نابێ کات بەفیڕۆ بدەی و ئەم کتێبە نەخوێنییەوە. خوێندنەوەیەکی خۆش و ڕۆژگارێکی گەش! [1]